کانونی یەکەم 07, 2019

ئاریان فەرەج

 

بە رای بەندە رۆژنامەگەریی كوردی بەشێكە لەو كاروانی خەباتەی لە پێناو مافەكانی گەلێكی بەشخوراو و ئازادی نیشتمانێكی داگیرو دابەشكراودا، سەدەیەكە بەڕێوەیە، تا گەیشتنیش بەو ئامانجانەش، نە دەسرەوێ و نە كۆتایی دێ، ئەوەی لە ویستگە جیجاجیاكانی ئەو كاروانەدا بەكۆتا دێ و دەستاودەست دەكا و بێكدی دەسپێردرێ، ئەركی تاكەكەسیمانە. هەر ئەوەش نهێنیی درێژەپێدانی كاروانەكەیە.
لەو پێودانگەوە، بەندە دوای ساڵانێك خزمەت بە رۆژنامەی هەولێر، ئیدی لێرەدا ئەركەكەم بەكۆتا دێ و دەگاتە ماڵئاوایی.
لەو ساڵانەدا هەرچیم نوسیوە و هەرچیش بە رەزامەندی بەندە بڵاوبۆتەوە، لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئاواتەكانی ئەو كاروانە دەكات كە دەریایەك خوێن و فرمێسكی لە پێناودا رژاوە. هیواداریشم وویژدانم ئاسودە بێت بەوەی كەمتەرخەمیم نەكردبێ.
رۆژنامەی هەولێر گەر لەو ساڵانەدا رۆڵێكی گێڕا بێ، بەرهەمی رێنوێنیەكانی دەزگای راگەیاندن و رێزگرتنی بەرپرسی دەزگا بووە لە ئیجتیهاد و بۆچوونەكانمان، بە بێ ئەو تێگەیشتنە كارەكان ئەستەم دەبوون. وەك چۆن بێ هاوكاری و گیانی تیم و دەستڕەنگینی هاوكارانیشم لە دەستەی نوسەران و هەڤاڵانی كارگێڕی و كۆی رۆژنامەنووس و كارمەندانی رۆژنامەكە، هیچ نەدەكرا. بۆیە سوپاسگوزاری هەموانم كە سەرباری رۆژانی سەخت و قەیرانبار، دڵسۆزانە ئەركی خۆیان راپەڕاند. سوپاس بۆ هەموو ئەو نوسەر و قەڵەم بە بڕشتانەی بێ بەرامبەر بەسەریان دەكردینەوە و هەولێریان بە شیاوی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانیان دەزانی. سوپاس بۆ ئەو هاوڕێیانەی بە تێبینی و رەخنەكانیان هاندەرمان بوون تا باشتر كاربكەین و جوانتر بنووسین.
لە كۆتایی ئەم دێرانەدا جگە لە هیوای سەركەوتن بۆ سەرنووسەری نوێ و سوپاس و دەستخۆشیم بۆ كۆی هەڤاڵ و هاوكارەكانم، هیوادارم بۆم بلوێ جار و بار ئەم رۆژنامە ئازیزە بەسەر بكەمەوە و ئەركی نوێم كارێك نەكات لێی داببڕێم.
دووبارە سوپاس بۆ هەموو لایەك و ماڵئاوا.

© 2017 Hawler