شوبات 28, 2020

زمانی ژیان نەزانین، چارەنووسی کەسیمان نادیار دەبێ!

گوهدار ئاكرەیی

 

ئادەمیزاد بەگشتی لەسەرەتای تەمەنیەوە، نازانێ چۆن چۆنی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەری بکا، لەگەڵ ئەوەشدا خەونی خۆی هەیە. بەهۆی هەبوونی خولیای بۆ ئەم خەونە و شوێنکەوتنی، تووشی هەڵوێست و بارودۆخی هەمە جۆرە دەبێتەوە و تا خۆی تیا دەدۆزێتەوەو پەی بەزۆر شت دەبا.
یەکێک لەو شتانەی کە بە گەورەترین سەرقاڵیمان و گرانبەهاترین گەنجینەی ئادەمیزاد دادەنرێت و ناتوانین دەستبەرداری بین، ئەمیش (چارەنوسی کەسایەتی)مانە. جا ئەوەی مەبەستمانە چۆن بتوانین چارەنووسی کەسی لەنێو ڕوحماندا شین بکەین یا درکی پێبکەین؟ بۆئەمە بێگومان سەرەتا پێویستە هەرتاکێک هەوڵەکانی خۆی چڕ بکاتەوە و بەدروستی لەخۆی تێبگا بەدوای چ شتێک بکەوێت، وە ئەو ڕێنوێنیکەرانە چین کە وای لێدەکەن لە شتەکانی جیهان و ژیان تێبگا، واتە لەزمانی ژیان بزانێت، چونکە زمانی هاوبەش مەرجێکە بۆتێگەیشتن لە مەبەست، وە ناهێڵێ کەسەکە شەکەت و ماندوو ببێت، چونکە کاتێ ئەقل لەشتێک تێنەگا دەوەستێت، ناتوانێ ئامانجەکەی بپێکێنێ. بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە وەری بگرین، مرۆڤ کاتێ بیرکردنەوەکانی چڕکردەوە، بەتەواوی دەچێتە ناو جەرگەی ژیانەوە و دەرفەتەکان دەکا بە بەختی باش، بەمەش بەتەواوی لەزمانی ژیان تێدەگا. ئیتر هەر ئەوەندەیە مرۆڤ لەزمانی ژیان تێگەیشت، بەهۆی بیرکردنەوەکانی و ماندوو بوونی لەڕێی ئامرازە نادیارەکانەوە، زۆر شتی بۆ بەدەردەکەون تا خۆی تیا ببینێتەوە، چونکە شتێکی شاراوە نییە مرۆڤ لە کێشە گەورە و قووڵەکانەوە دەکەوێتە ژێر تاقیکردنەوە و خۆی تیا دەدۆزێتەوە و لە ئاخاوتنی زمانی ژیان تێدەگا و دەزانێت چ چارەنووسێک لەگەڵ ناخ و دەروون و تێگەیشتنی گونجاوە. جا ئەوەی زۆر مەرجە و پێویستە ئاماژەی پێبکرێت، کە زۆر جار دەبنە ڕێگر لەبەردەم مرۆڤ لەدۆزینەوە و گەیشتن بەم چارەنووسە و یەکێکە لە خاڵە کاریگەرە کارایەکان،ئەمیش (پێشبینییەکانی مرۆڤە) کە زۆر مەرجە هەر تاکێک لەئێمە، وریای پێشبینیەکانی بێت. ڕەنگە زیاتر لەنیوەی ئێمەی مرۆڤ، بە تێبینی و بۆچوونی خۆمان، وا فێرکراوین چارەنووسی مرۆڤ لە( هەنی) واتا لە ناوچەوانی نووسراوە، ئیتر ئەستەمە بتوانێ چارەنووسی بگۆڕێت، کەچی لەبنەڕەتدا ئەم بۆچوونە بەهیچ شێوەیەک بەڵگەی سەلمێنراوی بۆ نییە، بەپێچەوانەوە ئەوەتا لەنێو زۆر لە ئاین و مەزهەبەکان پەندێکیان هەیە، کە زۆر خەڵک تاکوو ئێستا لێکی جیا ناکانەوە لەگەڵ(حەدیث) یا فەرموودە، کە دەڵێ، (حەرەکەت لەتۆ، بەرەکەت لەمن). ئەمەش بەو مانایە دێ کەوا خودی چارەنووس لە گۆڕانکاری دایە. نموونەش بۆئەمە، گریمان چارەنووسی کەسیمان لە گۆڕانکاری دانەبێت، ئەوە دەبێ مرۆڤ لەکاتی نەخۆش بوونیدا، سەردانی هیچ پزیشک و نۆژدار وحەکیمێک نەکا، لەبەرئەوەی بەدەست هیچ کەسێک نیە گۆڕانکاری لە چارەنووسی نەخۆشە بکا، یاخود هیچ کار و خوێندنێک ئەنجام نەدا چونکە چارەنووسی نووسراوە و تەواو! کە ئەم ئەقڵە بێ سنوورەی مرۆڤ تەلبەند دەکەن، کەچی لەبنەڕەتدا تەنها فەرماندانمان بەکردنی شتی مەزن سەختە، تاوەکوو هاوسەنگیەک لەنێوان خۆمان و پێویستیەکانمان بڕەخسێت و ببنە دەرفەت، دەرفەتەکانیش خۆی لە خۆیدا وزە بەخشن، ئەم وزەیەش خودی مرۆڤ خاوەنیەتی، کە لەدەرەنجامی چڕکردنەوەی بیر کردنەوەکانمان بەرهەم دێت و دەبێتە هاندەرمان، بەتایبەتی لەکاتی ئاستەنگەکاندا فشاری خۆی هەیە بۆئەوەی نەکشێینەوە خاڵی سفڕ، بەڵکوو پشووی پێ بدەین واتە باشتر بیر بکەینەوە، تاوەکوو سەرەداوی رێگای ئەو ڕێگایانەت پێشان بدات، کە ڕێگر بوونە لە درک پێکردنی شوێنی چارەنووست، بەپشت بەستنی کاراماییمان چارەنووسی کەسیمان بەدەست بهێنین و تێدا ژیان ببەین. کەواتە ڕەنگ دانەوەی چارەنووسی هەر ئادەمیزادێک، لەتواناکانیەوە دەست پێ دەکا، وەیەکسانیشە بە تێگەیشتن و ناخی خودی تاکەکە.

© 2017 Hawler