تشرینی یەکەم 16, 2018

ئاریان فەرەج

هیچ ئیعتبارێك بۆ دەستور و یاسا لای دەسەڵاتدارانی بەغدا نەماوە. عەببادی وەك لاستیكی دەستی یاری بە دەستور دەكا و یاساكان نادیدە دیگرێ و كەسیش دەنگی لێوە نایەت. نە لە نێوخۆی عێراقدا دەنگێكی جددی دەبیسترێت سنورێك بۆ ئەم پیاوە بوغرا و لەخۆدەرچوە دابنێ، نە لە ئاستی نێودەوڵەتییش فشارەكان بایی هێندەن دەستی لەو بەدكارییانە پێ بكێشنەوە. كوردیش لە ئاست ئەو هەڵگەڕانەوە و مەترسییە گەورەیەدا، وەك پێویست هاودەنگ نییە و فەرهەنگێكیش خەریكە بڵاودەبێتەوە كە كۆی ماقەكانی كورد لە موچەدا بچوكدەكاتەوە.
عەببادی بە كەیفی خۆی یاسا و بڕیار دەردەكات و پلەو پایە و ئیمتیازات بەسەر ئەفرادی حەشدی شەعبی دابەش دەكات و رێوشوێنیان بۆ دیاری دەكات بێ ئەوەی دەستور كەمترین دەسەڵاتێكی لەم جۆرەی دابێتێ. بە كەیفی خۆی داهاتی عێراق لە ناو میزانیەیەكی بێ سەر و بەر و ناعادیلدا بە نایەكسانی دابەش دەكات و بە مەزاجی خۆی رێژەی كورد لە عێراق و بەركەوتی كورد دیاری دەكات بێ ئەوەی هیچ ئامار و بنەمایەكی لەبەردەست بێت و پشت بە هیچ داتایەك ببەستێ.
دەیان ماددەی دەستوری بە خراپترین شێوە پێشێل دەكات و بە نەبوو حیسابیان دەكات، لە هەر جێیەكیش بەندێكی دەستور لە بەرژەوەندی خۆی و ئەجینداكەی بێت، بە كۆی دەستوری حساب دەكات و دەیكاتە بەهانە بۆ سەپاندنی دەسەڵات و حەق بە خۆدان و پێراكێشان.
پێشێلكردنی دەستور گەورەترین تاوانە كە هەر دەسەڵاتدار و سیاسیەكی عێراق ئەنجامی بدات، نابێ بەسەریدا تێپەڕێ و بۆی بچێتەسەر، بەڵام لەم بێ دەنگی و بێ هەڵوێستییەدا، خەریكە وەك كارێكی ئاسایی و موخالەفەیەكی سادە تەماشا دەكرێت. هەر ئەم بێدەنگییەش ترسناكترین هۆكار و زەمینەسازییە بۆ هەراشبونەوەی دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی و گەڕانەوەی عێراق بۆ جاری جاران.
پێشێلكردنی ئەو دەستورەی كە تاكە گەرەنتی مانەوەی عێراقە بە یەكگرتوویی، تەنیا مافەكانی كورد نافەوتێنێ، بەڵكو كۆی عێراق دەخاتەوە بەردەم خەتەری دیكتاتۆریەت و مەركەزیەت و حوكمی خۆسەپێن و جیاكاریی مەزهەبی و قەومەچێتی و بەوەش ئایندەیەك بۆ ئەم ووڵاتە نامێنێ و هەرگیز ئیستقراری سیاسی بە خۆوە نابینێ، بەو جۆرەش نەك هەر كورد بەڵكو كۆی پێكهاتەكانی عێراق زەرەرمەند دەبن.
دەبێ لە ئاست پێشێلكردنی دەستور و یاسا لە لایەن عەببادییەوە، ئەم بێدەنگی و خەمساردییە بشكێ. دەبێ ئەم مەترسییە بە قەبارەی خۆی تەماشا بكرێ. دەنا عێراق زۆر نزیكە لە گەڕانەوە بۆ حوكمی (قررنا ما یلی)

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.