تەمموز 12, 2020

ته‌نها گله‌یی و گازه‌نده‌

هەورامان علی تۆفیق

 

گله‌یی و گازه‌نده‌ به‌جۆرێک زۆربووه‌ شوێنێک نیه‌ بۆیی بچیت گوێت له‌ ناڕه‌زایی و باس و خواستی سیاسی و شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌و موچه‌و دامه‌زراندن و ناکۆکیه‌کان نه‌بێت، به‌جۆرێک ژیانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و باره‌گایی حزبه‌کانی لێهاتووه‌ . هه‌موو گله‌یی ده‌که‌ن، هه‌مووش داواکاریان هه‌یه‌، تێکڕاش دژ به‌ گه‌نده‌ڵین و ڕه‌خنه‌ له‌ حزب و به‌رپرسانی ده‌گرن و جنێو به‌ په‌ڕله‌مان و ئه‌وه‌ی دێته‌ به‌رده‌سیان درێغی لێناکه‌ن . له‌کاتێکا ژیان واتا ئارامی و خۆشی و هه‌وڵدان و کارکردن و ڕوناک بینی و گه‌ش بینی ئاینده‌، ڕاسته‌ بارودۆخه‌کان و گۆڕانکاریه‌ ناوچه‌یه‌کان و نائارامی سیاسی کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیی ده‌بێت له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک و بیرکردنه‌وه‌یان . ڕاسته‌ له‌وه‌ته‌ی بیرمان بێت کورد له‌ نه‌هامه‌تی و ناخۆشی و شه‌ڕو ئاره‌بووندایه‌، به‌ڵام له‌ دوایی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ دۆخه‌کان گۆڕان و ژیان و گوزه‌ران و حکومڕانی و ئاینده‌ و کارکردن و هیواکان پێیان نایه‌ قۆناغێکی تره‌وه‌، لێره‌دا ئه‌رک و ئاراسته‌کان وه‌ک پێویست نه‌بوون و شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌و دیوه‌زمه‌ بوو زۆرێک له‌و دۆخه‌یی گۆڕی و تائێستاش کاریگه‌ری هه‌یه‌ و هێشتا له‌ پاڵ ئاسه‌واره‌کانیدا له‌ ڕووی فکریه‌وه‌ بوونی ماوه‌ و ده‌بێ بێترس ده‌ست بۆ ئه‌و برینه‌ به‌رین و ژیرانه‌ کار له‌سه‌ر چاره‌سه‌روو سڕینه‌وه‌ی بکه‌ین، کاتێک ئه‌م شێوه‌ باس خواستانه‌ ده‌که‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆمان بکه‌ین دیسان ده‌چینه‌وه‌ ڕێچکه‌ی گله‌یی بۆ واکرا و نه‌ده‌بوو بکرایه‌، ڕاسته‌ نه‌ده‌بوو زۆر شت بکرایه‌ به‌ڵام کرا، ده‌بێ ئێسته‌ بزانین چۆن هه‌موو پێکه‌وه‌ چاکی بکه‌ین چۆن پێکه‌وه‌ کوردایه‌تی بکه‌ین و ئه‌رک و مافه‌کانی خۆمان بزانین، چۆن ویژدانمان به‌گه‌ڕبخه‌ین و له‌گه‌ڵ خۆماندا دادپه‌روه‌ربین، ڕه‌نگه‌ زۆرێک ئێسته‌ گاڵته‌یان به‌م قسانه‌ بێت و بڵێن ئه‌مانه‌ وته‌ی ئیسراحه‌تن، خه‌ڵک برسیه‌ و نه‌خۆشه‌ و نان نیه‌ بخوا و بێکاره‌ و ده‌یان کێشه‌ی دی، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌ بیر بێت ئه‌م کێشانه‌ ته‌نها ئێمه‌ی کورد نیمانن به‌ڵکو له‌ هه‌موو دونیادا بوونیان هه‌یه‌ و به‌پێی جیاوازی بارودۆخی وڵاته‌کان و سیسته‌مه‌کانیان، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆکدا کێشه‌کان بوونیان هه‌یه‌ و ده‌بێ مرۆڤ کاربکات تا بژیت، ئه‌و وڵاتانه‌ش که‌ سیسته‌می سۆسیالیستین و ژیانی هاوڵاتیانی خۆیان دابین کردووه‌، به‌شێکی زۆری ئه‌و ئه‌رکه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌ که‌ کارده‌کات واته‌ سیسته‌می باج و وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ بری هه‌موو شتێک، واته‌ هیچ شتێک بێ به‌رامبه‌ر نیه‌ . تابتوانن پاره‌ی ئه‌وانی دی بده‌ن . به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ چیه‌؟ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و یاسا و سیسته‌م ده‌یه‌وێ چیه‌؟ که‌واته‌ ده‌بێ ته‌واوی سێکته‌ره‌کان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی خۆ ڕێکخستنه‌وه‌ بۆ ژیان و گوزه‌رانێکی باشتر بۆ هاوڵاتی خۆیی ڕێک بخاته‌وه‌ و سیاسه‌ت ده‌ست له‌ بینه‌ قاقای خه‌ڵک هه‌ڵگرێ و خه‌ڵکیش ئه‌رک و مافه‌کانی خۆیی به‌جێ بگه‌ێنێ، واتا پێکه‌وه‌ ده‌کرێ کاربکرێت، نه‌ک له‌ لایه‌ک دژ به‌ گه‌نده‌ڵی بین و گله‌یمان هه‌بێت، له‌ لایه‌کی تر داوایی دامه‌زراند له‌ دامووده‌زگا حکومیه‌کان بکه‌ین، به‌ڵام ده‌کرێ داوا له‌ حکوومه‌ت بکرێت کار له‌سه‌ر زیاتر کردنی هه‌لی کاربکات و سیسته‌م و بیمه‌ی ته‌ندروستی و یاسای کارو خانه‌نشینی بۆ که‌رتی تایبه‌ت به‌جدی کاریان له‌سه‌ربکرێت، زۆر یاسا و پڕۆژه‌ هه‌ن هۆکارن بۆ خاوکردنه‌وه‌و هێورکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک و که‌م کردنه‌وه‌ی گله‌ی وگازه‌نده‌کان، ئه‌مه‌ش ئه‌رکی په‌ڕله‌مانه‌ به‌یاسا ڕێکی بخات و ئه‌و بڕوایه‌ بۆ خه‌ڵک بگێڕێته‌وه‌ و هیوایه‌ک به‌ ئاینده‌ ببه‌خشێت تا شتێک هه‌بێت جێگای گله‌یی و ڕه‌خنه‌بگرێته‌وه‌.

© 2017 Hawler