حوزەیران 01, 2020

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

فەیسەڵ دەباغ

* توركیای موسڵمان..! بەسەر كوردە كافرەكان..! زاڵبوو و عەفرینی لە دەست ئەو كافرانە دەرهێنا.
ئەمە قسەی شیكەرەوەیەكی توركە كە سەر بە ئاك پارتی یە و پێش ماوەیەكیش هەر ئەو شیكەرەوەیە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی " بە مار روحم بكە، بەڵام بەكورد نا ..!
عەرەب چی بەسەر كورد هێنا لە كەركوك دەبێ ئێمە خراپتریان بەسەر بێنین لە عەفریندا ..!!
من نازانم كورد چ ئەزیەتێكی بە عەرەب و تورك و فارس گەیاندووە تا بەم شێوەیە فەرمانی قڕكردنیان بدەن ؟
سوپا و چەتەكانی توركیا كە لە تیرۆریستانی نوسرەو قاعیدە و داعش پێكهاتوون مەبەستیانە لە عەفرین و هەر شوێنێك كە دەستیان پێبگات كورد لە ناو ببەن، هەتا چەكدارێكی تیرۆریستی سەر بەو چەتانە لە ئاخاوتنێكدا گوتی" ئەو هێرشەی ئێمە بۆ سەر كوردی عەفرین وەك تۆڵەسەندنەوەیەك وایە بەرامبەر بە هاریكارییان لەگەڵ ئەمریكیەكاندا .
چەتەكانی عیراقیش كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبین بە ناوی عروبە و شیعایەتیەوە كەركوكیان داگیركرد و ئەو هەموو نەهامەتیەیان بەسەر كورد هێنا .
خۆزگە بە چاوی خۆم داگیركردنی كەركوك و عەفرینم نەدیبا، لە كەركوك بە تایبەتی لە خورماتوو حەشد كوشتارگەیەكی دژ بەكورد ئەنجام داو لە عەفرینیش سوپا و چەتەكانی توركیا بە هەمان شێوە رەفتاریان كرد..!
هەردووكیان ئاڵای كوردستانیان پارچە پارچە كرد و خستیانە ژێر پێی خۆیان، خۆ توركەكان بەوەش نەوەستان وێنەی شەهیدە كوردەكانیان دڕاند و پەتیان خستە سەر پەیكەری كاوەی ئاسنگەر كە هێمای كوردە و گولەبارانیان كرد و توركیا و چەتەكانیش كارە وەحشیانەیان ئیهانەی 50 ملیۆن كوردیان كرد .
من نازانم ئەمە چ جۆرە حقدێكە كە ئەوانە بەرامبەر بە كورد هەیانە ؟
باشە ڕژێمی سوریا چ بە خۆی دەڵێ كاتێ ئاڵای توركیا بەسەر شارێكی وڵاتەكەی بەرزكرایەوە؟ ئایا ئەمە پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتیەكان نییە؟ كوا هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتووەكان و كوا هەڵوێستی نوێنەری سوریا لەو رێكخراوە؟
ئەم بێدەنگیەی وڵاتان عەیبەیەكی گەورەیە، هەر چۆن لە ئاست كەركوكدا بێدەنگیان هەڵبژارد، ئەمجارەش لە عەفرین .
دنیا شەو و رۆژێك نییە، كەس نازانێ سبەی چ روودەدات، ئەرمەنەكان قەتلوعام كران، بەڵام بە ئیرادەی خۆیان توانیان دەوڵەتێك لە سەر بەشێكی خاكەكەیان دروست بكەن و رۆژێكیش دێ بەشەكەی تریش كە لەلایەن توركیاوە داگیر كراوە بخەنە سەر ئەو دەوڵەتەیان.
هیچ كاتێ كوردم بەو لاوازییە نەدیوە، بەڵام چ دەكەی بەرامبەر سوپای دەوڵەتێكی رەگەز پەرست كە لە ژێر دروشمی (اللە اكبر)دا دەیەوێ میللەتێك قڕ بكات .!
