تەمموز 15, 2020

لە داڤۆس.. هەرێمێك لە ناو دەوڵەتاندا

ئاریان فەرەج

 

هەرێمێك لە ناونیشانە یاساییەكەی گەورەتر، تاكە جوگرافیایەك بێ ئەوەی دەوڵەت بێت، ئیرادە و دووربینی و سیاسەتی ئابوریی دروست، خستبێتییە سەر نەخشەی ووزەی جیهانی،
هەرێمێك توانیبێتی بە كەمترین دەرفەت، سەرباری دژایەتی و ئاستەنگ، گەشە بكات و ببوژێتەوە و سەرنجی دوونیا راكێشێ، لە نێو كێڵگەی بەرهەمهێنانی توندئاژۆییدا بێت و بەڵام نەك هەرتۆوی توندرۆیی تێدا نەتروكێ، بەڵكە سەنگەری یەكەمی دژایەتی تیرۆربێ، سەرۆكەكەی لە جەنگی شكاندنی ئەفسانەی داعشدا، پێشمەرگەی مەیدان بێ.
هەرێمێك لە نێو دەوروبەرێكی بارگاوی بە رق و تۆڵەكاری، بێ ئامان و بێ ئۆقرە وهەمیشە قەیراناویدا، لێبووردەیی و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان كولتووری بێت، لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاكە ناوچەیەك بێت هەموو تایەفە بەشەڕهاتووەكان، پەیڕەوانی ئایینزا پێكناكۆكەكان، پەنای بۆ بێنن و تییدا ئۆقرەبگرن و ملیۆنان ئاوارە و لێقەوماوی شەڕ داڵدە بدات.
هەرێمێك بتوانێ لە نێو ئاگرباراندا، نیعمەتی ئاساییش بە ئاستێك دابین بكات، نەك هەر دانیشتووانەكەی، بەڵكە میوانان، دیبلۆماتكاران، وەبەرهێنەران لەهەر چوارگۆشەی دونیاوە بێ سڵەمینەوە رووی تێبكەن و ئاسودە و پارێزراو بن.
هەرێمێك لە ناوچەیەكدا كە قەیرانی حوكمڕانی، نەمانی پردی متمانەی نێوان گەلان و حكومەتان و لێكترازانی سیاسی ناونیشانی بن، ئەم بپەرژێتە سەر یەكخستنی نێوماڵ، چاكسازی و عەدالەتخوازی، هەنگاو بەرەو حوكمداریی رەشید.
هەرێمێك لە ژینگەیەكی نامۆ بە دیموكراسی و تەژی لە تاكڕەوی و نكۆڵیكاری و پاكتاوخوازیدا، دەست و پەنجە لەگەڵ ئازادی، فرەیی سیاسی و بەها سەردەمییەكاندا نەرم بكات، لە دەوروبەرێكی داڕوخاودا، بیناكاری هەڵچنێ و لە نێو مەرگدۆستیدا، ژیاندۆستی بژێنێتەوە.
هەرێمێك بتوانێ هاوسەنگیی خۆی لە ململانێی تەشەنەسەندووی ناوچەكەدا بپارێزێ، لە نێو پەرچەكرداروهەڵچووندا، عەقڵانییەت و ئارامی لەدەستنەدات، رێچارەی هێورببونەوە پیشانی بەشەڕهاتووەكان بدات، پەرۆشی بەردەوامیی هاوپەیمانیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێت دژ بە داعشی دوژمنی هاوبەشی هەمووان، لە نێوان دراوسێ و دۆست و هاوپەیماناندا فاكتەری لێكگەیشتن بێت، كاربكات گەلەكەی و گەلانی مەینەتدیدەی عێراق و ناوچەكەش بە ئاگری شەڕ نەسوتێن و خاكیان نەبێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێ.
هەرێمێك بەم پەیام و روانگایەوە، بە توێشووی ئەزمونێكی سەركەوتووی دەگمەن لە نێو ژینگەیەكی پڕ شكستدا، هەرێمێك كە بەشێك نییە لە هۆكاری كێشە و بەدبەختییەكانی ناوچەكە، دەتوانێ بەشێكی كاریگەر و لێوەشاوەی چارەسەربێت، هەر بۆیەش لە كۆڕبەندی جیهانیان و لەهەر مەحفەلێكدا سۆراغی چارەسەر بكرێت، هەمیشە كوردستان بە قەبارەی دەوڵەت، دەوڵەتێكی كاریگەر، بانگهێشتكراو و رێزلێگیراو و گوێلێگیراوە.
پەرۆشیی ئامادەكارانی كۆڕبەندیی ئابوری داڤۆس بۆ بانگهێشتی ساڵانەی سەرۆك و رابەرانی كوردستان، بە تایبەتیش ئەمساڵ كە ناوچەكە لە هەژان و بەردەم پێشهاتی ترسناكدایە، پێشوازیی شاندی كوردستان لەسەر بەرزترین ئاستی بەشداران، كۆبونەوەی سەرۆك ترەمپ و سەرۆك نیچیرڤان بارزانی، لە سادەترین لێكدانەوەدا، نزیكبوونەوەی بڕیاربەدەستانی جیهانە لەو راستییە ویژدانییەی هەمیشە سەرۆك مەسعود بارزانی بە گوێیدا دەدان و دەیگووت: ئێمە هۆكاری بێ ئۆقرەیی نین لە ناوچەكەدا، ئێمە عاملی ئیستقرارین.

© 2017 Hawler