کانونی یەکەم 07, 2019

ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌نێو پڕۆژه‌یی نه‌ته‌وه‌ییدا

هەورامان علی تۆفیق

 

ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌وروپا له‌ حه‌فتاکانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی دیارو به‌رچاوو بوونی هه‌بووه‌و تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات به‌هۆیی نائارامی دۆخی ناوچه‌که‌ ڕوو له‌زیادبوون بووه و ته‌نها له‌ ئه‌ڵمانیا نزیکه‌ی هه‌شت سه‌د هه‌زار ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ی وڵاتانی دی ڕێژه‌ی دیارو به‌رچاوی کورد بوونی هه‌یه‌ و به‌جۆرێک ئێستا ئه‌م ڕه‌وه‌نده‌ به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان بوونی خۆیی سه‌لماندووه‌، له‌زۆرێک له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا جێگاو پێگه‌ی دیاره‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ی ڕەوەندی کوردی ئه‌وه‌ په‌نچا ساڵ تێده‌په‌ڕێنین و هێشتا پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ کار بۆ ڕێکخستن و یه‌کگرتنه‌وه‌ و به‌ به‌رنامه‌کردنی کاروباری ئه‌م ڕه‌وه‌نده‌بین و ڕێکخستنی وه‌ک کایه‌یه‌کی کاریگه‌رو چالاک بۆ ئاینده‌یی وڵات، هێشتا ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاداین، ڕاسته‌ کار و هه‌وڵ هه‌ن و شتێک کراوه‌ و جێگای ده‌ست خۆشیه‌ به‌ڵام بۆ ئه‌و ڕابردووه‌ دوورو درێژه‌ی ڕه‌وه‌ندی کوردی ئه‌وه‌ی کراوه‌ زۆر که‌مه‌وله‌ئاست پێویست نیه له‌چاوو نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ورووبه‌رمان .
هه‌وڵه‌کان تاکه‌که‌سی و بێ پشتگیری و بێ به‌رنامه‌و سیسته‌ماتیک بوون و په‌رته‌وازه‌یی و فره‌ڕه‌نگیان پێوه‌ دیاره‌، چونکه‌ کۆکردنه‌وه‌ی ڕه‌وه‌ندی کوردی پێویستی به‌ پڕۆژه‌ی هه‌نوکه‌یی ودرێژخایه‌ن هه‌یه‌ و پێویستی به‌کاری به‌رده‌وام و پشگیری به‌رده‌وام و یاسا و شێوازی مامه‌ڵه‌کردن هه‌یه‌ چ له‌ده‌ره‌وه‌و چ له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێم .
حزبایه‌تی و ناکۆکیه‌کان و هه‌وڵه‌کان بۆ به‌ده‌ست هێنانی پۆست و سود وه‌رگرتن له‌م کاره‌ به‌شێک بوون له‌و هۆکارانه‌ی نه‌توانراوه‌ هه‌نگاوه‌کان کاریگه‌روو له‌ ئاست پێویست بن . بارزانی ڕابه‌رو مه‌رجه‌عی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مڕۆ ته‌نها که‌سه‌ بتوانێت ئه‌م ئه‌رکه‌ قورسه‌ له‌ ئه‌ستۆبگرێت، به‌کردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی تایبه‌ت بۆ ڕه‌وه‌ندی کوردی هه‌نگاوێکه‌ به‌ مه‌به‌ستی دروست و بنیادنانی چوارچێوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کوردانی تاوارگه‌، تا له‌ده‌ره‌وی حزبایه‌تی و گێژاوی بیروڕای جیاواز و ناکۆکیه‌کان له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌و چه‌تره‌یا به‌ئاسوده‌ی و نه‌ته‌وییانه‌ کۆببنه‌وه‌، چونکه‌ هێشتا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خه‌می وڵات و ئاینده‌ و ڕه‌هه‌نده‌ نیشتمانیه‌کان لای ڕه‌وه‌ندی کوردی زیندوون و پێویسته‌ کاری له‌سه‌ر بکرێت . بارزانی ئه‌و کاریزما نه‌ته‌ویه‌یه‌ ده‌توانێ هه‌موولایه‌ک له‌ ده‌وری خۆیی کۆبکاته‌، له‌پرسه‌ نیشتمانیه‌کان ڕه‌وه‌ندی کوردی هه‌میشه‌ پشتێکی به‌هێزی کوردستان بووه‌ له‌ هه‌رپاچه‌یه‌ک هێزێکی مه‌عنه‌وی و مادی به‌هێز بووه‌ و ده‌کرێ ڕێک بخرێت، ئێستا دوای بڕیاردانی سه‌رۆک ئه‌رک و کاره‌کان که‌وتوونه‌ته‌ بواری جێ به‌جێ کردنه‌وه‌ و کۆبوونه‌وه‌کان بۆ بینینی زۆرترین و باشترین و کاریگه‌‌رترین که‌سه‌کان له‌ ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌ گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا و وه‌رگرتنی پێشنیارو و دواتر کارکردن له‌سه‌ریان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ .
پڕۆژه‌یه‌کی گشتگیرو فره‌ ڕه‌هه‌ند و فره‌ ئامانج ئه‌رکی گشت لایه‌که‌ به‌ خه‌م خۆریه‌وه‌ لێی بڕوانرێت و هاوکاری بکرێت، چونکه‌ زۆر دره‌نگه‌و ده‌بووهه‌نگاوی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌یان ساڵ پێش ئێستا بنرایه‌ . بۆیه هێنده‌ ده‌ڵێم ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌نێو پڕۆژه‌که‌ی بارزانیدا کوردایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی خۆیی ده‌دۆزێته‌وه‌ و ده‌بێ ئه‌و فرسه‌ته‌ له‌ده‌ست خۆیی نه‌دات .

© 2017 Hawler