ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئەگەر یەك سیاسەتی دەرەوە هه‌بوایە ترەمپ بەجیا نەیدەبینین

جەمال عەبدوڵا

 

ئەگەر عێراق بەھەموو پێكھاتەكانییەوە، بەڕاستی و بە شەراكەت و بەتەوافوق، یەك سیاسەتی دەرەوەیان دابڕشتایە و بەیەكەوە یەك سیاسەتی دەرەوەیان جێبەجێ بكردایە، دۆناڵد ترەمپ نەدەھات سەرۆكی ھەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆككۆماری عێراق بەرھەم ساڵح بەجیا ببینێت . بەڵام، كاتێك كۆمەڵێك ئەندام پەرلەمانی یەك پێكھاتەی عێراق لە 5 – 1 - 2020 بڕیاری دەركردنی ھێزە بیانییەكان لەعێراق - كە مەبەست ھێزەكانی ئەمەریكایە – دەردەكەن، بەڵام ھەرێمی كوردستان ئەم بڕیارە بە بڕیارێكی ھەڵە دەزانێت و مانەوەی ھێزە بیانییەكان، بەتایبەتی ھێزەكانی ئەمەریكا، لەعێراق بەھەرێمی كوردستانیشەوە بە پێویست دەزانێت، ئیتر بەتەواوی بۆ دنیا ڕووندەبێتەوە كە بەغدا و ھەولێر لەدوو پایتەختی دوو دەوڵەتی جیا لەیەكتر دەچێت، چونكە ئەگەر بەڕاستی عێراق یەك دەوڵەت بێت نابێت دوو سیاسەتی دەرەوەی ناكۆك لەگەڵ یەكتریی ھەبێت، نابێت لەھەولێر ھێزەكانی ئەمەریكا ھێزی دۆست و ھاپەیمان بن و لەبەغداش دوژمن .
دوور لە بابەتە شەخسییەكان و ھیچ پێویستم بە پیاھەڵدان یان زەمكردنی ھیچی كەسێك نییە، بەڵام لە داڤۆس قورسایی نێچیرڤان بارزانی زیاترە لە سەرۆككۆماری عێراق چونكە : -
1 : - لەھەولێر ئەمان و سەقامگیری ھەیە، بەڵام لە بەغدا نییە .
2 : - ھەولێر خۆی بڕیاردەدات، بەڵام بەغدا بڕیاری بۆ دەدەن .
3 : - ھەولێر دەڵێت ئێمە لە ئێران ناترسین، بەڵام ڕێزی لێدەگرین، كەچی بەغدا ناتوانێت یان ناوێرێت قسەی وابكات .
4 : - ھەولێر یەك زمانی بۆ قسەكردن لە گەڵ دەرەوە ھەیە، بەڵام بەغدا دوو زمانی ھەیە، زمانێكیان ھەڕەشەكردن و داواكردنی دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكایە لەعێراق و، زمانێكیشیان زمانی ئەو 50 تۆمارە دەنگییەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی بەرپرسانی عێراقە، كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتی تۆماری دەنگیی 50 بەرپرسی عێراقیمان لایە كە پێیانخۆش نییە ھێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق بكشێنەوە.
5 : - ھەولێر، یەك سەرۆكی ھەرێم و یەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەیە، بەڵام لە بەغدا سەرۆكی ھەر گرووپێكی چەكدار سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆككۆمارێكە بۆ خۆی .
6 : - ھەولێر ئاوارەی بەغدا وەردەگرێت، بەڵام بەغدا ئاوارە بۆ ھەولێر دەنێرێت .
7 : - ھەولێر لەگەڵ بازاڕەكانی دەرەوەدا تێكەڵ بووە و، ھانی وەبەرھێنان و بازرگانی دەدات، بەڵام بەغدا لەگەڵ بازاڕی دز و لەگەڵ ئەو بازاڕانەدا تێكەڵ بووە كە خۆیان بەرەو خنكان و فەوتان دەچن .
8 : - ھەولێر خاوەنی قەزیەی سیاسیی خۆیەتی، بەڵام بەغدا قەزیەی سیاسیی نییە مەگەر ئەو قەزیەیەی ھەبێت كە كێ ئازایە زۆرتر بدزێت.