شوبات 28, 2020

د. رێبین سەلام 

 

سەرەتا پێویستە بزانین کە چاکسازی بە مانا گشتییەکەی چیە؟ ئینجا دەتوانین ھەڵسەنگاندنێکی واقعی وزانستی بکەین بۆ چاکسازی ئیداری وسیاسی و یاسایی.
ھەر لە خودی وشەکەوە بۆمان دەرکەوێت کە (چاکسازی، خاس سازی، راستاندن، ھەموارکردنەوە، بەخۆدا چوونەوە، نۆژەن کردنەوە) بریتیە لە:
((گواستنەوەی دۆخێکی: خراپ بۆ باش ولە باشەوە بۆ باشتر ولە باشترەوە بۆ باشترین)) .
ئەم گواستنەوەیە ئەرێنیە بە بێ گومانی لە دوو زەمەنی جیاوازدا دەکرێت، جا لەبەئەوەی زەمەن ئامرازی گۆڕانە وجوڵە دروست دەکات ودژی چەقبەستنە وسەرتاپای دونیاش مەحکومە بەیاسای زەمەن بۆیە مەحکومیشە بە جوڵە، وسەرئەنجام گۆڕانکاریش بوتە یاسایەکی حەتمی وچەقبەستن بوەتە یاسایەکی خەیاڵی، بەتایبەتی دوای پێشکەوتنی زانست مرۆڤایەتی بۆی دەرکەوت کە وورد ودرشتی دونیا لە جوڵەدایە ھەر لەو (خانە) زۆر گچکانەی لەشمانەوە کە ئەلکترۆنێک بەردەوام بە چواردەوری ناوکێکدا دەخولێتەوە تا دەگاتە گۆی زەوی وئەستێرەکان ومانگ ورۆژ وھەموو گێتی لە نێو مەجەرێکدا دەجوڵێت ومەجەڕەکەشوەک کایەیەکی لەندەھۆر ومەزن بەردەوام لە جوڵەدایە وپێگە وجێگەی ھیچ دۆخێک لە زەمەنی پێش وپاشی ئەو دۆخەدا نیە ئەگەر پەیوەندیەکەیان چرکەیەک یاخود بچوکتر لە چرکەیەکیش.
کەواتە گشت لە گشتی گێتی لە گۆرانکاریدایە ویاسای گۆڕانکاری یاسایەکی حەتمیە وچەقبەستن یاسایەکی خەیاڵیە ودوورە لە راستیەوە، ئەوەی کە ماوەیەکە بوەتە وێردی خەیاڵی برای گچکەتان بریتیە لەم دەرئەنجامە سەیر وسەمەرەیە:
(( سەرتاپا وورد و درشتی دونیا دەگۆڕێت لە ھەر چرکەیەکدا ...کەچی تاکە شتی وەستا وچەقیو ..زھن وخەیاڵی مرۆڤە کە ھەندێک جار سەدان وبگرە ھەزاران ساڵمان دەوێت تاوەکو بڕوایەک یان جۆرێک بیرکردنەوە بتوانین بگۆڕین ))
واتە ھیچ شتێک چەقیو نیە جگە لە فکری مرۆڤ کە دەبوایە لە بەرئەوەی خەیاڵ و ئەندێشە و بیر وھۆش و ئاوەز زۆر ساناتر لە گۆیەکی زەوی زەبەلاح بگۆڕدرایە، بۆ نمونە زۆربەمان ساڵێك یان ھەزاران ساڵ چەقیوین بە دیار بیرێکەوە وبۆمان ناجوڵێت کەچی ساڵێک واتە خولانەوەی ئەم گۆی زەویە گەورەیە بە چواردەوری خۆردا بەو ھەموو قەبەیی وقورساییەوە کە لە دونیای مادیاتدایە کەچی فکری ئینسان کە لە ھەواش ناچێ وھیچ کێشێکی مادی نیە بۆچی ناتوانین بیگۆڕین ؟
بە ھەرحاڵ مرۆڤایەتی بابەتی چاکسازی پێشی خستوە و جیای کردۆتەوە لە زندەوەرانی دیکە، چونکە ئامرازی بیرکردنەوە(تفکیر) و بیرەوەری(ذاكرە) ی ھەیە ھەر خەیاڵات و ئەندێشە و خەونەکانیەتی بە سبەینێیەکی گەشتر و چاکتر بووەتە ھۆی (داھێنان) و(ھەموارکردنەوەی داھێنان)ەکانی ھەندێک جاریش بەرێکەوت داھێنانی زۆر گەورەی دەستکەوتووە، چاکسازی لە چەندین بواردا دەکرێت وەک تەکنەلۆجیا (کە یەکەمین تەکنەلۆجیای مرۆڤایەتی بریتی بووە لەو لقە دارە یان بەردە لاتیژەی راوی پێکردووە یاخود خۆی پێ پاراستووە تا دەگاتە کەشتی ئاسمانی وفرۆکەی بێ فڕۆکەوان بریتیە لە تەکنەلۆجیا وتەنیا بە چاکسازی لە چەقۆکەی دەستیەوە کەشتی ئاسمانی دروستکردووە).
