شوبات 23, 2020

سەرنووسەر

 

کورد کارێکی باش دەکات زۆر خۆی ناخاتە قووڵایی ململانێ وناکۆکییە سیاسیەكانی عێراق؛ ناوماڵی خۆی کۆ دەکاتەوە، ئەوە پێنجەم کۆبوونەوەیە بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش لە بەغدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕاوتەکبیری پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانی دەکات، ئەمە هەنگاوێکی گرینگە بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی لە بەغدا.
هەروەک خوێندنەوەولەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی هەموو پێکهاتە سیاسییە کوردییەکانیشە کە دەتوانن لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بە یەک سیاسەتی کوردستانیانە، دانوستان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت و پرسەکانی دیکە بکەن.
ئەم قەیرانەی بەرۆكی عێراقی گرتووە، دەرفەتێکی باشە بۆ کورد، كە یەک دەنگ بێت، چونكە تەنیا یەكڕیزیی دەستەبەری مافەكانی خەڵکی كوردستان دەكات؛ لەو پێناوەشدا پێویستە لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە سەر ئاستی مەزنتر لە حزبەکانیان بیر بکەنەوە و کار بکەن؛ ئەگەر وا بکەن، دەتوانن پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە باشتر بە قازانجی هەرێمی کوردستان بشکێنێتەوە و هەموو جووڵە و گۆڕانكاریییەك بكەنە دەرفەتێكی لەبار وهەلێكی زێڕین، بۆ ئەوەی كوردستانی بەهێزوئاوەدان و سەركەوتوومان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا هەبێت؛ بەتایبەتی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، چونکە پێدەچێ وڵاتانی زلهێز به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا زۆر ئومێدیان بە عێراقی ئێستای پڕقەیران ودۆخی نالەبار نەما بێت، لێرەدا کورد پێکەوە لە بەغداو لە سیاسەتی ناودەوڵەتیدا، شانسی باشتری دەبێت بۆبەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسیەتی خۆی.

© 2017 Hawler