ئایار 27, 2018

د.سالار عوسمان

بەشی نۆیەم

واباشە بە کۆکراوەیی بەرسڤی پرسیارەکان بدەینەوە، چونکە پرسیارەکان لە دەوری یەک بازنە دەخولێنەوە:( حزب و شەڕی جەھل)، بۆیە حزبێک لەدایکبوونەکەی سروشتی نەبووبێ، حزبێک خاوەنی قەزیە نەبێ و لە نێوان بوون و چییەتیدا خودان شوناسێک نەبێ، بێگومان لە نێوان سۆز و ئەقڵدا، لە نێوان شەقام و ئایدیادا، لە نێوان شۆ و ئەرکدا، لە نێوان قییەم و دەنگدا، دەگەڵ ھەبوونی ڕێژەیەک لە نزیکیی لە نێوان ھەریەک لەو چەمکانەدا، ڕاستەڕێ وون دەکات و لە وونکردنی ڕاستەڕێشدا، بێگومان دەکەوێتە نێو تەمتومانی زانین و نەزانیندا و قودرەتی ناسینی جەھل لە دەست دەدات، ھەر بۆیە دەبینین حزبی وا لە کوردستان ھەن، بوونەتە بڵندگۆی جەھل و لە ڕێگەی پاساوە بەتاڵەکانیانەوە دەیانەوێت بگەنە پڕیی دەسەڵات و لەو پێناوەشدا گورزی گەورە دەسرەوێننە زانین.
بەشی زۆری حزبی کوردی خودان تێگەیشتنێکی قووڵ نین سەبارەت جەھل و باشتر بڵێین شەڕی جەھل بە شەڕی خۆیان نازانن، ھەر بۆیە ئەگەر بەراوردێکی زەمەنیی بۆ تێگەیشتنی حزبی کوردی بکەین سەبارەت تێگەیشتن لە جەھل و چارەسەریەکانی، دەگەینە ئەو ڕاستییە تاڵەی، کە پێشتر، واتە لە زەمەنی زوودا، ھەر بۆ نموونە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ئەو تێگەیشتنە دروستتر و ساغڵەمتر بووە، سواڵی دەنگ و ھەڵپەی گەیشتن بە دەسەڵات و ململانێی نادروستی میدیای سیاسی و گرێی بە پاڵەوانبوون و دەستی دوژمنیش لەسەرووی ھەموو ئەمانەوە، ھۆکارگەلێکی سەرەکین و بوونەتە باعیسی ئەوەی حزبەکان شەڕی جەھل بە یەکێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیان نەزانن.
ئەگەر ھەر بە خێرایی سەیرێکی میدیا و بڵاوکراوەکانی حزبەکان بکەین، باشتر لەو ڕاستییە حاشاھەڵنەگرە تێدەگەین، کە ئێمە لە نێو گرفتێکی گەورەدا دەژین، کە دەکرێ ناو لەو گرفتە بنێین:( بڵاوکردنەوەی سیاسییانەی جەھل)، کە بە بڕوای ئێمە ھەموومان لە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرتنی کەمتەرخەمین !..
ململانێی سیاسییانەی نادروست، کۆمەڵگەیەکی نادروست بەرھەم دێنێت و لە نێو کۆمەڵگەی نادروستیشدا جەھل جێ بە زانین لێژ دەکات، ھەربۆیە لە کۆی ئەو تابلۆ سیاسییەی لە کوردستان ھەس، ھەندێ کەڕەت وێنەی سیاسییە جاھلەکان دەچێتە سەرەوە و لە ھەڵبژارنەکانیشدا جاھل دەنگی خەیاڵی کۆدەکاتەوە!..

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.