ھەروەها چاکسازی لە تیۆرەکان و ئاستەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری وسیاسی وحوکمڕانیشدا کردووە کە لێرەدا چاکسازی حوکمڕانی ھەندێک زیاتر روناکی دەخەینەسەر لەبەر ئەوەی دواجار یەکێک لەوبوارانەی کە لە کوردستان ھەوڵی چاکسازی دەدرێت تێیدا یاسای چاکسازی خانەنشینانە کە لە (١٦-١-٢٠٢٠) دا پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد، کە یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکیەکانی کارنامەی کابینەی (٩) ی حکومەتی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەنابی کاک (مەسرور بارزانی) ھەرچەندە لە کابینەکەی پێشوەوە کابینەی (٨) رەشنوسی یاساکە ئامادە کرابوو لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان ەوە بەڵام نەگەیشت بە ئەنجام وھەندێک لایەن لەبەر نزیکی وادەی دەنگدانەکان وزۆری گەندەڵیەکانیان دژایەتیان کرد، بەڵام لێرەدا دەمانەوێت بزانین، ئایا کابینەی (٩) چاکسازی کردووە لە خراپیەکانی کابینەی (٨)دا؟ یاخود چاکسازی کردووە لە باشەوە بۆ باشتر ؟
ئاشکرایە و ئەزمون سەلماندویەتی کە کاری دەستەجەمعی و بەکۆمەڵ مرۆڤ زوتر دەگەیەنێت بە ئامانج و تەنها رێگەی جەڕبێنراوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی مەزن وپڕ شکۆ، بە ئەندازەی گرنگی کاری دەستەجەمعی بونی بەرێوەبردنێکی حەکیم وبەئەزمونیش گرنگە، چونکە کاری بەکۆمەڵ بەبێ بونی سەرکردەیەک دەبێتە فەوزا وگێرە شێوێنی وزۆر لەوانەیە ئامانجەکە بزربێت ونەیەتە دی.
بێگومان بابەتی هەڵسەنگاندنی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لەبەر ئەوەی توخمی هەڵسەنگێنراو مرۆڤە زۆر گرنگە بزانین بە چ پێوەرێک ئەو هەڵسەنگاندنە ئەنجام دەدەین، پێوەرەکانیش دوو جۆرە بۆ هەر مرۆڤێکی ئاسایی ئەگەر هەڵسەنگاندنەکە بۆ حکومەت بێت پێوەری سێیەمیش خۆ بە خۆ خۆی دەسەپێنێت:
1ـ پێوەری داد (العدل):
واتە هەڵسەنگاندنێکی یەکسانانە بۆ هەموو مرۆڤەکان یاخود دەسەڵاتە سیاسیەکان بێ گوێ دانە بارودۆخی تایبەتی، ئەم پێوەرە پتر لەسەر زەوی بەکاردێت وپێدەچێت مرۆڤایەتی هەرلەم جۆرە هەڵسەنگاندنەدا سەرکەوتوبێت هەر بۆیە خودای گەورە دەفەرمێت (اذا حکمتم بین الناس فاحکموا بالعدل) العدل واتە داد هەروەها (وەزارەتی داد) گوتراوە نەک وەزارەتی دادپەروەری (العدالە)، بە هەر حاڵ ئەگەر بە پێوەری داد تەماشای هەر هەڵوێستێک بکەین واتە بە ئامرازێکی یەکسانی رەها بێ گوێدانە بارودۆخی تایبەتی حاڵەتەکان.
