تەمموز 11, 2020

دڵزار و سەدساڵ تەمەن و هه‌ندێ قسە!

د.سالار عوسمان

 

لە 8/1/2020 و لە ڕێوڕەسمێکی شایستە و شکۆداردا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێژنی سەدساڵەی لە دایکبوونی شاعیر و نووسەر و تێکۆشەری بەرنیاسی کورد(دڵزار)ی پیرۆزکرد.
لەو ڕێوڕەسمەدا، وێڕای خەڵاتی ئاڵتوونیی نەخشەی کوردستان و کتێبی بیرەوەریی ڕۆژانی ژیانم و CD ییەک لەو شیعرانەی (دڵزار)، کە کراونەتە گۆرانی و سروود، کۆمەڵێ وتار، بابەت، کورتەفیلم و بڕگەی تریش پێشکەیش کران، کە ھەموویان بەسەریەکەوە پتر لە مانایەکیان ھەڵگرتبوو، کە لڤر و و لە خزمەتتانا گرنگترینیان دەخەینە ڕوو:
- ڕێزگرتن لە جوانییەکانی مێژوو: پێویستە خۆمان و نەوەکانیش فێرە ئەو ڕاستییە ڕۆشنە بکەین، کە بەشێک لە مێژووی کورد بریتیە لە جوانی، دەبێ بەردەوام و بە گیانی ھەڵێنجانی حیکمەتەوە ئاوڕ لەو بەشە جوانەی مێژوو بدەینەوە، (دڵزار) ی شاعیر جوانییەکە لە جوانییەکانی مێژووی کورد!..
- ئەستێرەکانی کورد و لێکگرێدانەوەیان بە ئەمڕۆ: مێژووی کورد پڕە لە ئەستێرەی گەش، کە دەبێ بە ئەمڕۆ و نەوەی تازەیان بناسێنینەوە، بەڵام ناسینەوە و لێکگرێدانەوەیەکی ھاوچەرخانە، یەکێ لەو ئەستێرانە (دڵزار) ی شاعیرە، کە تائێستایش لە ژیاندا، گەش گەش دەدرەوشێتەوە.
- ڕێزلێنان لە زیندووان: ئەگەر جاران تەنیا ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان تایبەت بوو بە کۆچکردوان، لێ لەو جوانتر، ڕێزلێنانە لە زیندووان، کە چێژ و مانا و وەفا و شەوقەکەی پترە و پتریش کاریگەریی جێدێڵێت.(دڵزار) لەگەڵمانایە و لە ژیانیدا پێمان کوت: (تۆ گەورە و خۆشەویستی مامۆستا، تۆ تەمەنت بۆ نەتەوە و ڕاستی بەخت کرد و ھەموومان، نەوە دوای نەوە پێی دەزانین و شانازییت پێوە دەکەین!..).
- (دڵزار) رێگەی پڕ ئیفتیخاری تێکۆشانی سیاسیی ھەڵبژارد: دیارە بۆ کورد و بۆ کوردستان، تا ئێستێ و تا ھەتایێ تێکۆشانی سیاسی بەشێکە لە قەدەری ژیان، بۆیە بە حورمەتەوە ڕێز لە تێکۆشەرانی کورد دەگرین، کە (دڵزار) یەکێکە لەو تێکۆشەرە سەرسەختانەی کوردستان، کە مایەی ئەوپەڕیی شانازییە!.
- (دڵزار) دەستی بۆ نیعمەتی وشە برد: (دڵزار) وشە و نووسین و ئەدەبیات و وەرگێڕانی کردە توێشوو و چرای ڕێگا، بۆیە دەبێ ھەموومان، گەورە و بچووک، لە نێو نیعمەتی وشە و خۆشاویی ئەدەبیات و چرای نووسیندا، ژیان ڕووناکتر بکەینەوە!..
- (دڵزار) لە ھەرێمێکی جیاوازدا: (دڵزار) لە کوردستان و قۆناغێکدا دەژی، کە جیاوازە لەگەڵ دەوروبەر، کوردستانی ئێمە و قۆناغە سیاسی و کلتووری و کۆمەڵایەتییەکەی زۆر باشتر و کراوەتر و پڕ ئاییندەترە بەبەراورد دەگەڵ دەوروبەر، بۆیە گرنگە ئەم جیاوازییانە ببینین و تا دێش ھەنگاوی باشتر بنێین بۆ کوردستان و، ڕۆڵی خێر و چاکە و ئاشتییش ببینین بۆ دەوروبەر!
لە دوماھیدا: جێژنی سەدساڵەی لەدایکبوونی (دڵزار) ی کورد، (دڵزار)ی تێکۆشەر و شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ پیرۆز بێت و کاروانی پڕ ئیفتیخاری سیاسی و کلتووری و ئەدەبی کوردی پڕ ڕێبوارتر و پڕ ئەستێرەتر و پڕ بەرھەمتر بێت.

© 2017 Hawler