کانونی دووەم 25, 2020

ستراتیژیەتی کوردستانیانە

سەرنووسەر

 

تا دێت عێراق ڕووەو تونێلە هەرە تاریکەکە دەچێ و، دووچاری ئایندەی نادیار و ناسەقامگیریی زیاتر دەبێتەوە، تاکە شوێنێک، ئارامیی سیاسی، ئەمنی و سەقامگیریی تێدا بەرقەرارە، هەرێمی کوردستانە، هەروەک بۆتە نەریت لە ئانی تەنگژە و ئاڵۆزییەکاندا، نوێنەر و دیپلۆماتکارانی بیانی بەغدا جێ دێڵن و ڕوو لە دوورگە ئەمینەکەی کوردستان دەکەن کە هەولێرە. خەڵکی بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووش لە ئانی مەترسییەکاندا هانا بۆ کوردستان دێنن.
هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن؛ کوردستان لەم ململانێ سەختەی هێزە ئیقلیمی و نیودەوڵەتییەکاندا، هەم سەلامەت لێی دەردەچێت، هەمیش دەرفەتی گەشی بە ڕوودا دەکرێتەوە، چونکە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، ژیرانە و بە لۆژیک مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات، هاوسەنگی و بێلایەنیی خۆی تا ئاستێکی باش پاراستووە. سیاسەتی هاوتەریب لەگەڵ هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە پێڕۆ دەکات، ئەمەش وای کردووە هەموو هێزە ناکۆک و دژبەرەکان حساباتی ورد لە سەر ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان بکەن.
کوردستان لە نێوخۆدا یەکڕیز و یەکگرتووە، دامەزراوە یاساییەکان و سیستمی بەڕێوەبردن لە کوردستان چالاکن و ئیشی خۆیان دەکەن، ئەو کۆبوونەوە دەوریانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکوومەت و پەرلەمان و سەرکردەی حزبە کوردستانییەکان، هەیبەتی ناوماڵی کوردستان بەهێزتر پیشانی یار و نەیار دەدات و پێگە و متمانەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان پتەوتر دەکات، هەروەک دڵنیایی زیاتری لە نێوان سەرکردایەتیی سیاسی و خەڵکدا دروست کردووە، ئەمەیش وادەکات تەکبیری بەردەم مەترسیی و گۆڕانکارییەکان باشتر و واقیعبینانەتر بکرێت و ستراتیژی کوردستانیانە بەردەوام بێت.
وەختێک عێراق بۆ هەمووان مایەی ترس و دڵەڕاوکێی بێت، نەتوانێ وەکو دەوڵەت خۆی بەڕێوە ببات، هەرێمی کوردستان دەتوانێ وەبەرهێنان لە سەر ئەو سەقامگیریی و ئاسایشەی خۆی بکات، کە هەمووان لە سایەیدا پێکەوە بە ئاشتی دەژین و ژیانیان پارێزراوە، بۆ ئەمەیش کوردستان دەتوانێ دەرفەتی زیاتر و متمانەی زیاتر لە چوارچێوەیەکی یاسایی و شەرعیەتی نیودەوڵەتیدا بۆخۆی دەستەبەر بکات.
لەم قۆناغەدا، پێویستە لە ئاستی دیپلۆماسیەتی كوردستانیدا؛ پنتێكی گرنگتریش زیندوو بكرێتەوە، ئەویش ئەوەیە، کورد ئامادەگی هەبێت بۆ گۆڕانی سەرتاپایی هاوكێشەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر ئەو ململانێیەی ئێستا بوو بەهۆی گۆڕینی واقیعی جیۆسیاسی ناوچەكە، دەبێ كورد چۆن ڕەفتار بكات؟ واتە ستراتیژی کوردستانیانەی دوورمەودای هەبێت بۆ هەڵمژینی كارلێكەكانی دۆخەكە بەگشتی، نەك تەنها بەڕێكردنی و ئیدارەدانی.

© 2017 Hawler