تشرینی یەکەم 16, 2018

نێچیرڤان بارزانی چیرۆكی خەونێكی پڕئاستەنگ

گۆنا هەورامی

- 10 لە پازدە -

 ئۆپۆزسیۆن یان دژ 

ئەزمونی دیموكراتیی كوردستان لەسەرەتاوە بە سروشتی نەچووە پێش، لەیەكەمین هەڵبژاردندا حزبی سەركەوتوو نەبووە حكومەت و حزبی سەرنەكەوتوو نەبووە ئۆپۆزسیۆن. هەل و مەرجی سیاسیی ئەوكات و بێ ئەزمونیی كوردستان لە دیموكراسیدا، وایخواست حكومەتی برابەشیی و پەنجا بە پەنجا پەیڕەوبكرێ. بۆیەش ئۆپۆزسیۆن نەهاتەوجود. ساڵانی دواتریش دیسان هاوپەیمانێتی لە بری كێبەركێی ئینتیخابی درێژەی كێشا و بۆیەش ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەكی سروشتی لەدایك نەبوو. دواجاریش لە ئاكامی ئینشقاقی حزبێكی سەرەكیی كوردستان، حزب و بەرەی ئۆپۆزسیۆن پەیدابوو نەك وەك دەرهاویشتەیەكی گەشەی ئاسایی دیموكراتی. بۆیەش ئەم ئۆپۆزسیۆنە كە لە ئەنجامی خیلافاتی نێوخۆیی حزبێك نەك لە ئاكامی گەشەی دیموكراتی هاتە ئاراوە، هەر لەسەرەتاوە بارگاوی بوو بە كۆنەقینی حزبایەتی و هەڵوێستی پێش وەختە لەم و لەو حزب نەك لە بەرنامەی ئیداریی حكومەت. بەڵام سەرباری ئەوەش هەم پارتی لە رووی سیاسییەوە، هەم حكومەتی هەرێم و سەرۆكەكەی مامەڵەیەكی واقیعبینانەیان لەگەڵ كرد. ئامادەبوون موعارەزەی سەردەمیانە قبوڵ بكەن، بەڵام موعارەزە ئامادەنەبوو حكومەت و یاسا و رێسا بەركارەكانی هەڵسوڕانی ئۆپۆزسیۆنی قبول بكات و بە كەرەستەكانی سەردەم و لە چوارچێوەی یاسادا هەڵسوڕێ و هەر زوو دروشمی برۆخی و بسوتێی بەرزكردەوە. میدیایەكی چەواشەكاری خستەكار كە لە جیاتی بەرچاورۆشنی و گواستنەوەی راستتیەكان، هۆشیارییەكی چەواشەی شەعبەوی ترسناكی بارگاوی بە ئیرهابی فكری و قبوڵنەكردنی بەرامبەری بڵاوكردەوە. بەشێك لە شەقامی بەرەو فەوزا لە جێی ئیعتیراز، دژایەتی لە جێی نارەزایەتی ئاڕاستەكرد. متمانەی نێوان بەشێكی خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەتی نەهێشت. دیاردەی موزایەدە و سنگ دەرپەڕاندن و تۆمەتهۆنینەوە و عونفی مەدەنیی سیاسی و سوتاندن و وێرانكاری و گردبونەوەی توندوتیژ و نایاسایی بە بەربڵاوی وەك كولتورێكی نامۆ بە ئەزمونی كوردستانی هێنایە ئاراوە.
بەڵام كاتێكیش وویستی بێتە نێو حكومەت، پارتی و بە تایبەت سەرۆكی راسپێردراوی حكومەت نەك وەك فەزڵ و چاكەیەك بەڵكو وەك وەڵامدانەوەی مافێكی رەوای هەر حزبێك كە دەنگ و متمانەی بەشێكی خەڵكی وەرگرتبێت، دوور لە هەر لێكدانەوەیەكی سیاسی و هەڵوێستی پێش وەختە، مامەڵەیەكی سازندەیان لەگەڵ ئەو پێشهاتە كرد. ئیئتیلاف و هاوپەیمانیی و شەراكەتی حوكمیان لەگەڵ بەست.
لە كۆی ئەو مەسەلەیەدا، خاڵێك شایانی تێڕامانە: كاتێك رووداوە سیاسییەكان گەیشتە هەڵوەشانەوەی ئیتقاقی سیاسیی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان و ئیقالەی وەزیرەكانیان، هیچ شەرم و رێگرێك نەما لەوەی وەزیرە بەڕێكراوەكانی ئەو بزوتنەوەیە هەر راستییەك شك دەبەن دەربارەی خۆسەپاندنی سەرۆكی حكومەت یاخود ئینفرادی بە بڕیار یان كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە دەستی خۆیدا و هەر گلەیی و رەخنەیەكی جددی دیكە بدركێنن كە سەروەختی بەشدارییان لە حكومەتدا دركاندنیان گونجاو نەبوبێ، بەڵام كۆی خەڵكی كوردستان شاهیدی ئەو راستیە بوون كە ئەو وەزیرانە بە ووشەیەكیش رەخنە و گلەیی و گازندەیەكیان شك نەبرد كە لەو سەروەختی بێمنەتی و دەستبەردانەدا بێ سڵەمینەوە بیڵێن. تەنانەت یەكێك لەو بەڕێزانە دواتر وەك تەكنۆكرات جارێكی دیكە گەڕایەوە و لە كاتێكی قەیراناوی و پڕكێشە و كشانەوەدا، دەستی دایەوە دەستی نێچیرڤان بارزانی و دوبارە داخڵی تیمەكەی بۆوە.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.