کانونی یەکەم 07, 2019

جوڵەی دیپلۆماسی و (دەسەوام)

شێرکۆ هەورامی

 

دیپلۆماسی یان پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان بە پەیوەندی نێوان سیاسەتمەداران و سەرۆکی وڵات دەگوترێت، یان ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانەی نێوان بەرپرسانی باڵای سیاسی و فەرهەنگی و کەلتووری و ئابووری و هتد..، هاوکات بە پێی رێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەو کەسانەی بە کاری رێکخستنی پەیوەندییەکان لە وڵاتی دووەم دەمێنەوە بە دیپلۆماتکار ناوزەد دەکرێن. بەرزتریش لەوە بە باڵیۆز دەناسرێت.
لە مادەی (٢٢) رێکەوتننامەی ڤیەننا کارمەندانی دیپلۆماتیک و باڵیۆزەکان هەڵگری پارێزبەندی سیاسین و پارێزراون. لەسەروی گشتیانەوە باشترە ئاماژە بە سەردان و دیدارە فەرمیەکانی سەرکردە سیاسەکان و سەرۆکی وڵاتان بکەین، کە بۆ خۆی لە لوتکەی هەرەمی کاری دیپلۆماسیدایە و ئەمەش بۆ هەرچی باشتر کردن و بەرەو پێش بردنی پەیوەندییە دوو قۆڵی و چەند قۆڵییەکان بەسود و گرنگە. ئەوەشمان بیر نەچێت هەر سەردانێک دوولایەنەیەوە و بە پێی بەندەکانی پرۆتۆکۆڵ و تەشریفات و کاری دیپلۆماسی هەر سەردانێکی شاندی پایە بڵندی وڵات بۆ هەر وڵێتێکی دیکە و ئەنجامدانی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پایە بڵند، پێویستە بە لایەنی کەمەوە پاش دوو سەردان وەڵامی ئەو سەردانە بە سەردانیکردنی فەرمی بدرێتەوە. هەر وەک چۆن لە داب و نەریکی کۆمەڵایەتی نێو کوردەواریشدا بە هەورامی دەستەواژەی (دەسەوام) بەکار دێت و هاتنی جارێک یان دوو جاری من بە مانای هاتنێکی تۆیە لە ئایندەدا بە هەمان قورسای و رێز و ئەتەکیەک و فەرمیەتەوە.
گەر وەک چەمک لە دیپلۆماسی (Diplomacy) بڕوانین ئەوا بەو ئاراستەکردن و بەرێوەبردنی کردارە دەگوترێت لە نێوان کەسەکان، گرۆپەکان و گەلاندا. لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکانیشدا زیاتر بۆ وتووێژەکان و دیدار و سەردانە فەرمیەکان بەکار دێت. ئەو دەوڵەتانەی کە زیاتر گرنگی بە دیدار و سەردان و دیپلۆماسیەت دەدەن هەردەم بەرچاو تێکەڵ تر و زیندوو تر. چونکە لە دنیای پەیوەندیەکانی ئێستادا زیاتر باشکردنی پەیوەندیەکان و بەرەوپێشبردنی وڵات بە هەبوونی زیاتر و باشترینەکان لە دۆست و لایەنگران و هاوبیران دێت.
لە رابردوویەکی نزیکدا، دیپلۆماسی زیاتر وەک پەیوەندییەکی کەسی و شەخسی و پەیوەندی نێوان پاشا و ئیمپراتۆرەکان و خێزانەکانیان باسی لێوە دەکرا و لە کاتی شەڕ و ئاشتەوای و سەدانی شەخسی بەکاریان دەهێنا. بەڵام لە دنیای پەیوەندییە فراوانەکانی ئێستادا دیپلۆماسی ناکرێت تەنیا لە چەند بوارێکدا کورت بکرێتەوە، ئەوەتانێ تاقە یاریەکی دۆستانە گەیاندنی دوو گەلە، کە هیچ کات سیاسەکانیان ئامادەی دیداری پێکەوەی نین، هەربۆیە ناکرێت بێ لایەن بیت لە پەیوەندییەکانمان و دوورە پەرێز لە دنیای دەرەوە و خۆ گرمۆڵ کردن و تەنیا خود بینین و بەس کارێکی ناڕەوایە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کێشانی وێنەی سیاسەتی دەرەو و گەیاندنی پەیامی گەل و درێژکردنی دەستی دۆستایەتی لە رێگەی دیپلۆماسیەت و دیدارەکانەوە دەبێت. تەنیا هاوارکردن و خۆ نمایش کردن بەس نییە بۆ ئەوەی وێنەی خۆت پیشانی دنیای دەرەوە بدەیت، بە تایبەت لە نزیکەکانەوە پێوەیستە دەست پێ بکرێت و تا دەگاتە دوورەترینەکان.
جێبەجێکارانی سیاسەتی دیپلۆماسی لە ئەستۆی کەسانی تایبەتمەند و فەرمی وڵاتە لەسەرووی هەموویانەوە، سەرۆکی ووڵات یان سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار وەک ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەیوەندار بە کاروباری دەرەوەی وڵاتەوە. ئەم دیدارانەش سەرەتا لە پێش رێکخرا و بە ئامانجی دیاریکراو لە چوار چێوەی یاسا و رێساکانی نێودەوڵەتی و دەستووری ووڵاتدا دەبن و ئامانجی سەرەکیان بەرژەوەندی هەردوولا، بە گشتی و گەل و نیشتیمان بە تایبەتی. شاندەکانی دیپلۆماسی و سەرۆکی شاند و کەسی یەکەمی وڵات ئامانجی سەرەکی لە باشترکردنی پەیوەندنی دوولایەنە و فراوان کردنی ئاستی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، کەلتووری و زانستی و ....هتد.