ئەگەر ئەرمەنەكان غەیرە دین بن، ئەی گەلی كوردی موسڵمانن؟
من پێم وایە ئەم شەڕەی كە دژ بەكورد دەكرێ شەڕێكی نەتەوەییە، بۆیە لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە خەباتێكی نەتەوەیی و یەكێتیەكی نەتەوەیی هەیە، چونكە سیناریۆكەی عەفرین لە وانەیە لە باشوریش دووبارە بێتەوە .
بۆیە با كەس لە خەمی نوێكردنەوەی پەیوەندی نەبێ لەگەڵ توركیادا، چونكە ئەو وڵاتە بە خەم ئەو پەیوەندییەوە نییە .
دوا قسەشم ئەوەیە هەتا كورد یەك دەنگ نەبێ هەموو رۆژێ لە شوێنێكی ئەم كودستانە تووشی كارەساتێكی گەورەتر لەوەی عەفرین دەبێتەوە.!
* لە كار لابردنی تیلرسون دەكرێ بە كۆتایی قۆناغێك و سەرەتای قۆناغێكی دیكەی ئیدارەی ئەمریكا دابنرێ .
بەرای من زۆر چاوەڕوان نابین و گۆڕانكارییەكی بنەرەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا دەبینین.
تیلرسون كابرایەكی مەزاجی بوو، هەر چەندە هەندێ جار خۆی بەهینری كیسنجەر دەشوبهاند، كە وەزیرێكی بەتوانا و سیاسیەكی خاوەن ئەزموون و زیرەكێكی بێ هاوتا بوو لە مێژووی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام ناروونی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ ئەو و تەواوی تیمەكەی دەگەرێتەوە .
ئەو تیمە نەیتوانی سیاسەتێكی روون و كاریگەر پیادە بكات، بە تایبەتی لە سوریا و عیراق و لیبیا و ئەفغانستان و یەمەن و فەلەستین، ئەمە بێجگە لە پرسی چەكی ئەتۆمی ئێران و زیاد بوونی دەسەڵاتی روسیا لە ناوچەكە و هەروا هەڕەشەكانی كۆریای باكور بۆ هەندێ وڵاتانی ئاسیا و ئەمریكا .
هەر چاودێرێك زۆر بە ئاسانی دەیزانی كە دبلۆماسیەتی ئەمریكا بەرەو ئیفلاسی دەڕوات، واتە ئەو هێزەی نەماوە كە پێشان هەیبوو، هۆكارەكەشی بۆ دوودڵی وەزیرەكە دەگەڕایەوە .
ترامپ ئەو كاتەی پاڵێوراو بوو بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دەیگوت " سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەمان بوەتە واجیهە بۆ بڵاوكردنەوەی بێهێزی ".
لە كار لابردنی تیلرسون و دانانی بۆمبیۆ لە شوێنەكەی هەڵوێستی ترامپ دژ بە سیاسەتەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هێزتر دەكات و نیەتەكەشی رووندەكاتەوە سەبارەت بە كشانەوەی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی كە بڕیار وایە لە ناوەراستی مانگی ئایاردا دوا هەڵوێستی خۆی راگەیەنێ .
ترامپ لە لێدوانێكیدا گوتی " دانانی بۆمبیۆ هەواڵێكی ناخۆش بوو بۆ رێككەوتنە ئەتۆمیەكە". كە ئەمەش تەئكیدێكە كەوا تیمە نوێیەكەی سیاسەتێكی توند دژ بەو رێككەوتنە پەیرەو دەكات .
بۆمبیۆ یەكێكە لە كەسایەتییە توندڕەوەكان، دژی سیاسەتی ئێرانە و دژی سەرۆك كۆماری سوریا بە شار ئەسەدە و هەتا زۆر دژیشە بەرامبەر سیاسەتەكانی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان .
واتە پێچەوانەی تیلرسۆنە كە لەگەڵ هەڵوێستی ئەوروپا بوو بە هێشتنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و هەوڵیشی دەدا وڵاتەكەی و توركیا پێكەوە كار بكەن، بە تایبەتی لە فایلی سوریادا .