(هەر بۆ رونکردنەوەی مەبەستەکەمان جێبەجێکردنی داد دێتە دی ئەگەر مامۆستایەک نەهێڵێت هیچ قوتابیەک لە دوای خۆی بێتە پۆلەکەیەوە، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتی قوتابیەکان بپرسێت وبزانێت یەک بە یەکی ئەو قوتابیانەی دواکەوتون لە هاتنە ناو پۆل وئەوەی کە لەبەر بارودۆخێکی ئەستەم دواکەوتوە بیکاتە ژوورەوە وئەوانی دیکە رێگە نەدا بێن لەم حاڵەتەدا (دادپەروەری:العدالە) ی جێبە جێ کردووە، بە پێوەری داد وبێ گوێدانە بارودۆخی تایبەتی وبابەتیەکان ئەو تیمەی لە چوار دەوری جەنابی سەرۆکی حکومەت بوون لە کابینەی پێشودا ئەدائێکی زۆر خراپیان هەبوو چونکە حکومەتێکی دژ بەحکومەتمان هەبوو بە ناوی حکومەتی بنکەفراوان وپارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناو حکومەتیشدا بوون ودژی حکومەتیش بوون، پاشان لە نیوەڕێدا حکومەتیشیان بەجێهێشت و وەک ئامرازێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریان هێنا ومەرامەکەشیان سەری نەگرت وخراپ شکایەوە بەسەریاندا ودەنگیان کەم هێنا.
2ـ پێوەری دادپەروەری:
بەهەڵسەنگاندنی بارودۆخی تایبەتی و ئەو دۆخەی کە نرخی نەوت تێیکەوت و بڕینی بودجەی هەرێم و شەڕی داعش و پاشان حەشد و بە ملەوەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر، کە دەکاتە نیوەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، لەگەڵ ئەو بارە خراپانەشدا سەرکەوتنی زۆر مەزن لەکابینەی پێشو تۆمارکرا لەوانە: شکاندنی داعش وئەنجامدانی ریفراندۆم وهەڵوەشاندنەوەی ئەو تەوقەی کرابووە ملی پەیوەندییە سیاسی وئابوریەکانمان ورزگارکردنی کوردستان لێیان کە لەمەدا زۆر بە روونی رۆڵی جەنابی (کاک نێچیرڤان بارزانی) زۆر بە روونی دەرکەوت وکابینە پشت تێکراوەکەی رزگار کرد لە رووخان، هەر بە پێ ی ئەم پێوەرە دەکرێت بڵێین کارنەکردنی پەرلەرمانی کوردستان بە گوێرەی پێودانگە ئاساییەکانی کاری پەرلەمانی (کە بریتیە لە دەرچواندنی یاسا وچاودێری کردنی حکومەت) لە خولی پێشوی پەرلەماندا هەرلە سەرەتاوە لە بری ئەم دوو کارە ئاساییەی پەرلەمان، پەرلەمانەکەی کابینە بنکە فراوانەکە ببووە بنکەیەکی فراوانی بانگەشەی هەڵبژاردن وگوتاری میدیایی بێ رەفتار، پاشان لەپرسی دەرچواندنی چەندین یاسای گرنگی وەک یاسای چاکسازی پەرلەمانەکە نەیتوانی سەرکەوتووبێت، هەروەها لە پرسی دەستوردا چەقی بەست وبە تەواوی دابەش بوو هەتا کار گەیشتە ئەوەی نەبوونی لە هەبوونی باشتر بێت وسەرۆکایەتی هەرێم بڕیارێکی:
(واقیعی و گونجاو و یاسایی) دا:
ـ واقیعی: هەر ئەنجومەنێک لە نێوان بەڵێ ونەخێردا بە یەکسانی دابەشبێت، ئەنجومەنێکی ئیفلیجە وهیچ بڕیارێکێ پێ دەرناکرێت.
ـ گونجاو: لە سەروبەندی ریفراندۆمدا پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانەکە لە بری هێنانە دی کۆ دەنگی نیشتمانی هانی تەفرەقە ونیفاقی دەدا، واتە لەبری ئەوەی پەرلەمان ئەو دەزگایە بێت جیاوازیەکانی کۆمەڵگە ودەنگەکان بگونجێنێت وهەویرێکی جوانی لێ دروست بکات تاوەکو کۆمەڵگە نانێکی لێ بخوات، بە پێچەوانەوە لەپەرلەمانەوە جیاوازیەکان رەوانەی کۆمەڵگە دەکرایەوە.
ـ یاسایی: خاوەنی سەروەری راستەقینە کۆمەڵانی خەڵکن کە مۆڵەت دەدات بە سەرجەم دەسەڵاتەکانی، وەک پەرلەمان وسەرۆکایەتی هەرێم وئەنجومەنی وەزیران، جا لەبەر ئەوەی پەرلەمان وسەرۆکایەتی هەرێم هەردوکیان مۆڵەتیان لە گەلەوە وەرگرتبوو.

© 2017 Hawler