ئەیلول 28, 2020

شاکر رەزا ئەحمەد*

 

کۆرۆنا، یاخود covid 19، ئەو ڤایرۆسە بچووکەی تەواوی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و، بۆتە کێشەیەکی جیهانی، بێگومان پەتا و بڵاوبوونەوەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شتێکی نوێ نییە، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو لێرە و لەوێ پەتا و دەردی کوشندەی زۆر لە کۆرۆناش خراپتر بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆیی گرتووە و زیانی زۆری هەبووە. بەڵام، مرۆڤایەتی لە ڕێگای پێشکەوتنی زانستەوە توانیویەتی چارەسەری پەتا و دەردەکان بدۆزێتەوە و، زاڵبێت بەسەریاندا . کۆرۆناش لەوە زیاتر نییە کە مرۆڤایەتی دەتوانێ بیبەزێنێ و، ئەم قۆناغە مەترسیدارەش تێدەپەڕێنێ، چونکە ئەزموون و مێژوو وامان پێدەڵێن .
ئەوەی دەمەوێت زیاتر تیشکی بخەمە سەر، ئاست و ڕێژەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسەیە لەلایەن خودی مرۆڤەکانەوە، کە کارێکی گرنگ و هەستیار و پێویستە، چ لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە چ لەسەر ئاستی حکومەت و سیستەم و دەسەڵات . وەک دەبینین، لە بەشێک لە وڵاتان، تەنانەت لە وڵاتە نزیکەکانی ئێمەش، وەک پێویست نەتوانراوە پێش لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بگیرێت. بەڵام، ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە بە ڕووە ئەرێنییەکەوە لە کوردستاندا حکوومەت و کۆمەڵگە هەماهەنگییەکی بێوێنەی یەکتر دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێپەڕاندنی دۆخە نالەبارەکە، ئەمەش بە هاوکاریی یەکتر و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، چونکە، مرۆڤ لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە . ئەمەش باوەڕ و شارستانییەت و بەرزیی ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیرییە .
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم بابەتەدا زۆر پرۆفیشناڵانە هاتە پێشەوە و، خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەکە بوو. هەر ڕێوشوێنێکی پێویستبێ گرتییە بەر بۆ هەرچی کەمتری بڵاوبوونەوە و ڕێگری کردن لە پەتاکە. دەنگی شەقامیش هاودەنگ و هاوسۆز بوو لەگەڵ هەنگاوەکانی حکوومەت، ئەمەش بەش بەحاڵی خۆی دروستبوونی متمانەی زیاترە لەنێوان حکوومەت و هاووڵاتی . بێگومان، لەم حاڵەتەدا بە هاوکاری و پشت بەستن بە یەکتر هەنگاوەکانی سەرکەوتن بەسەر ئەم پەتایە بەهێزتر و خێراتر دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ڕای شەقام بە گشتی لەگەڵ هەنگاوەکانی حکوومەتە ئەمەش نیشانەی خەمخۆریی حکوومەتە بۆ بارودۆخ و تەندروستیی هاووڵاتی. لەلایەکی ترەوە، هەستکردنی هاووڵاتییە بە مەترسییەکە و ئاستی تێگەیشتنییەتی بۆ بابەتە مەترسیدارەکان. لە ئەنجامدا، هەموو شتێک بە قازانج و بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی ئێمە کۆتایی دێت. لەوەش گرنگتر، گەڕانەوەی متمانەی زیاتر و پشت بەستنی هاووڵاتی بە حکوومەت لە ئەرکە سەختەکان دەبێتە بنەمایەکی بەهێز لە داهاتوودا، کە لە هەر بارودۆخێکدا حکوومەت دەتوانێت هەنگاوی گرنگ بنێت و بە کردار بیسەلمێنێت کە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە .
کەواتە، فەلسەفەی کۆرۆنا لە داهاتوودا دەبێتە هۆکاری دروست بوونی زیاتری متمانەی هاووڵاتی بە حکوومەت و، پشت بەستن بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لەسەر بنچینەی بڕیاری تەندروست، هەر ئەمەشە هۆکاری سەرکەوتنی گەلانی پێشکەوتوو .
* مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

 

© 2017 Hawler