کانونی یەکەم 07, 2019

پرۆگرامەكان بەرپرسیاریەتی مێژوویی و پەروەردەیی و نیشتمانییە

بكر كریم حسن*

 

نوسەری بەناوبانگی ئەمریكی مارك توین دەلێ" نهێنی سەركەوتن و پێشكەوتن لە ئیش، بریتییە لەوەی دەست بە ئیش دەكەین".
بێگومان جەخت كردنەوەمان لە سەر هەمواركردنەوەی پرۆگرامەكان بە گشتی بەكارێكی هەرە لە پێش و پێویستی وەزارەتی پەروەردە دەبینم، چونكە هەر گۆڕانكاری و هەمواركردنێك لە پرۆگرامەكان بریتی دەبێت لە پەرەسەندن و گەشەسەندن و قایم كردن و مكوم كردنی زیاتری بەها باش و ئیجابییەكانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتییە لە پێش هەموویان بەرەو بنیاتنانی تاكێكی پۆڵایین و تۆكمە بۆ نیشتمان.
شك لە وەدانییە هەموومان كۆكین لەسەر پێویستیمان بە پەرەپێدان و گەشەپێدانی پرۆگرامەكان هەیە بەگشتی، چونكە گەر بمانەوێت هەر هەنگاوێك بنێین بەرەو گەشەپێدان و چاكسازی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەبێت لە پرۆگرامەكان دەست پێبكەین، پرۆگرامەكان قوتابی لە ناخەوە دروست دەكات و ئامادەی دەكات بۆ نیشتمان، گەر پرۆگرامەكان لە ئاستی پێویست نەبێت ئەوا تاكێكی مەبەست دار و بەهێز دروست نابێت، بەڵكو تاكێكی دەستەمۆ و مەلوول دروست دەبێت. بۆیە هەردەم شارەزایانی بواری پەروەردە و فێركردن هاوڕا و كۆكن لە سەر ئەوەی هەر كاتێك پرۆگرام لاواز بوو، ئەوا هۆكاری سەرەكییە لە دابەزینی ئاستی خوێندن و دابەزینی دەریچە و دەروازەكانی جۆری فێركردن، چونكە پرۆگرامی لاواز ناتوانێت نەوەیەكی وەكو شاخ و بەهێز و خاوەن ئیرادە و بڕوا دروست بكات، وە پرۆگرامەكان پەیوەست نییە بە كەسێك و دووكەس، پرۆگرامەكان پەیوەندی بە چارەنووس و پاشەڕۆژ و مافی میللەتەكەمان هەیە.
بۆیە پێویستە هەردەم چارەنووس و پاشەڕۆژی میللەتەكەمان لە بەرچاو بگیرێ و ئامانجەكانی پەروەردەی لێ بێتەدی و لەلایەن كەسانی شارەزا و بە ئەزموون و پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاكانی پەروەردە و فێركردن بەرێوەببڕێن و بڕیاریان لە سەر بدرێ، كەسانێك كار لە پرۆگرامەكان بكەن هەڵقوڵاوی ناو پرۆسەكە بن و شارەزای بارودۆخی قوتابخانە و قوتابی و ژینگەی فێركردن بن و بە قۆناغەكانی پەروەردە و فێركردن گوزەریان كردبێت، چونكە بەرپرسیاریەتی پرۆگرامەكان دەستكەوت و پۆست نییە، بەڵكو بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی و نیشتمانی و پەروەردەیی گەورە دەكەوێتە سەرشانیان، چونكە پرۆسەی گەشەپێدان و پەرەپێدان لە پرۆگرام واتا گەشەپێدان و ئامادەكردن و دروست كردن و بنیاتنانی مرۆڤی پاشەڕۆژ و پیاوی سبەی، كە هەر ئەوانن رێگاكان دەبڕن بەرەو داهاتوویەكی گەش و پڕشنگدار و ئامادەكردنی نەوەی پاشەڕۆژ، هەردەم پرۆگرامەكان هۆكار و ئامرازی سەرەكی و كاریگەر بوونە ووڵاتان بەكاریان هێناوە لە پێناو بنیاتنان و دروست كردنی تاك و كۆمەڵگە و ووڵات. لە سەر دەمانێك چەند ووڵاتێك دەستیان كرد بە ئەنجامدانی چەند هەمواركردنێك لە پرۆگرامەكان كە هەمواركردنی فراوان و گشتگیری گرتەوە، هەر ئەو هەمواركردنەش بووە هۆكاری پێشكەوتن و گەشەكردنی ووڵاتەكانیان لە بواری پەروەردە و فێركردن و بوارەكانی تریش نموونە(فیلەندا، سەنگاپورە، مالیزیا، ئەلمانیا، ژاپۆن). هەموو ئەو ووڵاتانە و چەندەها ووڵاتی تریش هەمواركردنەوەیان لە پرۆگرامەكانیان كردو بووە هۆكاری پێشكەوتنیان لە هەموو روویەكەوە هەردەم لە ریزی پێشەوەی ووڵاتانی جیهانن لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن.
بۆیە ئەلێرەوە جەخت دەكەمەوە لە سەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە گرنگی بە هەمواركردنەوەی پرۆگرامەكان بدەین، هەرچەندە پرۆگرامەكان جێی بایەخی وەزارەتی پەروەردە بووە بە تایبەت لەو كابینەیە، بەڵام گرنگە بە پلانێكی دیراسەت كراو هەوڵی هەموار كردنەوەی فراوانی پرۆگرامەكان بە گشتی بدەین، ئەویش لە رێگای دامەزراندن و پێكهێنانی سەنتەرێكی نیشتمانی بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان، كە ئەو سەنتەرە هەرە شارەزایانی بواری پەروەردە و فێركردن بگرێتەوە لە كەسانی پەروەردەیی و ئەكادیمی كە پێشتر كاریان كردبێت بە كردار لە ناو پرۆسەی پەروەردە و قۆناغەكانیان بڕیبێت لە وەزیر و سەرۆكی زانكۆ و راوێژكاران و بەرێوەبەرانی گشتی كە پێشتر مامۆستایەتیان كردبێت و شارەزایی كردارییان هەبێت، لەگەڵ كەسانی تری بە ئەزموون و پسپۆڕ، چونكە ئەو بەرپرسیاریەتیە بەرپرسیاریەتیەكی مێژوویی و نیشتمانی و پەروەردەییە، دەبێـت ئازایانە و راستگۆیانە بە بوێری و دڵسۆزی قۆڵی لێ هەڵمالین و ئەمانەتە مێژووییەكە بپارێزین.
*بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەر
ماستەر لە كارگێرێ پەروەردەیی

© 2017 Hawler