نەك هەر ئەمە، بەڵكو ترامپ جۆن بۆلتون وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ودێڤید شینكەری لە نووسینگەی ئاسایشی نەتەوەیی دامەزراندوە كە هەردووكیان بێ حەد دژی سیاسەتەكانی ئێرانن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .
پرسیار ئەوەیە : ئایا گۆڕینی ئەندازیارێكی پترۆل بە وەزیرێكی هەواڵگری هەیبەتی دبلۆماسیەتی ئەمریكا بۆ دۆخی جاران دەگەرێنێتەوە ؟
من پێم وایە هەر چۆن روناڵد ریگن پێویستی بە جۆرج شولتز و ریچارد نیكسون بە هنری كیسنجەر هەبوو، ئەو هاش ترامپ پێویستی بە یەكێك هەیە دەستەراستی بێ، نەك یەكێك كە بەپێی ئەجندای خۆی بجولێتەوە و وەلائی بۆ دامەزراوەی سەرۆكایەتی نەبێ .
بۆمبیۆ رێكە لەگەڵ ئەولەویاتی سەرۆك ترامپ و باشیش دەزانێ كە ئەو وەزیفەیەی دەبێ لە خزمەتی ئەجیندای سەرۆكەكەی بێ .
هیوادارم گۆرانكارییەكان بە زووترین كات ماكگۆركیش بگرێتەوە، چەنكە ئەو پیاوە عەرابی داگیركردنی كەركوك بوو لە لایەن حەشدی شعبیەوە .
* نەورۆز هێمای كوردە، مافی هەموو تاكێكی كوردە لە رۆژێكی وادا ئاهەنگ بگێری .
بەڵام پرسیار ئەوەیە : ئایا ئەو ئاهەنگ گێرانە بە تایبەتی لەم ساڵەدا لە جێی خۆی بوو ؟
ئەو هەموو پەیامانە چی بوون كە لە شەوی نەورۆزدا بڵاوكرانەوە ؟
بڵاوكردنەوەی هەندێ وێنە لە لایەن هەرزەكارێكی سیاسی چ مانایەكی هەبوو ؟
كەركوك داگیركراوە و هەروا عەفرین، هەزاران كەسی كەركوكی ئاوارەن و لە عەفرینیش خەڵك تا ئێستا لە كۆڕەودان و نازانن دوارۆژیان چی بە سەردا دێت .
كابرایەكم بینی دەیگوت : هەرچەندە دڵگرانم بۆ كەركوك و عەفرین ..!
باشە ئەگەر دڵگرانیت ئەی بۆ خۆت وا بادەدەیت ؟
بڕوا بكەن هەر چۆن وەك ئابوریناسێك تا ئێستا لە مەسەلەی بودجە و مووچە نەدان تێنەگەیشتوم، ئەو هاش وەك نووسەر و رۆژنامەنووس و نیمچە سیاسەتكارێكیش لەو پەیام و هەڵوێستی بەرپرسان تێنەگەیشتم .!
دەبوایە لە رۆژی نەورۆزدا نەك ئاهەنگ بگێڕین، بەڵكو رێپێوانێكی ملیۆنی لەسەرتاسەری كوردستان بەباشوور و باكور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات دژ بەو وڵاتانە ئەنجام بدەین كە كوردیان كردۆتە ئامانج .
من دەزانم هەر پارچەیەك لەو كوردستانە دۆخی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام دەكرا هەر یەكە و لەو دۆخەی خۆیدا نارەزایی دەربڕێ.
خۆزگە هەر سێ پارچەكانی دیكەی كوردستان وەك باكور رەفتاریان بكردایە .
هەموومان حەشاماتەكەی ئاماد و وان و ئەنقەرە و شوێنی دیكەمان بینی، لە 104 شاری باكوری كوردستان ئاگری نەورۆز كرایەوە، سیاسەتكاران تێكەڵی گردبوونەوە جەماوەرییەكان بوون، پەیامی پڕ مانای گەلی كوردستان خستە بەردەم رای گشتی جیهانەوە .
