کانونی یەکەم 07, 2019

لە کوێ ژنێک بێدەنگ کرا، لەوێ چرایەک خامۆش دەبێ!

د.سالار عوسمان

 

- ئەمڕۆ یەکەمین کۆنفرانسی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەبارەت یەکسانیی جێندەری لە ھۆڵی پێشەوا لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت و پێرێش ھەر لە ھەمان ھۆڵ و بۆ یەکەمینجار لە مێژوودا، فێستیڤاڵێکی فراوان بۆ شیعری ژنانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ھەردوو چالاکییەکە تژین لە مانا و مەغزای کلتووری و کۆمەڵایەتی!.
- ئەوەی پێرێ: (فێستیڤاڵی شیعری ژنانی کوردستان) جگە لەوەی بەشێک لە شاعیرانی ھەرچوارپارچەی کوردستان شیعریان خوێندەوە و لە ڕێگەی پەیڤە ئینسانییەکانیان ژیان و خەم و جوانییەکانیان نووسیەوە، لە پاڵیدا ڕێز لە (11) یازدە ئافرەتی ڕۆشنبیری کورد نرا، کە ھەموو تەمەنی خۆیان، چرائاسا، بۆ شکاندنی تاریکی تەرخان کردووە، کە ئەم مۆمە داگیرساوانە بوون: ( د کوردستان موکریانی، د شوکریە ڕەسوڵ، سینەم بەدرخان، دیا جوان، ئەرخەوان ڕەسوڵ، ناھیدی حوسێنی، نەجیبە ئەحمەد، د سامیە شاکر، بەدیعە دارتاش، عەقیلە ڕواندزی و ڕووپاک عەبدولقادر)، کە جارێکیتریش لێرەوە پێیان دەڵێین : ئێوە چران و ڕێگە بەردەوامتر و ڕۆشنتر !..
- ھەر سەبارەت بە فێستیڤاڵی شیعری ژنانی کوردستان، کە بە ھاوکاری لەگەڵ ماڵی کتێب سازکرا، شیعری (81) ژنی کورد لە کتێبێکدا بە نێوی (ژن ژیان دەنووسێتەوە) چاپ و بڵاوکرایەوە، کە وەک ئەنتۆلۆژیایەکە بۆ توێژەر و ڕەخنەگرانی بواری شیعری ھاوچەرخی کوردی، کە بە دڵنیاییەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی باش و زەلال و کەلێنێکی نێو کتێبخانەی ئەدەبی کوردیش ڕووناک دەکاتەوە ..
- ئەم کۆنفرانسەیش، کە ئەمڕۆ بە نێوی (یەکسانیی جێندەری، ئەرکی ھەمووان)، بەڕێوە دەچێت و کۆمەڵێک باس و بابەتی گرنگی تیادا پێشکەیش دەکرێت، ھەنگاوێکیتری دروستە بە ئاراستەی ڕاستەڕێگە، ئەو ڕاستەڕێگەیەی، کە ژن مرۆڤە و ئیتر دەبێ پیاوەکانیش مرۆڤانە و وەک مرۆڤ بەرخورد لەگەڵ ژندا بکەن!.
- ئێمە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کاری بەردەوام لەو پێناوەدا دەکەین و بە دەنگی بڵند بە ھەمووان دەڵێین : کۆمەڵگەی ڕووناک، دەوڵەت و حکومەت و تەنانەت قوتابخانە و ماڵی رووناکیش بریتین لەوەی، ژن و پیاو پێکەوە وەک ئینسان بەرخورد لەگەڵ یەکتر بکەن و بە کورتی لە کوێ ژنێک بێدەنگ کرا، لەوێ چرایەک خامۆش دەبێت، لە کوێ ژنێک کوژرا لەوێ خوا تووڕە دەبێت و ئیتر دەبێ ژیان بە نەغمەی ژنەوە بکەینە گۆرانی، دەبێ دیواری وڵات ھەڵچنین، لێ نیگار و نەخشەکانی، ڕێک وەک ڕەنگی ژن بێت و ئیتر لە تەنیشت ھەر پیاوێکەوە ژنێک و لە تەنیشت ھەر ژنێکیشەوە پیاوێک، دەست لە ناو دەست کوردستان بنیات بنێن!..

© 2017 Hawler