شوبات 23, 2020

بارزانی پرۆژەی هه‌بوو، بایدن هەیبوو، كێی تر چ پرۆژەیەكی هه‌یە؟

جەمال عەبدوڵا

 

ساڵی 2006 بوو، ئەو كاتەی كە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بوو، جۆ بایدن، پرۆژەیەكی كورت و پوختی بۆ چارەسەری كێشەكانی عێراق و بەتایبەتی بۆ ڕوونەدانی شەڕی ئەھلی لە عێراق خستە ڕوو. پوختەكەی بریتی بوو لە دابەشكردنی عێراق بۆ 3 ناوچەی فیدراڵی بۆ ھەریەك لە كورد و شیعە و سوننە، لەساڵی 2007 یشدا زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا دەنگیان بۆ ئەو پرۆژەیە دا. بەڵام، ئەو كاتە بەشی زۆری عەرەبی سوننە و شیعە بە نوخبە عاقڵەكانیشیانەوە !! دژی ئەم پرۆژەیەی بایدن وەستانەوە و ئەمەیان بە پلانی ھەڵوەشاندنەوەی عێراق دانا. بەڵام ئەوانەی كە دژی ئەم پرۆژەیەی بایدن بوون ھیچ پرۆژەیەكی بەدیلی ئەو پرۆژەیەی بایدنیان نەخستەڕوو بۆ ئەوەی عێراق لە گێژاوی دەیان كێشەی گەورەی ئابووری و سیاسی و مەزھەبی ڕزگاری بێت. ئەوەش، بارودۆخی ئێستای عێراقە كە لەھەموو شتێك دەچێت بەڵام لەدەوڵەت ناچێت .
• كاتێكیش لە 7 – 6 – 2017، سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی فراوانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كرد و، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا 25 – 9 – 2017 ڕیفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەكەركووكیشەوە، بكرێت، ئەمە جگە لەوەی كە بەكارھێنانی مافێكی سروشتی و دیموكراسیی گەلی كوردستان بوو، بۆ ئەوەش بوو كە چارەسەرێكی ڕیشەیی یان ھەنگاوێكی گرنگ و بنەرەتی بۆ چارەسەری ڕیشەیی كێشەكانی عێراق بنرێت و كوردستان و عێراق ببنە دوودراوسێی باشی یەكتر، نەك دوژمنی یەكتر. كەچی ئەو كاتەش ئەم پرۆژەیە، كە لەڕاستیدا سەرۆك بارزانی سەركردە و بزوێنەرەكەی بوو، لای ھەندێك وەھا لێكدرایەوە كە ئەوە بۆ دابەشكردن و قووڵكردنەوەی كێشەكانی عێراقە. ئێ ئەوەتا ئەوەش بارودۆخی ئێستای عێراقە كە لەھەموو شتێك دەچێت بەڵام لەدەوڵەت ناچێت .
زۆر باشە، ئەو كاتە پرۆژەكەی سەرۆك بارزانیتان بۆ چارەسەر قبووڵ نەكرد و، دوای ڕەتكردنەوەی ئەم پرۆژەیەش، نەك ھەر نەتوانراوە كێشەكانی عێراق چارەسەر بكرێن، بەڵكو ئەو كێشانە قووڵتر و ئاڵۆزتریش بوونەتەوە و ئێستا تازە بەتازە محەمەد عەلاوی دەگەڕێت بەدوای ئەوەدا كێ لە كابینەكەی ببێت بەوەزیر بۆ ئەوەی كەمتر بدزێت ! ئێستا پرسیار ئەوەیە كە ئایا دوای پرۆژەكانی سەرۆك بارزانی و جۆ بایدن، كێی تر چ پرۆژەیەكی بۆ چارەسەری بنەرەتیی كێشەكان ھەیە ؟ پرۆژە دەڵێم نەك پێكھێنانی حكوومەتی نوێ، چونكە پێكھێنانی حكوومەتی نوێ پرۆژە نییە!

© 2017 Hawler