ئەیلول 28, 2020

حەمید قەڵادزەیی

 

لەمێژە هەستم بەو ڕاستییە کردووە، کۆڕو کۆبونەوە، چێژی جارانی نەماوە، ئەو سوودەش نابەخشێ کە لە کۆبوونەوەم لەگەڵ کتێبێکدا وەریدەگرم. خوێندنەوە، بەو واتایەی لە بیرچوونەوەی خود و ونبوون لەنێو لاپەڕەو دێڕ و دەستەواژەو ڕووداوەکانی نێو بەرهەمێک کە لەگەڵ حەز و خواستی خۆت دێتەوە بۆ من خوێندنەوە، واتا شۆردنی دیوی ناوەوە دێت، شۆردنێکی بێ کەفی سابوون ئاوێک، کە نازانم سابوونەکە لەکوێوە هاتووە و ئاوەکەش تا چەند بێگەردە! کاتێک ئاوێکی زەنگوڵ ئاسای کارێزێک، دەڕژێتە ناو حەوزێکی لیخن، ئیدی نۆرەی پاکبوونەوەیە و هێدی هێدی چاوی حەوز ڕۆشن دەبێتەوەو لە لیخن بوون دەرباز دەبێت. ئەو بلووسکە ئاوە ڕوونە، دەشێ بە وشە گەلێکی بچوێنین، کە لە خوێندنەوەدا ڕامان دەگرێ، وەکو ئاوێکی سازگار ملی ڕێگای گرتووە بەرەو گەیشتن بە مەنزڵ ئەو مەنزڵە دەکرێ، هۆش و ڕوئیاو گۆمی بیرکردنەوەمان بێت ئاخر چۆن، ئاوە ڕوونەکە گۆمی قەوزەگرتوو و ڕەنگ مردووەکە دەشواتەوە و ڕۆحێکی نوێی بەبەردا دەکات. ئاواش بە ئاوی خوێندنەوە و خۆ ونکردن لەنێو تاڤگەی وشەو ڕووداوەکانی نێو بەرهەمێکدا مرۆڤ دەکارێ ژەنگ و ژاری حەوزی خەیاڵدان و دەربڕینی خۆی نوێکاتەوەو خۆی قوتار بکات لە لیخن بوون! هیچ کاتێک مرۆڤ ناتوانێ بەبێ بوونی عەشق بۆ خوێندنەوە، چێژ لە وێنەیەکی شیعری یان رووداوێکی نێو ڕۆمانێک وەربگرێ، دەبێ بە هەمان تامەزرۆیی ماندووییەکی تینوو، چۆن دەست دەبات بۆ جامێک ئاوی شەوی بووی نێو گۆزەی ژێر سێبەری درەختێکی میهرەبان، کە مێکووک پەیمانی تەزینی پێداوە. بە هەمان شێوە و بەکامی دڵ دەست بەرین بۆ خوێندنەوەی بەرهەمێک. ئەوکات دەزانین، چێژی خوێندنەوە چۆنەو چەندە! کورد لەمێژە لەدوای هاتنی بەڵاو ناڕەحەتییەکان دەڵێ: انشاللە خێری تێدایە، من دەزانم ڤایرۆسی کڕۆنا شەڕکەرێکی نادیارەو و بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە! وەلی من بەڵێنم بەخۆم داوە، کەمبوونەوەی دەوام و خۆدزینەوە لە کۆڕو کۆبوونەوەو چوونە بازاڕ و ڕەشباڵی خەڵک. وەک دەرفەتێکی زێڕین بقۆزمەوە بۆ کۆبوونەوەو تێکەڵبوونم بە ڕەشباڵی(قەرەباڵغی) و چوونە نێو ڕووداوەکانی نێو ئەو کتێبانەی لەمێژە لێیان دەڕوانم و کاتم بۆ خوێندنەوەیان نیە. مەبەست لە کات، ئەو کاتەیە کە دەمەوێ چێژ وەرگرم و بە شێوەی پچڕ پچڕی و درەنگ درەگ لاپەڕەکان هەڵنەدەمەوە. بۆیە دەڵێم: ڤایرۆسی کڕۆنا، ئەگەرچی خوازراو نیە و بێزراوە، بەڵام بۆ ئەوانەی دڵداری لەگەڵ کتێبدا دەکەن، دەکرێ بڵێین: کڕۆنا دەستمان دەگرێ و لە ژوانگەیەکدا لەگەڵ کتێب کاتی زیاترمان بۆ دەڕەخسێنێ و دەشێ وشیارانە گرەوی لێ بەرینەوە، هەم خۆمان لە جەنجاڵی بەدوور بگرین، هەم دەرفەتێکە بۆ خوێندنەوەو چێژ وەرگرتن و خاوێنکردنەوەی گۆمی سەرەوەی جەستەمان!

© 2017 Hawler