ئەیلول 28, 2020

یەکتا ئۆزنۆگلو

هاوینی ١٩٧٢، کاتێک بەشی پزیشکیم لە زانکۆ ته‌واوکرد، ڕۆشتینە پراگ و لە زانکۆی بفییریک نیشتەجێ بووین. لە قوتابخانەکانی تورکیا پێیان دەوتین بیرۆکەی سۆسیالیزم و ژیانی ڕۆژئاوا ترسناکە. بەڵام تا لە زانکۆ بووم هەستم نەکرد، چونکە لە بەشی ناوخۆیی دەژیاین. نەشمدەزانی کاتێک ماوەی نیشتەجێ بوونم تەواو دەبێ چۆن پاسپۆرتەکەم تازە بکەمەوە؟ نەمدەتوانی بچمە باڵیۆزخانەی تورکیا و بڵێم لە وڵاتێکی سۆسیالیستیدا دەژیم و دەمەوێ ماوەکەم درێژ بکەمەوە، چونکە دەیانگرتم، ئەمەش بە پێی مادەی ١٤١ و 142ی تایبەت بە شیوعییەکان، کە ماوەی ٢٤ ساڵ زیندان کردن بوو، بۆ ئەوەیش تەنها بەس بوو کە لە ماڵەکەتدا قاموسێکی لاوروس بدۆزنەوە و ئیتر تۆ لە ڕووسیاوە هاتبوویت. دەشمزانی ئەگەر کۆلێژی پزیشکیش تەواو بکەم، هێشتا تورکیا دان بە بڕوانامەکەمدا نانێت.
لە بەشی ناوخۆیی، خوێندکارانی کوردم دۆزینەوە و بووین بە هاوڕێ و ئیتر بە تەنها نەمامەوە. پرسیارم دەکرد کە ئاخۆ چارەنووسی من چی لێ دێ ئەگەر بزانن لە چیکوسلۆڤاکیا دەخوێنم؟ بەڵام دەیانگوت؛ مەترسە! مامە موحسین لێرەیە. هەمووان دەیانگوت؛ مامە موحسین لێرە بێ ئیتر تۆ سەلامەتیت! دەمپرسی ئاخۆ ئەمە کێ بێت کە یارمەتیی هەمووان دەدات و هەموو ئیشێک دەکات؟
لە 11/3/1970، بەغداد ڕێککەوتنی لەگەڵ بارزانیدا کرد،، تا پاش هەشت ساڵ شه‌ڕکردن، ددان بە حوکمی زاتیدا بنێت. دواتر بارزانی نەمر داوای کرد پێنج باڵیۆزی کورد دابنرێت و یەکەمی لیستەکەش وڵاتی چیکوسلۆڤاکیا بوو، چونکە بارزانی نەمر لە ساڵی 1946ــەوە، لە مەنفا ژیا بوو و ساڵی 1958ـــیش، دوایین جار گەڕایەوە نیشتمانەکەی. ئەو کاتە لە ڕێگەی پراگەوە هاتەوە بۆ ئەوەی هەواڵی د. عبدالرحمن قاسملو بپرسێت، کە لە بەشی ئابووری دەیخوێند و، دواتر لە ساڵی ١٩٨٩ شەهید کرا.
بارزانی نەمر، سەرکردەیەکی زیرەک بوو، چونکە دەیزانی کێشەی کورد تەنها بەحوکمی زاتی چارەسەر نابێ و، کورد لە سێ پارچەی تریش هەن و ناتوانن حوکمی زاتی و ئازادی بەدەست بهێنن. لەبەر ئەوە، هاوڕێیەکی خۆی بە ناوی موحسین دزەیی، ناردە پراگ بۆ ئەوەی کورد لەوێ بۆ خوێندن وەربگیرێن.
ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین کە بینیمان ئەو هەموو کوردە لە پراگ بوون، لە تورکیا سێ کەس، دووان لە پراگ و سێیەمیش لە براتیسلاڤا، بەڵام لە عێراق و سووریاوە قوتابی زۆر هاتبوون.
دواتر، کوردەکانی سوریا پاسپۆرتەکەی منیان برد و، بە مۆرێکی ساختەوە هێنایانەوە، بۆ ماوەی یەک ساڵ نیشتەجێبوونەکەم تازە کرایەوە. سوورییەکان چارەسەری هەموو کێشەیەکیان لا بوو، لەبەر ئەوەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەمویست بزانم مامە موحسین کێیە؟ دواجار بینیم و کەسێکی زۆر ڕۆشنبیر و دیپلۆماتێکی زیرەک بوو. ساڵی ١٩٧٣ هات و مانگی سێ نزیک بووەوە، کە مانگێکی پەسەندە بۆ کوردەکان، چونکە لە ٢١/٣ دا جەژنێکی پیرۆزە. لە کۆتایی ١٩٧٢ دا، سەردانی قادر دیلانم کرد، کە دەرچووی هونەرە جوانەکان بوو لە پراگ و، ئەندامی حیزبی شیوعی و فەرمانبەر بوو لە ڕادیۆی چیک لە پراگ. لەبەر ئەوە بانگهێشتم کرد بۆ دەنگی کوردیی ڕادیۆی ئێریڤان. ئێریڤان تاکە ڕادیۆ بوو کە ئێواران نیو سەعات بە زمانی کوردی پەخشی دەکرد و، هەمووان کۆ دەبوونەوە بۆ ئەوەی لە هەموو کوردستاندا بە نهێنی، گوێی بۆ بگرن و دەنگیان دەگه‌یشتە هەموو گوند و شاخێک.
