ئەیلول 19, 2018

عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی

له‌ دوا لێدوانیدا، فوئاد مه‌عسووم، ئه‌و سه‌رۆكه‌ی به‌ خه‌بات و قوربانیدان و ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان، نه‌ك به‌ ده‌ستوبازوو و لێهاتوویی خۆی، كراوه‌ته‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، ده‌ڵێ: ڕیفراندۆم بڕیارێكی گونجاو نه‌بوو. ڕاستتان ده‌وێ، ئه‌وه‌ی گونجاو نییه‌، دانان و مانه‌وه‌ی فوئاد مه‌عسوومه‌ له‌و جێگه‌یه‌دا.
ڕاشكاوتر بین؛ ئه‌گه‌ر، پارتی، كارێكی خراپی كردبێ، ئه‌وه‌یه‌ پشتیوانی ئه‌م كابرایه‌ بوو، كه‌ هێنده‌ی ته‌ها محێدینیشی له‌ ده‌ستنایه‌ت و لانی كه‌م، بێده‌نگ بێ. ئاخر بۆیه‌ ده‌ڵێم پارتی، چونكه‌ پاش ئه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بڕیاری له‌باره‌ی كاندیدكردنییه‌وه‌ پێ نه‌درا، ئه‌ركه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی به‌غدا، ئه‌وه‌بوو نیوه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی(حزبه‌كه‌ی خۆی) ده‌نگیان نه‌دایه‌، ئاقیبه‌ت فوئاد مه‌عسووم به‌ ده‌نگی فراكسیۆنه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی پارتی، بووه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، بۆیه‌ پێش هه‌مووان، ئه‌ركی پارتییه‌، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌سه‌ر خۆی و كوردستان كه‌وتووه‌ و ده‌كه‌وێ، ڕاستكاته‌وه‌.
مه‌ترسیی مانه‌وه‌ی فوئاد مه‌عسووم، له‌و جێیه‌دا، له‌به‌ر گه‌وره‌یی و ده‌ستڕۆیشتوویی مه‌نسه‌به‌كه‌ی نییه‌، ئاخر به‌ پێی ده‌ستووره‌ جوانه‌كه‌ی عێراق و به‌ كرده‌نیش، سه‌رۆك كۆماری عێراق، مه‌نسه‌بێكی كارتۆنییه‌ و ته‌نیا ڕۆژبه‌ڕێكردن و مووچه‌ و ئیمتیازاتی شه‌خسییه‌، مه‌ترسییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ شه‌رعییه‌تێكی كوردستانیی ده‌داته‌ ئه‌و گاڵته‌جاڕییه‌ی به‌ ناوی پرۆسه‌ی سیاسی و شه‌راكه‌ت و ته‌وافووقه‌وه‌ كه‌ نه‌ماون، به‌رده‌وامه‌.
فوئاد مه‌عسووم، له‌به‌ر پاراستنی مووچه‌ و ئیمتیازاتی شه‌خسی و شانوشه‌وكه‌تێكی موزه‌یه‌ف، نه‌ك هه‌ر ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ كه‌ خۆهه‌رزانكردنی لێده‌چۆرێ نه‌دات، بگره‌ زۆر شت نه‌كات كه‌ كردی. زۆر شتیش بكات كه‌ نه‌یكرد.
ده‌ستگرتنی فوئاد مه‌عسووم به‌ كورسییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر حسێبی كورد و كوردستان و هه‌ڵپه‌هه‌ڵپی بۆ ئیمتیازاتی شه‌خسی، گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زه‌ینیشی له‌كزی داوه‌. ئاخر هه‌ر له‌و دوو هه‌فته‌یه‌دا دوو لێدوانی داوه‌ كه‌ ڕێك دژی یه‌كترن. كاتێك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی به‌غدا، سه‌باره‌ت به‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای بوودجه‌ی گشتی عێراق، داوای هه‌ڵوێستیان لێكرد، به‌ حزووری هه‌ر هه‌موویان گوتی: هه‌ڵوێستی من و مانه‌وه‌ و نه‌مانه‌وه‌م لێره‌، په‌یوه‌ندیی به‌ بڕیاری سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانه‌وه‌یه‌. كه‌چی كه‌ دێته‌ سه‌ر یه‌ك له‌ بڕیاره‌ هه‌ر مێژووییه‌كانی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ كه‌ ڕیفراندۆمه‌، دژی ئه‌و بڕیاره‌ و سه‌ركردایه‌تی كوردستان و ئیراده‌ی گشتیی خه‌ڵكی كوردستان قسان ده‌كات.
ڕاستییه‌كه‌ی، نه‌ك به‌م لێدوانه‌ی له‌باره‌ی ڕبفراندۆمه‌وه‌ كه‌ دژایه‌تێكی ئاشكرای ئیراده‌ی ئه‌و گه‌له‌یه‌ كه‌ فوئاد مه‌عسوووم، ته‌مسیلی به‌شه‌كه‌ی ده‌كات له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقدا، بگره‌، ده‌مێكه‌ شه‌رعییه‌تی ئه‌و ته‌مسیلكردنه‌ی نه‌ماوه‌.
كاتێك به‌ نامه‌یه‌كی شه‌خسی ناچاركرا، له‌ نه‌سرییه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، بڕه‌ پاره‌ی زۆر به‌و هێز و چه‌كدرانه‌ بدات كه‌ دژایه‌تیی پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرد له‌ شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، كاتێك پاره‌ی بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال خه‌رج ده‌كرد، ده‌بوایه‌ لێی وه‌ده‌نگ بێین.
ئه‌وكاته‌ی به‌شداریی له‌ پیلان و خیانه‌تی 16ی ئوكتۆبه‌ردا كرد، ئه‌و ده‌مه‌ی ئیمزای ناده‌ستووریی و نایاسایی له‌سه‌ر لادانی پارێزگاره‌ كورده‌كه‌ و دانانی پارێزگاره‌ عه‌ره‌به‌كه‌ی كه‌ركووك كرد، ئه‌و كاته‌ی به‌ به‌رچاوییه‌وه‌ خورماتوو ئه‌نفال كرا و فزه‌ی لێوه‌ نه‌هات، ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیوه‌ی كوردستان ڕاده‌ستی عه‌بادی كرا و نوقه‌ی نه‌كرد، فوئاد مه‌عسووم، شه‌رعییه‌تی كوردستانیی نه‌ما.
به‌ ته‌نازولاتی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی بۆ حكوومه‌تی تائیفی به‌غدا و ملدان و قبوڵكردنی ئه‌و هه‌موو زوڵموزۆره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ خه‌ڵكی كوردستانی ده‌كه‌ن، فوئاد مه‌عسووم، شه‌رعییه‌تی مانه‌وه‌ی نه‌ماوه‌، له‌ به‌شی كورد و كوردستان له‌ عێراقدا ده‌رچووه‌ و به‌ كرده‌وه‌ بووه‌ته‌ سه‌رۆكی كۆماره‌كه‌ی عه‌بادی.

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.