کانونی دووەم 25, 2020

ئەرێ ئەوە پەرلەمانی عێراق بوو یان.؟

جەمال عەبدوڵا

 

ئەو بەشە لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، كە لە كۆبوونەوەی 5 ی ئەم مانگەدا بڕیاری كشانەوەی ھێزە بیانییەكانیان لەعێراق دا - كە مەبەستی سەرەكییشیان ھێزەكانی ئەمەریكا بوو - ھەر زۆر بە ئاشكرا خۆیان كردە بەشێك لە ناكۆكی و ململانێكانی نێوان ئەمەریكاو ئێران لە عێراقدا . من خۆم، وەك ھاووڵاتییەك، ئەو ڕۆژە نەمتوانی ھیچ جیاوازییەكی ڕیشەیی لەنێوان پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بكەم و، وەھام دەزانی ئەوە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێرانە نەك عێراق . باشە كوان ئەوانەی كە نزیكەی 500 خۆپێشاندەریان لە خۆپێشاندەرانی عێراق كوشت و زیاتر لە 17 ھەزار خۆپێشاندەریشیان بریندار كرد و ھەتا 28 – 12 – 2019 ش، 68 كەسیشیان لێڕفاندوون ؟ ئەی باشە بۆچی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەمانە كۆنەبووەوە، بەڵام، كۆبوونەوەكە بۆ ئەوە بێت كە بڕیارێك بۆ حكوومەتی عێراق دەربكات و پابەندی بكات بە دۆزینەوە و ئاشكراكردنی ھەموو ئەوانەی كە ئەو تاوانانەیان بەرامبەر بە خۆپێشاندەران كردووە و، ھەموو ئەوانەش بە خۆیان و ھێز و بارگە و بنەیانەوە بنێرێتەوە وڵاتی خۆیان، كە پلانی كوشتن و برینداركردن و ڕفاندنی خۆپێشاندەرانیان داناوە ؟ ئەگەر مەسەلەكە سەروەریی عێراقە، ئەوەی ڕێزی ھاووڵاتییانی خۆی نەگرێت و گیان و ماڵیان نەپارێزێت ئەوە سەروەریی خۆی و عێراقیشی بەدەستی خۆی خستۆتە ژێر پێی خۆی. ئەگەریش مەسەلەكە بەدەنگەوەھاتنی كوشتنی مرۆڤە، بۆچی بۆ كوشتنی مرۆڤێكی ئێران قیامەت دروستدەكەن، بەڵام بۆ كوشتنی 490 مرۆڤی خۆپێشاندەری عێراقی ئەوەندە بەرامبەر بە بكوژانیان بێ جورئەت و بێ غیرەتن ؟ بەلای منەوە دوای ئەو كۆبوونەوەیەی 5 ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانە بۆ ئەوە باشە كە بەزووترین كات قوفڵێك لەدەرگاكەی بدرێت بۆ ئەوەی لەوە زیاتر بێحورمەت نەبن .

© 2017 Hawler