حوزەیران 01, 2020

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

غازی حەسەن

بەرەو وەرزی دەنگدان دەچین، ئیدی لەئێستاوە دەنگۆی کڕین و فرۆشتنی دەنگدەر دەستی پێکردووە، کارێکی ئاساییە هەندێک کاندید پەنا وەبەر بەکارهێنانی هێزی پارە و کڕینی دەنگ ببات. پارە یەکێکە لەو هۆکارانەی لەکاتی هەڵبژاردندا کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی دەنگدان دروست دەکات، بەڵام لەهەندێک سەردەمدا ئاستی هوشیاری دەنگدەر و کێشەکان بەگشتی دەگەنە ئاستێک، ئیدی پارە و کڕینی ویژدانی خەڵک کاریگەریی یەکلاکەرەوەی نابێت، پێم وایە ئەمجارە بەهۆی دەرکەوتنی کێشە سەرەکییەکان، دەنگدەری کوردستان خواست و بیرکرنەوەی بەلای چارەنووسی نیشتیمانەکەیدا زۆر زۆر پترە، نەک شکاندنەوە بەلای خواستە تایبەتییە کەسییەکاندا.
لەئەمەریکا بەملیۆنان دۆلار لەکاتی هەڵبژاردن خەرج دەکرێت، بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر دەنگدەر دروست بکرێت، بەڵام ویژدانی دەنگدەر ناکڕدرێت، بەپارە کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی بیرکردنەوە و بڕیاریان دروست دەبێت، بەڵام زۆر قورسە دەنگدەر بکڕدرێت. لەرۆژهەڵاتدا پڕۆسەی بەکارهێنانی پارە جیاوازە و کاندید کار دەکات دەنگدەر بکڕێت، نەک لەرێگەی بەکارهێنانی پارە کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوە و باری دەروونی دەنگدەر دروست بکات.
لەهەمان کاتدا دەنگدەریش دەیەوێت سود لەدۆخ و کەشوهەوا و رکابەری نێوان لیست و کاندیدەکان وەربگرێت، هەیە داوای رێژەیەکی زۆری پارە لە کاندید دەکات، بەنێوی ئەوەی زۆرترین رێژەی دەنگی بۆ کۆدەکاتەوە، هەیە سوود لەنەزانین و لاوازی کاندید وەردەگرێت و کاندید دادەدۆشێت و پارەی لێوەردەگرێت، هەروەها کاندیدیش هەیە، نایەوێت خۆی ماندوو بکات، سوود لەهەژاریی و نەداریی وەردەگرێت و دەیەوێت لەرێگەی بەکارهێنانی پارە دەنگ بکڕێت. واتا هەم دەنگدەر و هەم کاندید دەیانەوێت لەریگەی بەکارهێنانی هێزی داراییەوە، کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی هەڵبژاردن دروست بکەن و یەکتر بەکاربهێنن و ئیستغلالی دۆخ و کەشوهەوای هەڵبژاردن بکەن. دەنگدەر گیرفانی گەرمی کاندید بەکاردەهێنێت و کاندیدیش گەدەی بەتاڵی، یان ویژدانی دەنگدەر لەرێگەی بەخشینی پارەوە بەکاردەهێنێت.
گرینگ؛ پێویستە لایەنە سیاسییەکان، کاندید، ئینجا دەنگدەر رەچاوی بنەماکانی دیموکراسی، هەڵبژاردنێکی راستەقینە و پاک بکەن، پتر بیر لەتوانا و لێهاتوویی و ئینجا بەرنامە و شێوازی کارکردنی کاندید بکەنەوە، دڵسۆزیی و لێوەشاوەیی کاندید بکەنە پێوانە بۆ هەڵبژاردن، نەک شتە لابەلایەکانی دیکە، کە رەنگە کاریگەریی سلبیان لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن پتر بێت.
لەوڵاتە پێشکەوتووەکان توانای قسەکردن، توانای کارکردن، جوانی و تەندروستی و بەرنامەی هەڵبژاردن و شێوازی خۆپێشکەشکردن و باکگراواند و رابردووی کاندید و دونیابینی و دڵسۆزیی کەسەکە بۆ کارەکەی دەکرێتە پێوانە بۆ دەنگدان، نەک شتە لاوەکییە کۆمەڵایەتی و داراییەکانی دیکە. لەرۆژهەڵاتدا بەپێچەوانە کاریگەریی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی خانەوادە و ناوچەگەریی و بەکارهێنانی هێزی پارە و کۆمەڵایەتی پێوانەیە بۆ یەکلایکردنەوەی هەڵبژاردن. ئەمەش هەموو ئەو سیفەت و توانا و کاریگەریانەی دیکە دەکوژێت، کە پێویستە لە کاندیدا هەبێت.
ئەمجارە پێویستە خەڵک پێوانەی نوێ، تێڕوانین و خواستی نوێی بۆ هەڵبژاردن هەبێت، کەسێک، یان لیستیك هەڵبژێرێت، کە دەتوانن دڵسۆزی دۆز و نیشتیمانەکەیان بن، ئەوانە هەڵبژێرن، کە سازش لەسەر خواستە نیشتیمانییەکان ناکەن، ناچەمێنەوە لەبەردەم ململانێی حزبی، خاوەنی کەسایەتی بەهێز و توانای فکری و جەستەیین. پێویستە لێوەشاوەیی و پابەستبوون بەبەڵێن و کارەکان بکرێنە پێوانە بۆ هەڵبژاردن، بەتایبەتی لایەنی هەموو تاکێکی کوردستان روونە، هەڵبژاردنی ئەمجارە لەدۆخێکی سەخت و دژوار تێدەپەڕێت، کوردستان پێویستی بەنوێنەری بەتوانا و خۆڕاگر و ئازا و دڵسۆز و لیستی نیشتیمان پەروەر هەیە، نەک نیشتیمان فرۆش.

© 2017 Hawler