بەداخەوە سیاسەتكارانی لای خۆمان خەریكی سەیران و خۆبادان بوون، وەك ئەوەی نە بایان دیبێ نە باران، هەندێكیشیان خەریكی سێلفی گرتن بوون و لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكاندا بڵاویان دەكردەوە، هەتا هەندێ لەو وێنانە كاتی نانخواردن گیرابوون و نیشانی خەڵكیان دەدا كە چ نیعمەتێكی ئەو خوایە دەخۆن .!
لە هەمووی سەیرتر ئەو بەرپرسانە بەر نەورۆز لێدوانی دژیان دەدا، یەكێك دەیگوت ئاهەنگ ناگێرین و ئەویتر دەیگوت بەبێ دەنگی و وەك نارەزاییەك ئاگری نەورۆز هەڵدەكەین و هەر یەكێكیشمان پارچە پەرۆیەك بە ناوی كەركوك و عەفرین و هەڵەبجە و . تاد بەرز دەكەینەوە .
بەداخەوە دەڵێم هیچ یەك لەو قسانە وا دەرنەچوون، هەتا یەكێك بە حیتە حیت پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكرد و هیوای دەخواست بژێوی خەڵك چاك ببێتەوە كە بە درێژایی 15 سالأ خۆی لە گەندەڵی و دزینی موڵكی گشتی نە پاراست ..!!
* ترامپ لە پەیامی نەورۆزدا هێرشێكی توندی كردە سەر ئێران، بەڵام بە هیچ شێوەیەك رەخنەی لە توركیای داگیركەر نەگرت كە ئەمەش جێی پرسیارە .
بەراستی بانێكە و دوو هەوایە .
* ئادار مانگی قەدەری كوردە، زۆربەی ناخۆشیەكان لەو مانگەدا روویانداوە، كە دواترینیان داگیركردنی عەفرین بوو لەلایەن وڵاتێكی تیرۆریست كە ئەویش توركیایە .
سەدام حوسێن كوێتی داگیر كرد و هاوپەیمانانیش ئەو هەموو كارەساتەیان بەسەر هێنا، كە چی ئەردۆگان عەفرینی داگیركرد، چونكە شارێكی بێ كەسە بە هەموو لایەك بێدەنگیان هەڵبژارد .
نەك هەر ئەمە، بەڵكو ئەو دیكتاتۆرە لە بەردەم هەموو جیهاندا دەڵێ عەفرین دوا ئامانجمان نابێ، بەڵكو بەرەو كۆبانێ و قامشلۆ و منبج و تەلرفعەت و شوێنی دیكە لەشكركێشی دەكەین، ئەگەر حكومەتی عیراقیش بە دەنگمانەوە نەیەت بە یەك شەو دەچنە ناو شنگاڵەوە .
پێم سەیرە هەندێ لایەنی كوردی سوریا كە تا ئەمرۆ لە گەڵ پەیەدە و یەپەگە ناكۆك بوون، ئەمرۆ دەیانەوێ ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی توركیا رەحمێكیان پێبكات و ئیدارەی عەفرینیان رادەست بكات .!
هەموومان دەزانین عەفرین بە هۆی سادوسەودایەكی زاڵمانەی چەند وڵاتێكی بیانی زلهێز رادەستی توركیا كرا .
ئەو وڵاتانە هەر هەموویان لە سەر سڕینەوەی ناسنامەی كوردبوونی ئەو ناوچانە هاوڕان، بە هەزاران ئاوارەی عەرەبی سوری ئامادەكراون بۆ ئەوەی لەو ناوچانە نیشتەجێ بكرێن .
ئەو لایەنانەی كە خۆیان ئامادە كردووە ئیدارەی ئەو ناوچانە بگرنە دەست هەڵەیەكی گەورەی ستراتیژی دەكەن .
ئەم كارەشیان دەچێتە چوارچێوەی خیانەتی نەتەوەییەوە .
