نیسان 06, 2020

خائین لەنێوان كوەیت و كوردستاندا

جەمال عەبدوڵا

 

· دوو كەسی كوەیتی دوای ئەوەی لە كاتی داگیركردنی كوەیت لەلایەن ڕژێمی بەعسی سەدام لەساڵی 1990 دژی وڵاتی خۆیان ھاوكاریی سوپای عێراقیان كردبوو، دوای نزیكەی 30 ساڵ زیندانیكردن و كارپێكردنی قورس ئینجا لێبووردنێكی گشتیی ئەمیریی ئەوانیشی گرتەوە و ئازاد كران. بەڵام، بەمەرجی ئەوەی دوای ئازادكردنیان كوەیت بەجێبھێڵن و نابێت لەو وڵاتە بژین، چونكە لەكاتی داگیركردنی كوەیت لەلایەن سوپای عێراقەوە یارمەتیی سوپای داگیركەری عێراقیان داوە، واتە خائینن و ئەوەی یارمەتیی داگیركەری وڵاتی خۆی دەدات كە لەزیندان ئازادبكرێت مافی ئەوەشی نابێت لەو وڵاتەی خۆیدا بمێنێتەوە كە خیانەتی لێكردووە !
· سەیركەن، ژمارەی دانیشتووانی كوەیت لەساڵی 1990 واتە ئەوكاتەی كە لەلایەن سوپای عێراقەوە داگیركرا 2 ملیۆن و 141 ھەزارو 165 كەس بووە، لەم ژمارەیە تەنھا 2 كەسیان بەھۆی ھاوكاریكردنی سوپای عێراق بۆ داگیركردنی وڵاتەكەیان خیانەتیان لە وڵاتی خۆیان كردووە، من ژمارەیەكی وردم لانییە ھەتا بزانم ئەی ئایا لە 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دا و، لە كۆی نزیكەی 8 ملیۆن لەدانیشتووانی باشووری كوردستان، چەند كەسی گەورە و بچووك بۆ داگیركردنەوەی كەركووك و خوورماتوو و بەشێكی زۆر لەباشووری كوردستان ھاوكاریی چەكدارانی داگیركەرانی كوردستانیان كرد و، دەشیانویست زیاتر بێن و ئەسڵەن ھەموو باشووری كوردستان داگیربكەنەوە. بەڵام، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی كوەیت و ئەو دوو خائینە كوەیتییە بۆ كوردستان بكەین بە پێوەر، نابێت خائینانی 16 ی ئۆكتۆبەر لە 8 كەس زیاتر بن، بەڵام ئایا وایە ؟ ئەوە ئەوانە دەزانن كە دەیانوت لێكۆڵینەوە لەو خیانەتە دەكەین و دواتریش سیاسەت و خاتروخۆتری حزبایەتی نەیھێشت ئەو لێكۆڵینەوەیە بكرێت ! ئەی ئایا ئەوانەی كە لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 خیانەتیان لە كوردستان كرد زیندانیكران ؟! ئەمەیان نەخێر . ئەی ئایا ئەوانەی كە لە ئۆكتۆبەری 2017 دا خیانەتیان كرد لە كوردستان دەركران ؟ ئەمەشیان ھەر نەخێر ! ئاخر پرسیار دەكەن و دەڵێن: بۆچی كوەیت دەوڵەتە كەچی كوردستان نابێت بەدەوڵەت ؟ من دەزانم ھۆكاری دەرەكی ڕۆڵی گرنگی لە نەبوونه‌ دەوڵەتی كوردستاندا ھەیە، بەڵام ئەی خۆمان ڕۆڵمان نییە لە ھێشتنەوەی داگیركەرانی كوردستان لە ناو كوردستاندا ؟ خۆ ناكرێت بەمەیان بڵێین نەخێر .

© 2017 Hawler