ئایار 25, 2020

سیناریۆی جێگیركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە كوردستان

مەشخەڵ كەوڵۆسی*

 

لەمڕۆژانەدا زۆر بەجیدی باسی دەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەكرێت، بەگوێرەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق. پەیتاپەیتا داخوازی خۆپیشاندانی ملیۆنی دەبیستین بۆ هەمان مەبەست. ئەگەر ئەو هەنگاوە دەرهاویشتەی كوژرانی قاسم سلێمانی و هاوڕێكانی بێت، یاخود نا، دواجار یەك ئەنجام بەدەستەوە ئەدات ئەویش ئەوەیە كە بەشەكانی خوارووی عێراق، هی ئەوە نین ئەمریكا بتوانێت سەرمایەگوزاری تێدابكات. بەتایبەتی بۆمانەوەی درێژخایەن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەمریكا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و تەنگە هەستیارەكانی دەریاكاندا، بنكەی سەربازی هەیە، مانەوەی ئەو بنكانەش بەگوێرەی ڕێوشوێنی یاسایی چێكراون. وەك لەئەڵمانیا و ژاپۆن دەبینین. مانەوەكە بەجۆرێكە هیچ ئاڵۆگۆڕێك لە سیستەمی حوكمڕانی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەدا نابێتە هۆی گۆڕانی پێگەی هێزەكانی ئەمریكا.
ئەمریكا ویستی لەعێراقیش هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە، بەڵام دەركەوت ژینگەی عێراقی نەناسیوە، چونكە عێراقییەكان بەگوێرەی مەزاجی خۆیان دەستكاری هەموو شتێك ئەكەن، بە ڕێكەوتنی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكایشەوە!.
لەدوای گەیاندنی مەسیجی لایەنی پەیوەندیداری یاسایی لەعێراق بەئەمریكا، هاوكات پاڵپشتی جەماوەری باشوری عێراق لەو مەسیجە، ئەمریكاییەكان یەكەم كاردانەوەیان پیشاندا، بەوەی دەیانەوێت چوارچێوەی مانەوەو كاری هاوبەشیان لەگەڵ عێراق بەردەوامی هەبێت.
دیارە ئەو تایتڵە گشتییە، ڕونكردنەوەی زیاتری دەوێت. بەرپرسێكی باڵای پەنتاگۆن چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەپرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: هێزەكانمان لەشوێنی پارێزراوتر كۆدەكەینەوە!.
ناوەندی میدیاییەكانیش جاروبار بە پشت بەستن بە سەرچاوەی خۆیان، باس لە سیناریۆی هێنانی بەشێك لەو هێزانە دەكەن بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.
لەم سەروبەندەدا لیوا "عەبدولكەریم خەڵەف" وتەبێژی سوپای عێراق دەڵێت: پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا پرسێكی سیادییە و، بەو پێیە هەرێمی كوردستانیش پێویستە پێیەوە پاند بێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش دێتە سەخەت و ئەوە دووپات دەكاتەوە كەبڕیاری دەكردنی ئەمریكاییەكان، دەستوریی نیە، چونكە تەنها یەك پێكهاتە "شیعەكان" بڕیاریان لێداوە بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوبەشەكانی ئەو نیشتمانەی ناوی عێراقە!.
بۆیە چاودێران ئەگەری قسەوباسێك لەبارەی گواستنەوەی بەشێك لەو هێزانە بۆ هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن. لەو سۆنگەیەشەوە پێم خۆش بوو چەند تێبینییەك بخەمە بەرچاو:
یەك: پێویستە لایەنی كوردی لەو ڕاستییە تێبگات كە ئەو پرسە پرسێكی سیادییە.
دوو: هەر بڕیارێك بۆ هێشتنەوەی هێزی ئەمریكا لەهەرێمدا بەپێچەوانە لەگەڵ خواستی شەقامی شیعی، دوژمنایەتی شیعەمان بۆ مسۆگەر دەكات، بەلام ئایا دۆستایەتی و پشتیوانی ئەمریكامان بۆ مسۆگەر دەكات.
سێ: بڕیارێكی لەو شێوەیە، ڕیسكە بەچەند ئاستێكی پەیوەندییەوە، باجێكی گرانی دەوێت، ئایا ئەمریكاییەكان ئامادەن قورسایی ئەو باجدانە لەئەستۆی كورد لابدەن؟
چوار: هەر هەنگاوێكی لەو جۆرە پێویستە بە ڕێككەوتنی نوسراو، خاوەن ڕەهەندی زانراو، مۆركراو، كەتیایدا ئایندەی كوردستان پارێزراوبێت و مسۆگەر كرابێت، ڕێك بخرێت.
پێنج: لەڕووی كردەییەوە، هەنگاوێكی لەوجۆرە دابەشكردنی عێراقە، ئەگەرچی ئەوە ئەستەمە دانی پێدابنرێت، پرسیار ئەوەیە: دیپلۆماسیەتی كورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەستەمەدا دەكات.
شەش: لەڕووی پەیوەندیی هەرێمایەتیشەوە، شكاندنی باڵانسی بێ لایەنییە، ئایا هەڵوێستێكی لەو جۆرە چۆن چانسەكان لەبەردەمی كورددا دەگۆڕێت؟ ئایا كورد دەتوانێت لەنێو ئەو بەرداشەوە بەسەلامەت دەربچێت؟
دواجار: لەكاتی بەشداریكردن لەشەڕی داعشدا، چەندین كەس هاوارمان كرد كەپێویستە بەشداریكردنی كورد لەو جەنگە، لەبەرانبەر داننانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا بێت بەدەوڵەتی كوردستاندا، ئێستاش كە باس لەجێگیركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەهەرێم وەك ئەگەرێك دێتە بەرباس، هەمان هاوار دەكەین.

*سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد

© 2017 Hawler