تەمموز 11, 2020

هێواش .... حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا

کیفاح مه‌حموود که‌ریم

 

 

چه‌ندڕۆژێک پێش ئێستا، حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵای سه‌رۆکی حیزبوڵڵا، سه‌باره‌ت به‌ کوژرانی قاسم سوله‌یمانی وتارێکی بۆ داین. کورد و سه‌رکرده‌ی کوردی وه‌ها ئاخنیبووه‌ ناو بابه‌ته‌که‌، لانیکه‌م ده‌کرێ بڵێین ئه‌و کاره‌ له‌ پیاوێک ناوه‌شێته‌وه‌ که‌ سه‌رۆکی حیزبێک و میلیشیایه‌که و ده‌سه‌ڵاتێکه‌ له‌ وڵاتێک، جاران ده‌یانگوت بووکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و به‌داخه‌وه‌، به‌هۆی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پیاوه‌وه‌، ئێستا خه‌ڵکه‌که‌ی شه‌قامه‌کانیان ڕاخستووه و‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌کان کۆبوونه‌ته‌وه‌ تا ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕن و، سیاسه‌ت و حیزبه‌که‌ی ئه‌و کابرایه‌ش ڕه‌تکه‌نه‌وه‌.
ئه‌و حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵایه‌ی وڵاته‌ زلهێزه‌کان ده‌ڵێن تیرۆریسته‌، ده‌رباره‌ی پیاوێکی شۆڕشگێڕ و ده‌وڵه‌تمه‌دارقسه‌ده‌کا، که‌ له‌ وڵاتانی دنیا، وه‌ک ڕێز و نه‌وازش، کڵاو بۆ خۆی و بۆ هێزه‌که‌ی داده‌گرن، چونکه‌ شتێکی ئه‌وتۆی پێشکه‌شی مرۆڤایه‌تی کردووه‌، له‌ قاره‌مانی و ڕه‌وشتی جه‌نگ و مۆراڵی باڵا، که‌ شایانی ستایشن. ئه‌و پیاوه‌، سه‌رۆک مه‌سعود بارزانییه‌، که‌ له‌ته‌مه‌نی پازده‌ساڵیرا چه‌که‌که‌ی کردووه‌ته‌ شان و وه‌ک عاره‌بیش ده‌ڵێن: تا ئه‌وڕۆش لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌ی ساردنه‌بووه‌ته‌وه‌. ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌، خۆی و برا و کور و برازا و خزمه‌کانی، له‌ به‌ره‌یه‌کی جه‌نگی داعشه‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی جه‌نگی داعشه‌وه‌، ئه‌وان، به‌ سه‌رکه‌وتوویی نه‌بێ، قه‌ت سه‌نگه‌ر به‌جێناهێڵن.
نه‌سروڵڵا هێواش....ئامۆژگارییه‌کانت بۆخۆت هه‌ڵگره‌، ئاخر کورده‌کان و سه‌رکرده‌که‌یان، دنیا به‌ وه‌فاداری و دڵسۆزی و ئازایه‌تییه‌که‌یانه‌وه‌ ده‌یانناسێ و پێویستیان به‌ که‌س نییه‌ تا وه‌بیریانبێنێته‌وه‌ کێ براده‌ریانه‌ و کێ له‌پشتیان وه‌ستاوه‌. تۆ، خه‌می وڵاته‌که‌ی خۆتبێ، که‌ له‌سایه‌ی سیاسه‌ته‌ چه‌وت و چه‌وێڵه‌که‌ت و ئه‌و باڵ و ئه‌ندامانه‌ته‌وه‌، که‌ ڕه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر و دهۆکت کردبوون تا شه‌ڕی کورد بکه‌ن، وڵاته‌که‌ت له‌ به‌هه‌شتێکی سه‌رزه‌وییه‌وه‌ کرده‌ دۆزه‌خ. ده‌شزانی باڵ و چڵکاوخۆره‌کانت له‌ شه‌ڕی ئاڵتوون کۆپری و سحێلا له‌سه‌رده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌ چییان به‌سه‌رهات.
نا ....نه‌سروڵڵا نا، وشتر ئاوا ئاونادرێ، به‌چیا سه‌رکه‌شه‌کانی ئێمه‌دا نامه‌ بۆ ئاغاکانت مه‌نێره‌، ئه‌گه‌ر مێژووشت خوێندووه‌ته‌وه‌، با به‌بیرت بێته‌وه‌ هۆلاکۆ جورئه‌تی نه‌کرد هه‌ولێر داگیرکا، چ جای چه‌ته‌کانی داعش که‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌روازه‌کانی کوردستان شکۆی شکاندن و، ڕێی نه‌دا بگه‌نه‌ ده‌روازه‌کانی ئێران، که‌ به‌به‌رچاوی دنیاوه، له‌به‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌وده‌مای، به‌ بۆنه‌ و بێ بۆنه‌ش، سوپاسمان کردووه‌، له‌به‌ر هیچیش نا، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و خوو و ڕه‌وشته‌ ڕه‌سه‌نه‌ی له‌ که‌سایه‌تی و ڕه‌وشتی مرۆڤی کورددایه‌ و قه‌ت براده‌ر و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌بیرناکا، وه‌کچۆن زوڵم و تۆمه‌ت و بوختانی بی بنه‌ماش له‌بیرناکا.‌

وه‌رگێڕانی هه‌ولێر

© 2017 Hawler