ئاب 04, 2020

ڕێبین ڕەحیم

 

٭ زۆرن ئەو گەلانەی دونیا، کە بەقۆناغی ناکۆکی و شەڕی نێوخۆییدا ڕۆشتوون و گوزەریان کردووە و لە وێستگەیەکدا یەکڕیزی و کۆدەنگی بووە بە فریادڕەسیان و خۆیان لە بەڵای ناکۆکی و خۆخۆری ڕزگارکردووە. وەلێ، بەداخەوە کە سەیری لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەیی ئێمە دەکەیت، هێندە ناکۆکی و خۆخۆری تێدایە ناچار دەبێت دەست بەچاوەکانتەوە بگریت هێندە شەرمەزارکەرە.
٭ لەسەر ئاستی دونیا، بڕواناکەم نەتەوە مابن ژمارەیان چل میلۆن کەس زیاتربێت و زەوی و خاک و سنوور و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیان هەبێت و دەوڵەتیان نەبێت، جگە لە کورد کە بێگومان هەرەمی هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی و ململانێی شەڕی ناوخۆیی و خوێنڕشتنی یەکتر بەبێ هۆکار و بەسوودی داگیرکەر و دوژمنانی گەلەکەمان.
٭ ئەزموونی نزیکەی یەک سەدەی ڕابردووی گەلی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی شۆڕش و حوکمڕانیدا، پێماندەڵێت لەهەرکوێ و لەهەر قۆناغێکدا یەکگرتوو و یەکڕیز بووین توانیومانە سەرکەوتووبین و دەستکەوت بۆ گەلەکەمان بەدەست بێنین، باشترین بەڵگەش شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ڕێککەوتنی یازدەی ئازار و قۆناغی بەرەی کوردستانی و ڕاپڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان، شەڕی داعش و ڕیفراندۆمی کوردستان، ئەمانە و زۆر شتی دیکەش بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلەکەمانە.
٭ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی جددیدایە بۆ دروستکردنی ئەم یەک دەنگی و یەکڕیزییەی کوردستان و، لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەشمانەوە، سەرۆک بارزانی، هەمیشە هەوڵی یەکڕیزی و کۆدەنگیی داوە و، بۆئەمەش باجی گەورەی بەخۆی و حیزبەکشی داوە و تائێستاش هەمان هەوڵی بۆ یەکڕیزی وجودیان هەیە.
٭ بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق و ناوچەکە و شەڕی ئەجێنداکان لەعێراق و ئەم ناوچەیەبەگشتی، پێماندەڵێت، بێشک و بەدڵنیایەوە دەبێت لەهەمووکات زیاتر یەکڕیز و یەک هەڵوێستتربین ئەگه‌رنا ماف و داواکارییەکانی گەلی ئێمە لەنێو ئەم شەپۆلە ناجێگیرەی ناوچکەدا وندەبێت و کۆی دەستکەوتاکانمان دەکەونە بەرمەترسیی گەورە و جددی.
٭ هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی کوردستان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی، جێگەی دڵخۆشی هەمووانە و سەرەتایەکی باشە بۆ نیشاندانی زیاتری توانا و هێزی کوردستان لەعێراق و ناوچەکە و جیهان و ئەرکی هەموومانە خەمی سەره‌کیمان یەکدەنگی و یەکڕیزمان بێت وەک مەرجی سەرکەوتن.

© 2017 Hawler