ئازار 31, 2020

پێگەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا

پەری محەمەد

 

کاتێک ژنان داوای یەکسانیان کرد لەگەڵ پیاوان، مەبەستیان پیاوی خراپ نەبوو بەڵکو، مەبەستیان مرۆڤ بوو. ” غادە سەممان”
بەبێ هیچ بیرورایەکی سیاسی وکێشەیەکی کۆمەڵایەتی، ژیان وەک خۆی و بەشێوازێکی سروشتی لە ئاڵو گۆردایە . وە سەرەڕای هەموو بارگرانییەکانی ژیان به هه‌موولایه‌نەکانییەوە، بۆتە هێمایەک و ئەو راستییەمان نیشان دەدات كه شارستانیه‌ت و ئاوه‌دانی له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دنیایەدا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ‌دا ته‌نیا به بیر و هزر و بازووی پیاوان سەرچاوەی نەگرتووە، به‌ڵكو بە دوولایەنی و هاوكاری وهاوبەشیی ژنان و پیاون بناخەی کۆمه‌ڵگایان داناوە، له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا لە هەموو سه‌رده‌مەکاندا ژنانی گەلەکەمان شوێن پەنجەی خۆیان دەرخستووە و، بەدەیان و سەدان ژنی ئازا و شۆرشگێڕ لە خەبات و بەره‌نگار بوونەوە بۆ پاراستن و مانەوەی کلتوور و فەرهەنگی نیشتمانەکەمان شان بەشانی پیاوان ژنانی ئازا و لێهاتوو هاتوونه‌ته گۆڕه‌پانی ژیان و ڕۆڵێكی دیار و به‌رچاویان گێڕاوە، کەم نین ئەو خانمانەی له بنیاتنانی كۆمه‌ڵگای كوردی و بیناکردنی بناغەیەکی تەندروست و پاکژو پارێزگاری كردن له نیشتمان و پێشخستنی لە هەر بوارێک کە بۆیان رەخسابێت ومەجالیان بووبێت، هەوڵیان داوە وپشتگیری و یارمەتی دەری پیاوان بوون لە رووی زانیاری و لە زۆربەی بواره‌جیاجیاكاندا لە کوردستان .گەلی کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە کە گه‌لێك ژنی مه‌زن و ناوداری تێدا هەڵ که‌وتووە،کە شایانی رێز و بەرزراگرتنەن و شانازین بۆ گەلی کورد. هیچ گومان لەوەدا نییە كە سەدان و بگرە هەزاران نموونەی ژنی بە ئەمەكی كوردمان لە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریدا هەیە. ئێستاش، پێویستە چۆن ژنان پاڵپشتی پیاوان بوون لە رابردوودا، ئێستا پیاوان سەرسەختانه‌ پشتگیریی ژنان بکەن، تا تواناو وجهوودیان ھەبێت لە تەواوی بوارەکانی کۆمەلگادا، چونکە ژنانی کورد ھیچ کەمتر نین بە بەراورد بە ژنانی دنیا وەک ناپلیۆن جوان وەسفی ژنی کردووە کە دەلێت: ئەو ئافرەتەی کە بە دەستێک لانک ڕادەژەنێت دەتوانێت بەدەستەکەی تری جیهان بلەرزێنێت، با پیاوی کوردیش ھەمان تیگەیشتنی ھەبیت بۆ مەزنیی ژن وەک رۆژئاواییەکان.

© 2017 Hawler