شوبات 28, 2020

قوتابی و خێزان و پشووی قوتابخانە

ئاری ئاغۆک

 

دوای هەوڵ و ماندووبونی جەستەیی و دەروونی و هزری و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، دواجار قوتابی دەگاتە ڕۆژێک پێ ی دەلێن پشوو، بێگومان لەهەموو جیهان پشووی قوتابخانە بەپێی پلانی وەزارەتی پەروەردە دیاریدەکرێت، پشووی کورت و پشووی درێژ، پشووی کورت بریتین لەجەژنە نیشتیمانی و نەتەوەیی و بۆنە تایبەتیەکان کە هەر ووڵاتێک بۆنەو یادێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆیە ئەمەیان وەک پشوویەکی کورت بریتیە لەیەک ڕۆژ، یا زیاتر، بەڵام پشووی درێژ بریتیە لە پشووی هاوینەو پشووی زستانە، کە بە پشووی تاقی کردنەوەکانی وەرزەکان ناسراوە، بۆیە ئەگەر بێت و هەڵوەستیەک بکەین لەسەر پشووی دوای تاقی کردنەوەکان، ئەوا دەبێت شرۆڤەی ئەو بابەتەتە پەیوەست بکەین بە ( قوتابی و قوتابخانە، ماڵبات و خێزان، مامۆستا و کارگێری قوتابخانە، هەروەها کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی ) چونکە لە پشووەکاندا کۆمەڵە گۆرانکاریەکی گشتی دێنە پێش، چونکە زۆربەی زۆری خێزانەکان منداڵیان لەقوتابخانە دەخوێنێت، بۆیە ئەم گۆرانکاریە لە کاڵبونەوەی جەنجاڵی شەقامەوە دەست پێدەکات تا ماڵ، بۆیە لەپشوودا مامۆستا و کارگێری قوتابخانە بەشێوەیەکی گشتی هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، هەروەها قوتابی و ماڵبات بەهەمان شێوە، بۆیە ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەین، دەپرسین :
-ئایا قوتابی و خێزان چۆن سوود لەم پشوە وەربگرن ؟
بەر لەهەموو شتێک دەبێت ئەو راستیە دوپاتبکەینەوە کە دوای هەوڵ و ماندووبونی خێزان بە تەرخانکردنی کات بۆ ژیانی رۆژانەی قوتابی لەکاتی تاقی کردنەوەکاندا شیرازەی خێزان بەرەو ئاراستەیەکی تر دەروا، هەروەها قوتابی بەهەمان شێوە دوای هەوڵ و ماندووبون و خۆتەرخانکردن بۆ خوێندن و تاقی کردنەوە، لەدوا جاردا دەگاتە ئەو کاتەی کە پشوویەک وەربگرێت بۆ خۆنوێکردنەوەی خود، چونکە فشارەدەروونیەکانی خێزان و کاتی خوێندن، فشارەدەرونیەکانی نێو هۆڵی تاقی کردنەوەو وەڵامدانە، پاڵە پەستۆیەکی دەروونی گەورە دروست دەکات بۆ خودی قوتابی، بۆیە ئەم پشووە دەبێتەدەروازەیەکی باش و کاریگەر لەسەر ئاستی بیرکردنەوەی قوتابی ئەگەر بێت بتوانرێت سوود لەم کات و دەرفەتە زێرینیە وەربگیرێت، بەڵام ئەوەی جێی رامان و تێبینیە، بەداخەوە زۆرجار دایک و باوک و خێزان بەگشتی ئەو بابەت و پرسیارە لای قوتابی دروست دەکەنەوە کە بۆچی لەوانەیەک خراپت وەڵامداوەتەوە ؟ بۆچی هەوڵی زیاترت نەدا بۆ خوێندن ؟ لەکاتێکدا قوتابی لەپشوودایەو پێویستی بەپشوویەکی جەستەیی و دەروونیە، بۆیە دەبیت ئەم لایەنە بەهەند وەربگیرێت و پرسیارەکان دووبارەنەکەنەوە !