بەڵام دەبوو کەی ئەم ئاهەنگەی نەورۆز بکەین، کە دەکەوتە ٢١/٣ــەوە؟ تاریق عەقراوی، کە ئەوکاتە نوێنەری قوتابیان بوو، کەوتە ئیش کردن لەگەڵ مامە موحسیندا، کاتێک زانیمان ئاهەنگەکە لە هۆڵی پاریس دەکرێت خەریکبوو لە خۆشیدا دەمردین، چونکە قەدەخە بوو.
من پەیوەندیی نێوان مامە موحسین و قادر دیلانم نەدەزانی، بەڵام ئەوەمان دەزانی کە پیاوێکی دیپلۆماتتیکە و هیچ هەواڵێکمان ناداتێ. دواجار لەو شەوەدا هات و پێکەوە لەگەڵ وەفدی دەوڵەتی کوردستان کۆ بووینەوە. ئەم یادە لە یادەوەریی هەموو کوردانه‌دا چەسپیوە که‌ ئەو کاتە لەوێ بوون، واتە هەموو کوردەکانی عێراق و سوریا و ئێران و تورکیا و تەنانەت یەکێتیی سۆڤیەتیش، کوردانی خاوەن ئایدۆلۆژیای جیاواز لە سۆسیالیست و قەومییەکان. ئێمە هەموومان لەو هۆڵەدا بووین و پێکەوە گۆرانیی کوردیمان دەوت و ئاهەنگمان بە بۆنەی نەورۆزەوە دەگێڕا، کە پێشتر کەشێکی وامان هەرگیز نەدیبوو.
لەو ئێوارەیەدا، هەریەکە لە قادر دیلان و مامە موحسین کاریگەرییان لەسەر دەروونی هەموومان دانا. مامە موحسین بە ڕاستی مام بوو، تەنانەت ئەگەر نەخۆش بووینایە لە شەودا، سەیارەکەی دەهێنا و دەچووینە نەخۆشخانە، بێ گوێدانە ئەوەی کە کوردی کام پارچەی وڵاتین. ئەم بەهەشت و پشوو و سەقامگیرییە، تا ساڵی ١٩٧٤ بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەم ماوەیە، سەددام حسێن، پەیماننامەی حوکمی زاتیی تازە نەکردەوە و جەنگ لە نێوان عەرەب و کورددا هه‌ڵگیرسایه‌وە. دوای ئەوە، مامە موحسین ون بوو و لەگەڵ خۆیدا ئارامی و سەقامگیرییەکەی برد!
دواتر زانیمان کە مامە موحسین بە هۆی پاسپۆرتە دیپلۆماسییەکەیەوە، توانیویەتی پراگ بەجێ بهێڵێت بەرەو بەریتانیا، پێش ئەوەی حکوومەتی چیکۆسلۆڤاکیا بتوانێت بیگرێت و تەسلیمی حکوومەتەکەی سەددام حسێنی بکاتەوە.
ماوەی چەندین ساڵ دەمویست هەواڵی بزانم و، ئایا هێشتا کاری سیاسی دەکات یان نا! لەمەشدا بەختێکی باشم هەبوو کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە عێراق بینیمەوە و تەوقەمان کرد و سوپاسم کرد بۆ هەموو شتێک، کە لەو وڵاتە غەریبەدا بۆی کردبووین. بەڵێ، مامە موحسین تا ئێستا زیندووە و ژیانێکی باش لە پایتەختی کوردستان دەژێت و ئێستاش وەکو ڕاوێژکاری وڵات کار دەکات. کوڕەکەیشی وەکو باوکی دیپلۆماتێکی کوردە و ئێستا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. بەهۆی بارزانی و مامە موحسینەوە، بەشێکی زۆری کوردەکان لە زانکۆکانی چیکۆسلۆڤاکیا دەرچوون و، پاشان لە بواری تایبەتی خۆیاندا کاریان کرد و گەیشتنە بەرزترین پلە باڵاکان لە کوردستاندا.
سوپاس مام موحسین...

© 2017 Hawler