ئاب 04, 2020

واز لەعەقڵی بلەكێ و چەمپاراو بهێنن ئێوە حكوومەتتان ھەیە

جەمال عەبدوڵا

 

• سەیرە لە 10 – 6 – 1970 كۆمەڵەی ماركسی – لینینیی كوردستان دابمەزرێت و دواتر ببێت بە كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان و بڵێت كرێكاران و گەلانی زۆرلێكراوی دنیا یەكگرن، ئینجا ئەم كۆمەڵەیە ببێت بە بڕبڕەپشتی یەكێتی و ئینجا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش یەكێتیی نیشتمانی ھەموو كوردستان بێت نەك یەكێتیی نیشتمانی سلێمانی، كەچی وەك میزی حوشتر بگەڕێیتەوە بۆ دواوە و لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بەكردەوە خۆت بكەیت بەیەكێتیی نیشتمانی بۆ بتڵەغاز یان یەكێتیی نیشتمانیی غازی كۆرمۆر ! سەیرە تۆ لەحكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەشداربیت و ھەرێمی كوردستان یەك حكوومەتی ھەبێت، كەچی سەرۆكی فراكسیۆنەكەت لە پەرلەمانی كوردستان بڵێت شتێكی قبووڵكراو نییە كە ھێز بۆ پاراستنی كێڵگەی غازی كۆرمۆر و گواستنەوەی غاز ڕەوانەی سنووری سلێمانی و سنووری یەكێتی بكرێت ! وەك ئەوەی یەكێتی ھەر بەتەنھا خۆی دەوڵەتێكی سەربەخۆی بۆ كوردستان دامەزراندبێ و، ئەم دەوڵەتی كوردستانەی كردبێتە ئەندام لەڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئێستا قبووڵی نەكات كە داگیركەرانی كوردستان سنووری كوردستان ببەزێنن ! كە لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 حەشدی شەعبی پەلاماری كەركووكی دا، من وەك ھاووڵاتییەكی كوردستان نازانم ئەم سەرۆك فراكسیۆنە لەكوێ بوو، بۆچی ئەو كاتە قبووڵیان كرد ھێزەكانی حەشدی شەعبی بێنە ناو كەركووك و، ھەتا ئێستاش وەك داگیركەر لەكەركووك ڕەفتار دەكەن و حزبەكەی ئەم سەرۆك فراكسیۆنەش لەكەركووك و لەبەرامبەر حەشدی شەعبی زەلیل و كەسیفه‌، بەڵام ئەم سەرۆكی فراكسیۆنە ھەڕەشە لەھەولێر دەكات كە ھێزی حكوومی بۆ پاراستنی كێڵگەكانی غازی كۆرمۆر و گواستنەوەی غاز نەنێرێت چونكە قبووڵی ناكەن وەك ئەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یەكێتیی تیانەبێت و حزبەكەی سەرۆكی فراكسیۆن، جێگری سەرۆكی حكوومەتیان نەبێت ! ھەرچەندە ئەگەر لەحكوومەتیشدا نەبن نابێت ھەڕەشەی لەو جۆرە بكەن . پێش ئەوەی ئەو لێدوانانە بدات، بۆ ئەو سەرۆك فراكسیۆنە واباشتر بوو بگەڕێتەوە بۆ كاتەكانی پێش پێكھێنانی ئەم كابینەیەی ئێستای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و، بزانێت حزبەكەیان چەند جار ھەرەشەی دووئیدارەییان كرد و، دواتریش چیان پێكراو چۆن ھاتیشنە ناو كابینەی ئێستای حكوومەت ؟!

• ھەندێك لە برادەرانی ناو یەكێتی، ئێستاش نازانن كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەیە و ئەم حكوومەتەش وەزارەتەكانی دارایی و سامانە سروشتییەكانی ھەیە و، ئیتر تەنھا ئەم حكوومەتە لەڕێگەی داوودەزگاكانی خۆیەوە كاروبارە گشتییەكان ڕایی دەكات . ھەندێك لە برادەرانی یەكێتی، ئێستاش وادەزانن زەمانی شۆڕشە، عەقڵی ئەو بەشە لەیەكێتی ھەتا ئێستاش تەجاوزی كاتی شۆڕشی نەكردووە، كە بە ئارەزووی خۆیان لە بلەكێ و چەمپاراو یان سەفرەو زەروون خاڵی گومرگیان دادەنا و، پارەیان لە كاسبكاران وەردەگرت یان پارچە كاغەزیان بۆ دەوڵەمەندەكانی ناو شارەكان دەنارد كە دەبێت لەماوەی ئەوەندە ڕۆژدا بڕی ئەوەندە دینار بنێرن یان بگەیەننە فڵان شوێن، ئەگینا ... ! برادەرینە واز لەعەقڵی بلەكێ و چەمپاراو بھێنن ئێوە ئێستا حكوومەتتان ھەیە !

© 2017 Hawler