نیسان 06, 2020

که‌رتی ته‌ندروستی که‌ی ده‌بێته‌ سیسته‌مێکی باوه‌ڕپێکراوی دروست؟

هەورامان علی تۆفیق

 

ته‌ندروستی باشی مرۆڤ، واتا به‌خشینی ژیانێکی باش و ئارامه‌ به‌ مرۆڤ، که‌رتی ته‌ندروستی به‌شێکه‌ له‌و سیسته‌مه‌ حکومیه‌ی ده‌کرێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌رکه‌وتنی کابینه‌ وه‌زاریه‌کان له‌ ماوه‌ی ده‌ست به‌کاربونیاندا بکرێت .
واتا کاری باش و هه‌نگاوی دروست له‌ که‌رته‌ خزمه‌تگوزاریه‌کاندا به‌مانای سه‌رکه‌وتنی حکومه‌ت دێت، بابه‌تی ته‌ندروستی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانی خه‌ڵکه‌وه‌ و یه‌کێکه‌ له‌و بڕگه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی له‌ کارنامه‌ی حکومیدا پێویسته‌ گرنگی پێبدرێت، له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی زۆربه‌ی وڵاتان خاڵی سه‌ره‌کی کارنامه‌ی حکومه‌ت به‌رنامه‌ی چاکسازی و پێشخستنی بواری ته‌ندروستیه‌ . ئه‌م بواره‌دا چه‌نده‌ هێزه‌کانی ئاسایش گرنگن بۆ پاراستنی ئارامی بۆ هاوڵاتیان هێنده‌ش سیسته‌می ته‌ندروستی گرنگه‌ بۆ به‌خشینی ئارامی به‌ژیانی خه‌ڵک و دڵنیابوون له‌ژیانی خۆیان .
سیسته‌می ته‌ندروستی وه‌ک ڕێکخه‌‌رێک له‌ بواره‌ جیاجیاکانی ئه‌م سێکته‌ره‌دا خۆیی ده‌بینێته‌وه‌ ده‌بێ له‌ خۆپاراستنه‌وه‌ ده‌ست پێ بکات تاده‌گاته‌ ده‌ست نیشان کردنی نه‌خۆشی و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری دروست و پێویست، شێوازه‌یی مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی حکومی و که‌رته‌ تایبه‌ته‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌ره‌نجام ده‌بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک بێت، ئه‌م بابه‌ته‌ش جێگای گفتگۆیه‌و مامه‌ڵه‌ی پزیشک و نه‌خۆش و شێوازی مامه‌ڵه‌ی کارمه‌ند و ته‌واوی سیسته‌مەکه‌ جێگای گله‌ییه‌ . وه‌ک ته‌واوی کێشه‌کانی دی و هێنده‌یی بیرمان بێت که‌رتی ته‌ندروستی کێشه‌ی هه‌یه‌و سیسته‌مێکی هاوچه‌رخ و ته‌ندروست هێشتا بوونی نیه‌ له‌ عێراق و نه‌ له‌ هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ دروست کردنی ده‌یان نه‌خۆشخانه‌ی حکومی و مه‌ده‌نی و هاتنی زۆرێک له‌ پزیشکی باش بوونی که‌رتی تایبه‌تیش له‌م بواره‌یا، به‌ڵام هێشتا لای خه‌ڵک نه‌خۆشخانه‌کان ئه‌و مه‌یت خانه‌یه‌ن مڕۆڤ سه‌ره‌ڕایی نه‌خۆشیه‌که‌ی به‌زیندووی ده‌چێته‌ ژووره‌و به‌ مردوویی ده‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌دڵنیایی ئه‌مه‌ هه‌موو که‌سێک ناگرێته‌وه‌ و به‌رده‌وامیش به‌م شێوه‌یه‌ نیه‌ و ده‌کرێ بوترێ کاری باشیش له‌ نه‌خۆشخانه‌کان کراوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ قسه‌یی خه‌ڵکی ئاساییه‌ و تێگه‌یشتنیه‌تی له‌و دۆخه‌ دژواره‌یی که‌رتی ته‌ندروستی له‌م هه‌رێمه‌ تێیدایه‌ . ده‌کرێ ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌که‌ین سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی دونیا و وڵاتانی پێشکه‌وتوو هێشتا مشتومڕی له‌سه‌ره‌و وه‌ک پێویست له‌ خزمه‌ت هاوڵاتیانی وڵاته‌کانیاندا نین به‌ نمونه‌ ئه‌مریکا و وڵاتانی دراوسێی عێراق و زۆرێک له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی، هێشتا وڵاتانی ئه‌وروپی جیاوازی له‌ سیسته‌مه‌کانیاندا هه‌یه‌و ده‌کرێ له‌سه‌ر باشه‌و خراپه‌ی سیسته‌مه‌که‌ قسه‌ هه‌بێت، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ و ویستی چاره‌سه‌روو دڵنیایی هاوڵاتانیان به‌ڕێژه‌یه‌ک دڵنیایی ده‌دات و تاڕاده‌یه‌ک قسه‌ی له‌سه‌ر جیاوازیه‌کان که‌م کردوه‌ته‌وه‌، سیسته‌مه‌کان له‌ نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا له‌یه‌ک ناچن و زۆریش جیاوازن، کاتێک سه‌یری وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆمان ده‌که‌ین زۆر جیاوازتره‌، ئه‌وه‌ی لای خۆشمان له‌سه‌ر بنه‌مایی سیسته‌می کۆنی پێش ڕوخانی ڕژێمه‌ به‌ هه‌ندێک گۆڕانکاریه‌وه‌، به‌ڵام گۆڕانکاریه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک نین به‌ڵکو به‌ ئاراسته‌ی بازرگانی و که‌رتی تایبه‌تن . ئه‌وه‌ چه‌ندین کابینه‌ی حکومیه‌ به‌ڵێن ده‌ردێت له‌ گۆڕینی سیسته‌می ته‌ندروستی، به‌ڵام ده‌ره‌نجام سیسته‌مه‌که‌ وه‌ک خۆیی ده‌مێنیته‌وه‌و ته‌نها وه‌زیره‌کان و به‌ڵێنه‌کان ده‌گۆڕێن . ده‌کرێ زۆر نمونه‌ی سیسته‌می ته‌ندروستی باش هه‌بن سودیان لێوه‌ربگیرێ له‌وانه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی ئه‌ڵمانی یه‌کێکه‌ له‌ سیسته‌مه‌ باشه‌کان له‌ ئه‌وروپا سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ش ئه‌م سیسته‌مه‌ بێ کێشه‌ نیه‌ و به‌رده‌وام چاکسازی تێدا ئه‌نجامده‌درێت . هاوڵاتی کوردیش مافی خۆیه‌تی بپرسێت که‌ی سیسته‌می ته‌ندروستی هه‌رێم ڕووله‌باش بوون ده‌کات و به‌جۆرێک ده‌گۆڕێت دڵنیایی بداته‌ هاونیشتمانی له‌وه‌ی مافی ژیان و ته‌ندروستی باشی پارێزراوه؟

© 2017 Hawler