لە دواهەمین جوڵەی دیپلۆماسیدا سەردانەکانی سەرۆکی هەڕێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بە نموونە گەر تەماشایەک بکرێن، ئەو تایبەتمەندی و قورسایەی خۆیان هەیە لە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان و باشتر کردنی پەیوەندیەکانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە (تورکیا و ئیمارات). هه‌ریه‌ك له‌ بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەسەر داوای فەرمیی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینی ئەبوزەبی، جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی راپەڕاندنی ئیمارەتی ئەبوزەبی، بۆ به‌شداریكردن له‌ رێوڕه‌سمی پێشبڕكێی خه‌ڵاتی ئیمارات فۆرمۆلا یه‌ك، رۆژی یەکشەممە 1/12/2019 بە سەردانێکی یەک ڕۆژە گەیشتنە ئه‌بوزه‌بی.
له‌ میانه‌ی ئه‌و سه‌ردانەیا‌دا، شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان چاویان كه‌وت به‌ هه‌ر یه‌ك له‌ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینی ئەبوزەبی، جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجوومەنی راپەڕاندنی ئیمارەتی ئەبوزەبی، شێخ محه‌مه‌د بن راشد، جێگری سه‌رۆكی ئیمارات و سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری به‌رگری و فه‌رمانڕه‌وای دوبه‌ی، میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان، جێنشینی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌، ئه‌رمین سه‌ركیسیان سه‌رۆكی ئه‌رمه‌نستان، رۆستم مینیخانۆڤ سه‌رۆكی ته‌ته‌رستان و ژماره‌یه‌ك له‌ شا و سه‌رۆك و سه‌ركرده‌‌ و وه‌زیرانی وڵاتان و میوانانی رێوڕه‌سمه‌كه‌. ئیدی تەنیا بە وردبوونەوەیەکی ژیرانە و چاوێکی زانستیانەوە لەم جوڵەیە بڕوانین لە تاقە رۆژێکدا دەبینین لە چ ئاستێک و بە چ قەبارەیەکی مەزن مومارەسەی کاری دیپلۆماسیەت کراوە.
تەنیا بە چەند کاتژمێرێکیش پێش ئەو سەردانە باشترە ئاماژەیەکیش بە سەردانە سەرکەوتووانەکەی جەنابی سەرۆک وەزیرانی کوردستان کاک مەسروربارزانی بکەین بۆ وڵاتی تورکیا و دیدار و چاوپێکەوتنە فەرمی و گرنگەکانی لە بەرزترین ئاستی باڵای وڵاتی تورکیادا و لە ژێر بەیداغی پیرۆزی ئاڵای کوردستاندا. گەر بە کورتی ئاماژەیەک بەوە بکەین، کە مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نقه‌ره‌، له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ کۆبوونەوە. لە رۆژی پێنجشه‌ممه‌، 28ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2019، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بانگهێشتێكی فه‌رمی، كه‌ له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران پێی گه‌یشتووه‌، سه‌ردانی توركیای كرد و سه‌ره‌تاش له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌.
گەر ئەمە جوڵەی دیپلۆماسی نەبێت بە ئاراستەی پێشکەوتن و باشترکردنی پەیوەندییەکان و بەرەوپێش بردنی ئاستی گوزەران و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیەکان کوردستانیان و نیشاندانی رووی مەدەنی و ژیان دۆستی کورد و گاریگەربوونی لە ناوچەکەدا نەبێت، چیترە. لە لایەکی تریشەوە وەڵامی ئەو گشتە ترافیک و سەردانانەیە لە لایەن وڵاتان و سەرکردە جیهانیەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بینینی سەکردە و بەرپرسانی هەرێم و ئەو (دەسەوام)ەیە بە پێی رێساکانی پرۆتۆکۆڵ، کە پێویستە بدرێتەوەوە.

 

© 2017 Hawler