کانونی دووەم 25, 2020

هه‌ولێر بە نەسروڵڵا و ئاغاكانیشی پێوەنابێت

جەمال عەبدوڵا

 

• ئەو قسانەی ئەم دواییەی حەسەن نەسروڵڵا، ئەوەندەی كە پەیوەندیی بە كوردەوە و، بەتایبەتی بە ھەولێر و سەرۆك بارزانییەوە ھەبوو، لەبەر ئەوە نییە كە وەك خۆی دەڵێت كورد چاكەی ئەوانەی لەبەرچاو نییە كە لەڕۆژانی تەنگانەدا یارمەتییان داوە، ھۆی ئەم داخ و پەژارەیەی نەسروڵڵا لە كورد و، بەتایبەتییش كە حەسەن نەسروڵڵا ناوی ھەولێر و سەرۆك بارزانی دەھێنێت، شتێكی ترە. ئەویش ئەوەیە كە ئەوانەی حەسەن نەسروڵڵا فەرمانیان لێوەردەگرێت ھەتا ئێستا و لەم ناوچەیەدا، كە پێیدەوترێت ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، توانیویانە ھەر چوار پایتەختی، عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن، واتە بەغدا، بەیرووت، دیمەشق، سەنعا، بۆخۆیان ببەن و توانیویانە ئەو چوار پایتەختە بكەن بەبەشێك لەسیاسەتی میر و فەرماندەكانی نەسروڵڵا لەناوچەكەدا. بەڵام ئەو میر و فەرماندانەی نەسروڵڵا نەیانتوانیوە پایتەختی كوردستان، واتە ھەولێر، بكەن بەبەشێك لەخۆیان و چۆنیان بوێت بەو شێوەیە لەناوچەكەدا ھەولێر ھەڵسووڕێنن. واتە نەیانتوانیوە ھەولێر بكەن بە بەغدا، بەیرووت، دیمەشق، سەنعای ئەمڕۆ، یەكێك لەھۆكارە سەرەكییەكانی مانەوەی ھەولێریش بەسەربەخۆیی و، بۆ ئەوەی وەك بەغدا و بەیرووت و دیمەشق و سەنعای ئەمڕۆی لێنەیەت، سەرۆك بارزانی بووە. ئەگینا زۆر خەڵكی تر لە كوردستان ھەبوون ویستیان ھەولێر بكەن بە بەغدا و بەیرووت و دیمەشق و سەنعای ئەمڕۆ، بۆ نموونە وەك جەماعەتەكەی 16 ی ئۆكتۆبەر، كە ئەو كاتانە واتە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 و ڕۆژانی دواتر، لەگەڵ برادەرەكانی حەسەن نەسروڵڵا بەرەو ھەولێر ھاتن، بەڵام لە پردێ و بە دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریكییەوە سووتێنران ! ئیتر واز لە مەحموودیە و سحێلا بھێنن .

• كورد چ خەتایەكی ھەیە، عەرەب خۆی، بەشەڕ و پەلاماردانی سەركێشانەی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل دەدۆڕێت؟! بەڵام داوا لەكورد دەكەن ببن بەبەشێك لەخۆیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زەوییانەی كە بەشەڕی خۆتڕێنی خۆیان لەدەستیانداوە ؟ كورد بڵێت چی كە جەمال عەبدولناسر لە ساڵی 1967 دا و، بەبێ حسابكردنی وردی پێویستییە ڕاستەقینەكانی شەڕ، عێراق و سووریا و ئوردون و ھەتا ڕادەیەكیش سعودیە، تووشی شەڕی دژی ئیسرائیل دەكات و لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا غەزە و كەرتی ڕۆژئاوا و سینا و ڕۆژھەڵاتی قودس و جۆلان دەدۆڕێنن، كە بەسەر یەكەوە ڕووبەری ھەموویان 69347 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە ؟ كورد كەركووك و خوورماتوو و شنگالی لێداگیركراوە، نەك جۆلان وغەزە و كەرتی ڕۆژئاوا، ئەوانەی كەركووك و خوورماتوو و شنگالیان داگیركردووە، ئیسرائیل و ئەمەریكا نین، ئەوانەی كەركووك و خوورماتوو و شنگالیان داگیركردووە یان فەرماندە و ئاغاكانی حەسەن نەسروڵڵان، یان برادەرەكانی حەسەن نەسروڵڵان لەعێراق ! ئینجا حەسەن نەسروڵڵا دەیەوێت ھەولێر و سەرۆك بارزانی ببن بەھاوپەیمانی ستراتیژیی ! ئەوانەی كە كەركووك و خوورماتوو و شنگالیان داگیركردووە، جا ئایا كورد و، با وردتر بڵێم ھەولێر و سەرۆك بارزانی، دەتوانن ببن بە ھاوپەیمانی داگیركەرانی كەركووك و خوورماتوو و شنگال ؟ من خۆم بڕوا ناكەم .

© 2017 Hawler