ئەیلول 28, 2020

مرۆڤ و کامێرا پێوەندییەکی قسەهەڵگر

سالار عوسمان

 

بەشی شەشەم

 

وەرگرەکان جیاوازن
لە پێوەندیی قسەھەڵگریی نێوان کامێرا و سیاسەت، دەبێ ھەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت، کە کامێرا بەرھەمی سەردەمی نوێیە، سەردەمی نوێیش بریتیە لە سەردەمی جیاوازییەکان، گریمان ئەگەر کامێرایەک نەیەوێت جیاوازییەکان بگوازێتەوە و بیەوێت تەنیا فۆکس بخاتە سەر ڕەنگێک، ئەوا کامێراکەیتر دەتوانێ ھەموو ڕەنگەکانیتر بگوازێتەوە و ئیتر جگە لە شرۆڤەی خودی کامێراکە خۆی، وەرگرەکانیش دەتوانن نەک ھەر جیاوازییەکان ببینن، بەڵکو شرۆڤە و لێکدانەوەی ووردیش بۆ نیازمەندیی ھەردوو کامێراکە بکەن، ئەوەی کە جیاوازییەکان دەگوازێتەوە و ئەوەیش کە تەنیا یەک ڕەنگ دەگوازێتەوە !..
ئێستا، بەرلەوەی باسی چەمکی (وەرگرە جیاوازەکان) بکەین، ناچار دەبێ، ئەگەر بە کورتییش بێت، باسی دوو بابەتی تر بکەین، کە بە بڕوای بەندە زۆر گرنگن:

یەکەم - شرۆڤەی کامێرا
ئەم چەمکە (شرۆڤەی کامێرا)، سینەماکار و دەرھێنەر و کامێرامانەکان پتر و باشتر لە سیاسییەکان لێی تێدەگەن، بە کورتی کامێرا شرۆڤەی تایبەت بە خۆی ھەیە، دیارە کە دەڵێین کامێرا، لێرە مەبەستمان کامێرامانە، چونکە خودی کامێرا بێلایەنە و ئەوە کامێرامانە، کە لایەنداریی، نیازمەندیی، شرۆڤە و لێکدانەوە بە کامێرا دەبەخشێت!. کەواتە دەبێ چەمکەکە بگۆڕین بە شرۆڤەی کامێرامان، چونکە کامێرا ھەموو ڕەنگەکان بە ھی خۆی دەزانێت و ئەوە کامێرامانە ڕەنگێک تەفزیڵ دەکات بەسەر ڕەنگێکیتردا و گۆشەیەک نیشان دەدات و گۆشەیەکیتر وون و مەبەست و ئارمانجیشی ھەیە لەمەدا، مەبەستەکەیش بریتیە لە خودی شرۆڤەکە، کە ھەڵگری مانا و دەلالەتی سیاسیی و ھزریی و کلتوورییە و پوختر بڵێین: شرۆڤەی کامێرا واتە گەیاندنی پەیامی کامێرامان!..

دووەم- شرۆڤەی وەرگرەکان
ئەگەر کامێرامان بشیەوێت، وێنەیەک بکاتە نەمبەر وەن و وێنەیەک تاریک بکات، وەرگرەکان ھێندە بێ دەسەڵات نین و لەو لایەندارییە و نیازەکانی ئەو لایەندارییە تێدەگەن، بۆیە وەرگرەکان شرۆڤەی تایبەت بەخۆیان ھەیە و بۆ ھەر وێنە، ھەوڵ و ڕوماڵێک، کە کامێرا بەرھەمی دەھێنێت، شرۆڤە و لێکدانەوەیان ھەیە.
وەرگرەکانی ئەمڕۆ دەسەڵاتیان ھەیە، دەسەڵاتی ئاگایی، دەسەڵاتی گەڕان، دەسەڵاتی مەعریفی و خولیای وازنەھێنان تا گەیشتن بە ڕاستی!..

وەرگری جیاواز، سیاسەتمەداری جیاوازبین
سیاسەتمەدار دەبێ ئەوە بزانێت، کە وەرگرەکانی یەک ڕا نین، خاوەن یەک بۆچوون و یەک لێکدانەوە نین، بۆیە کە قسە دەکات دەبێ ھەمووان کۆبکاتەوە، کەواتە سیاسەتمەدار دەبێ خاوەنی ئەو قودرەتە بێت، کە ڕایەک بڵێ و ھەموو ڕاکان گوێی بۆ بگرن. ئەم قودرەتەیش بەوە دەکرێت، کە سیاسەتمەدار جیاوازبین بێت، کەواتە لە سەردەمی وەرگری جیاوازدا، کە ھەر وەرگرێک ڕەنگ و ڕیتم و ڕایەکە، دەبێ سیاسەتمەدار ھەم جیاوازبین بێت و ھەمیش قودرەتی گەنگەشەی جیاوازییەکانی ھەبێت، بێ گەنگەشە، بێ گوێگرتن لەیەکتر، ناتوانین گفتوگۆ بکەین و جیاوازییەکان لە تەنیشت یەکتر دابنێین، ناتوانین یەکتر ببینین، ناتوانین ئیماندار و مولحیدێک بە ئینسان بزانین و دواجار ھەموومان لە ماڵەکانی خۆمان بە ئارامی بخەوین!..
گرنگە باسی خەوتن بکەین، نا دوور ناکەوینەوە لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، ئەوە نەبینینی جیاوازییەکانە، ئەوە دەرک نەکردنە بە ڕۆڵی کامێرا لە سەردەمی نوێدا، ئەوە نەگواستنەوەی ڕەش و سپییە لەیەک زومدا، وای لە براکان کردووە بەرببنە گیانی یەکتر و چڕنووک لە ڕووخساری یەکتر گیر بکەن، ئەھا ڕووخساری مرۆڤایەتی چ پڕ چڕنووک و چ پڕ خوێن و چ پڕ شەرمەزارییە، بۆیە تا ئیمان و ئیلحاد، راست و چەپ، کامێرا و وێنە بەیەکەوە نەسازێن و گفتوگۆ نەکەن، ئێمە ئارام ناخەوین، ئارامیی مرۆڤایەتی لە سازان و گفتوگۆ و یەکترقبوڵکردن و لێبووردەییەوە سەرچاوە دەگرێت، کەواتە سیاسەتمەدار، کە حوکمی ئەوانیتر دەکات، ئەوانیتر کە پڕن لە جیاوازی، دەبێ جیاواز بین بێت و بەکامێرامانەکانیش بڵێت: تکایە تەنیا فۆکس مەخەنە سەر بەشێکی دیمەنەکە، تەواوی دیمەنەکە بگوازنەوە!

© 2017 Hawler