نیسان 07, 2020

چۆن قوتابی لە پەتای ئەنفلۆزای وەرزی ئاگاداربکەینەوە؟

ئاری ئاغۆک*

 

لەم ماوەیەدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئاگاداربوون و پاراستنی قوتابیان و مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندن، چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردۆتەوە، کە بریتین لە ١١ رێنمایی، سەرجەم رێنماییەکان هۆشیاریەکی گرنگی تەندروستیە بۆ قوتابی و مامۆستا و ژینگەی قوتابخانە، بێگومان لەرێگەی نوسراوەوە ئەم ڕینماییانە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەکراوە، وەزارەتی پەروەردەش بەگشتاندێک بۆ بەڕیوەبەرایەتیەگشتییەکان ئاراستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کردوە، بۆیە لێرەدا نامانەوێ رێنماییەکان دووبارە بخەینەڕوو، چونکە لەناوەندەکانی خوێندندا ئەم رێنماییانە بەردەستە، هەروەها لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە ناوەرۆکی نوسراو و ڕێنماییەکان بڵاوبۆتەوە، بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکەین، بریتیە لەو ڕەهەندەی کە ئایا بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکان و مامۆستاو کارگێری قوتابخانە چۆن ئەم هەڵمەتە بەگەرم و گوری بگەیەننە قوتابی و قوتابیش زانیاریەکی سەرەتایی لابێت کاتێ هەست بە خاڵێک لەخاڵەکان دەکات، ئایا چۆن خۆی بپارێزێت؟ بەر لەهەموو شتێک دەبێت ئێمە ئەوە بزانین کە قوتابخانە وەک دەزگایەکی گرنگی پەروەردەیی نێو کۆمەڵگە، زۆربەی زۆری هاونیشتمانی قوتابی لە قوتابخانەیە دەخوێنێت، بۆیە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی پارێزاو دەبێت بۆتەشەنە نەکردنی هەر نەخۆشیەک و هەر پەتایەکی چاوەرواننەکراو، هەمووان لە ئاست بەرپرسیاریەتی خۆیەوە بەرگری لەو لایەنە گرنگە بکات، چونکە دەبێت لە ناوەندی خوێندن وەک بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە، ئاگاداری ئەم بابەتە چاوەرواننەکراوانە بن.
لەم روانگەیەوە بەخۆشحاڵیەوە تیمە تەندروستیەکان هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری دەست پێ دەکات، تا زانیاریەکی باش بگەیەننە مامۆستا و قوتابی بۆ خۆپاراستن لە پەتای وەرزی، ئەمەش وەک لایەنی پەیوەندیدارو پسپۆری و کاری وەزیفی ئەم ئەرکە جێ لەجێ دەکەن، بەڵام دەبێت ئەو پەیامە تەنیا لەلایەن تیمەکانەوە نەبێت، بەڵکو پەروەردە و مامۆستا هاوکاربن بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە مرۆییە، چونکە نەخۆشکەوتن و توشبوونی یەک قوتابی لەم پەتایە، یەکسانە بە نەخۆشکەوتنی سەرجەم قوتابیانی قوتابخانە، بۆیە پێویستە وەک ئەرکێکی ئاینی و مرۆیی و نیشتیمانی هەموومان هاوکاربین لەو هەڵمەتە هۆشیاریە، چونکە ئەم بابەتە پەیوەست نیە بەیەک لایەن، ئەگەرچی وەزارەتی تەندروستی ئەم رێنماییانەی دەرکردەوەو لەژێر رۆشنایی بریارەکان ئەم هەڵمەتە ڕاگەیەنراوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردەش وەک چەقی کۆمەڵگە، هەموو بابەتە پەیوەستدارەکان دێنەوە فۆرمی قوتابخانە، کەواتە دەبێت مامۆستاو بەرێوەبەر و کارگێری قوتابخانە زۆر بەووردی و بەویژدانەوە هاوکاربن لەو هەڵمەتە گشتیە . هەم لەپۆڵ، هەم لەگۆرەپانی قوتابخانە رێنماییەکان بەقوتابی ئاشنا بکرێت، تایبەت ئەو رێنماییانەی نزیکن لە ژیانی ڕۆژانەی قوتابی لەقوتابخانە، وەک دەستشوشتن بەسابوون، شوێنی ئاوخواردنەوەو بەرداخی تایبەت بەخۆیان، فرۆشگای قوتابخانەکان زیاتر چاودێری بکرێن لەرووی پاک و خاوێنی و خۆراکی تەندروست و دروستکردنی خواردەمەنی رۆژانە، قەدەغەکردنی خواردنە رێگە پێنەدراوەکان، هەروەها باخچەی منداڵانیش لە ئامادەکردنی خواردنی رۆژانەیان بە چاودێریەکی وورد و پاک و خاوێن، ئەوکەسەی خواردن ئامادەدەکات، پشکنینی تەندروستی بۆ کرابێت و کارتی تەندروستی هەبێت، هەروەها شوێنی دروستکردنی خواردەمەنی پاک و خاوێن و تەندروستبن، ئەمانە هەمووی رێگەچارەن و بەربەستێکی تەندروستی زۆرباشە بۆ بڵاونەبونەوەی ئەم پەتا وەرزیە . کەواتە دەبێت هەوڵەکان چڕتر بکرێتەوە و هەریەکەمان لەئاست بەرپرسیاریەتی خۆمان هەوڵی بۆبدەین و بەرەنگاری بینەوە .
*بەرپرسی ژینگەو تەندروستی لەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

© 2017 Hawler