شوبات 28, 2020

فاتیح مەولەوی زادە

 

مێژووی گەلی كورد بە هەر بارێكدا هەڵدەینەوە، پڕن لە (مەینەت، زەحمەت و چەرمەسەری) هیچ یەك لە نەهامەتی و ناخۆشییەكان نەیتوانی چۆك بە خەونی میللەت دابدا. بۆیە، بەردەوام لە رێگەی شۆڕش و راپەڕینە جیاوازەكان لە سەدو بیست ساڵەی رابردوو تا گەشتووینەتە قۆناغی ئەمڕۆ، هەوڵ دراوە خاوەن مافی خۆمان بین.سەرەڕای تۆقاندن، ئابڵۆقە، زەبروزەنگی جۆراوجۆری (سەربازی، سیاسی و ئابووری) هیچ كات كورد ملی که‌چ نه‌کرد. جەنابی سەرۆك بارزانی، لە وتەكانیدا،سێ شتی گێڕایەوە كە پێویستە بە هەند وەریبگرین: یەكەم: ((ئێمە میللەتێكین مافمان هەیە، خاوەنی هەزارەها شەهیدین، چۆن ئەبێت ئیرادەی خۆمان تەسلیمی حەتتا ئەمریكاش بكەین)). دووەم: (( لە بەغدا بووین، پۆل برێمەر زۆر دژی فیدڕاڵی و پێشمەرگە بوو، بەردەوام دەیوت پێشمەرگە حەل بكرێت و خەتی سوورە، جەنابی سەرۆكیش گوتی جارێك بۆ تۆ خەتی سوور بێت 10 جار بۆ من خەتی سوورە، ئەوە دەچمەوە كوردستان و پیاو بە وەرە پێشمەرگە حەل بكە)).
بە داخەوە، زۆر جار لە ئاستی ناوخۆ (ناتەبایی، خیانەت، چوونە ژێرباڵی لایەنی تر، نابەرپرسیاری، نەبوونی هەستی نیشتمانی، بەرژەوەندیخوازی و چاوبرسێتی) بەشێكی دیاری كورد، بوونە هۆكاری پاشەكشەكردنی گەلی كورد. بەڵام، ئێستا هەنگاوەكان وا وێنا دەكەن، پێگەی سەرۆك بارزانی، وەك مەرجەعێكی باڵا لە نێو كورد رۆژ بە رۆژ گەشتر و دیارتر دەركەوتووە وخه‌ڵکه‌ دڵسۆزه‌که‌ی دیکه‌ش درێژه‌پێده‌ری هه‌وڵه‌کانی ئه‌و ڕێچکه‌یه‌ی ئه‌ون.
ئه‌مڕۆ،که‌ هەرێمی كوردستان بووەتە مەنزڵی بڕیار و، لە ئاستی نێودەوڵەتی بووەتە مەنزڵگەیەكی پڕ مێوان، نیشانی دەدات چەندە بە بایەخەوە سەیری پێگەی كورد دەكرێت. بۆیە، ئەوەی گرنگە، ئێمە بتوانین سوود لەم دەرفەتە وەربگرین و عاتیفە نەبێتە هۆكاری دواكەوتنمان، چونكە عاتیفە بووە هۆكاری متمانە كردنمان بە كۆمەڵێكی ناوخۆ و دەرەوە خەریك بوو ئەزموونەكەمان لە دەست بدەین و،16 ی ئۆكتۆبری لێكەوتەوە. ئێستا هەموو دەزانن میللەتی كورد و، ئەوەی خۆی بە تایبەت لە ژێر سێبەری حیكمەتی بارزانیدا دەبینێتەوە، بە ئاسانی چۆك دا نادا. بۆیە، بە بایەخەوە لە بارودۆخ دەڕوانن و كاتیەتی سوود لە دەرفەتەكە وەرگرین، لە كاتێكدا دۆخی عێراق لە لێواری مەرگە و هیچ سەروەرییەكی تێدا بەدی ناكرێت، شلۆقیی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وناوچەكانی دەورووبەرمان، ئەگەرچی ناحەزی هەرێمی و نێو دەوڵەتیشمان هەبێت، بەڵام بەرژەوەندیی زلهێزەكان لێرەیە و جیۆپۆلیتیكی ناوچەكە وا دەخوازێت ئەوانیش هاوشانمان بن. بۆیە، سیاسەتی هەرێمیمان ئەوە بێت دوور بین لە تێوەگلان و نەبینە مۆڵگەی شەڕی سیاسی وڵاتان، سوود وەرگرتن لە ئەو هەلانەی بۆ بەرژەوەنی كورد دێتە پێشەوە، بۆیە هەنگاوەكان زۆر لە لوتكە نزیكن و بەرەو ئاسۆی گەشتر هەنگاو دەنێین.

© 2017 Hawler