بۆئەوەی قوتابی چێژ لە پشوو وەربگرێت، دەبێت خێزان هەوڵی ئەوەبدات کە گەشتێکی کورتیش بێ، بۆدەرەوەی ماڵ، خزم و ناسیاو، شوێنە گەشتیاریەکان، دەڤەرێکی تر بۆ قوتابی برەخسێنێت، راستە هەموو خێزانەکان وەک یەک نین، بەڵام دەکرێ بەپێی بەرنامەو پلانێکی دیاریکراو تایبەت بە ئاستی بژێو و دەرامەت و کات و دەرفەت، ئەم کەشە و گۆرانگاریە ژینگەییەی بۆدروست بکرێت .
بەداخەوە یەکێک لەو گرفتانەی کە لەکاتی پشووی قوتابخانەدا ئێستا لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردە، ئەویش خۆ خافڵاندن و دووبارە گەرانەوەی قوتابی یە بۆ نێودونیای یاریە ئەلیکترۆنیەکان و ئەنتەرنێت ! بەداخەوە بەشێک لەخێزانەکان بۆئەوەی منداڵەکانیان بێ دەنگ بێت و لەخۆیان رازی بکەین، ئەوا دەرفەت دەدەن قوتابی بە مۆبایل و یاریەئەلکترۆنیەکان خەریک بێت و بەرنامەی خەوتنی دیسان گۆرانکاری بەسەردابێت، دواجار لەکاتی دەسپێکی دەوام و یەکەم ڕۆژی چونەوەی بۆ قوتابخانە ئەوا زۆربەی زۆری قوتابی بەهۆی درەنگ لەخەو هەستان، ناچێتە قوتابخانە ! بێگومان ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژینگەو بیرکردنەوەی قوتابی، بۆیە لەرۆژانی پشوودا چاودێریکردنی قوتابی لەلایەن خێزانەوە پێویستە، هەروەها بۆ دوورکەوتنەوەی لەیاری ئەلکترۆنی و مۆیایل ئەوا چونە دەرەوە لەماڵ پێویستە.
-مامۆستا چۆن پێشوازی لەقوتابی بکات ؟
وەک ئاماژەمان پێکرد لەپشوودا بەشێک لەقوتابیەکان کاتی نوستن و خەوتنیان گۆرانکاری بەسەر دادێت،(درەنگ نوستن و درەنگ لەخەوهەستان)، یەکەم رۆژی چوونەوەی قوتابی بۆ قوتابخانە بەشێک لەقوتابخانەکان رووبەروی ئەم گرغتە دەبنەوە، بۆیە دوای خێزان پێویستە مامۆستا و بەرێوەبەرو کارگێری قوتابخانە ئەم بابەتە بەهەند وەربگرن، لەدووبارە گەرانەوەیان بۆ قوتابخانە با پێشوازیەکی گەرم لەقوتابی بکرێت، بەسرووی نیشتیمانی و پەروەردەیی، هەروەها دروستکردنی کەشێکی هەمەرەنگ بۆ قوتابی بەپرسیاری کراوەو تایبەت بەپشوەکان ئایا چیان کردوە،؟ بۆکێ چوون ؟ بەچی خەریک بوون ؟ هەروەها دووپاتکردنەوەی گرنگی دان بەخوێندن و ژینگەی قوتابخانەو کات تەرخانکردن بۆ ماڵی دووەمیان کە قوتابخانەیە، نەوەک بە پێچەوانەوە راستەوخۆ بەوەرگرتنەوەی نمرەکان توشی فشاری دەرونیان بکرێن، بەڵکو بە پەیامی ئومێد بەخشی و گەرانەوە بۆ لای هاورێ و مامۆستاو قوتابخانە، هەموو ئەمانە بکەنە پەیامێکی پەروەردەیی تاوەکو بە بەرهەم و رەنجی پەروەردەیی و زانست و زانیاری و خوێندن و خوێندنەوە دەست بە دەوامی فەرمی رۆژانە بکەن و دوور بکەونەوە لەترس و دڵە راوکێ و چێژ لەرۆژانی پشوو وەربگرن.

© 2017 Hawler