كورد تیرۆریست نییە، چەند ساڵە شەڕی تیرۆریستان دەكات، پێچەوانەی توركیا بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی رابردوو هەمیشە تیرۆریستانی لە عیراق و سوریا بە هێز كردووە، زۆربەی ئەو تیرۆریستانە لە رێی توركیاوە گەیەنراوەتە سوریاو عیراق، بۆیە ئەو لەشكركێشییەی توركیا بۆ سەر عەفرین و شوێنی دیكە هەر بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەی لەو كوردانەی كە رێگر بوون بەرامبەر مەرامە خراپەكانی توركیا .
بەڵێ توركیا تیرۆریستە نەك گەلی كورد، ئەو دزی و تاڵانانەی كە لە عەفرینیشدا كران، نەك هەر تاوانن، بەڵكو كارێكی بێ ئەخلاقین و گوزارشت لە سروشتی هێزەكانی توركیا و چەتەكانی دەكات .
هەر بۆ ئاگاداری گوتەبێژی بە ناوی حكومەتی توركیا بەكر بوزداغ رۆژی سێشەممە 13ی ئادار رایگەیاند كە رێككەوتنێكی توركیا هەیە لەگەڵ حكومەتی عیراق دەربارەی ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی هاو بەش دژ بە چەكدارانی پەكەكە لە باكوری عیراق و گوایە لێكتێگەیشتنێكیش هەیە لە نێوان ئەو دوولایەدا .
ئەردۆگان كابرایەكی دیكتاتۆرە،نوێنەرایەتی گەلی توركیا ناكات، بەڵكو حزبێكی توندەروی ئیسلامی،بۆیە هەر هەڵسوكەتكردنێك لەگەڵ ئەو پیاوە و دژایەتیكردنی كوردیش بكرێتە عاملێكی هاو بەش لە نێوان عیراق و توركیا ئەوا بەهەردوولا دەڵێم ئەو موودێلە بوونی نەماوە، ئەگەریش روو بدات ئەوا بێ شك ململانێیەكی نوێ لە ناوچەكەدا دروست دەكات .
ئەوەی لای من گرنگە نابێ بە هیچ شێوەیەك رێ بە توركیا بدرێ، ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە ناو خاكی هەرێمدا ئەنجام بدات و ئەگەریش بەغدا كردی نابێ پێشمەرگە ببێ بەلایەن .
چونكە سەرۆكی فراكسیۆنی لایەنێكی سیاسی كوردی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا ئەوەی راگەیاندبوو كە پێشمەرگە بە شێكە لە مەنزومەی بەرگریی عیراق و حكومەتی فیدراڵیش چ بڕیار بدات ئەوا پێشمەرگەش دەگەرێتەوە ..!!
بەراستی لێدوانێكی خەتەر ناكە و بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی باشووردا نییە .
* هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەوڵەتمان هەیە نەك دەسەڵاتمان .
كەسانێك بۆ سەرخستنی پرۆژەی نیشتمانی كار بكەن، نەك پرۆژەی شەخسیەكانی خۆیان و منداڵ و خێزان و دەستوپێوەندەكانیان .
كاراكردنەوەی فایلی (دومین) دەتوانێ تارادەیەكی زۆر باری دارایی خراپی هەرێم چارەسەر بكات .
بۆ ئاگاداری (دومین) بریتی یە لەو عیقارانەی كە سەر بەدەوڵەتن .
حكومەت پێویستە ئەو عیقارانە بفرۆشێ یان بە كرێیان بدات بەرامبەر بە پارەیەك كە گوزارشت لە بەهای راستەقینەی ئەو عیقارانە بكات، بەرامبەر بە گوژمەیەكی رەمزی وەك ئەوەی لە 15 ساڵی رابردوودا كرا .!
بە كورتی دەبێ حكومەت بڕیارێك سەبارەت بەو مەسەلەیە دەربكات، بەڵام بە ئەسەرێكی رەجعییەوە .

© 2017 Hawler