کانونی یەکەم 12, 2018

٨ی مارس و ئازادی و ئەزمەی شەرەف لای پیاوان

پاڤین ڕەمەزان

ماوەیەکی کەم تێپەڕیووە بەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە لایەن چەند پۆلیسێکی هەولێرەوە تۆمارکرا و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە، کە تیایدا چەند ژنێک دانپیانانیان بڵاو کرایەوە بێ شاردنەوەی ڕوخساریان بەو تۆمەتەی کاری لەشفرۆشیان کردووە، کە ئەمە بۆ خۆی مەهزەلەیەکی گەورەیە و نا ئومێدییە لە بەرامبەر کەرامەتی مرۆڤ لەم هەرێمە، ئێمە تا ئێستا لەوە نەگەیشتووین کە(سێکس) نە تاوانی ئافرەتە و نە پیاو، بەڵکو حەزێکە لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر شتێکیش ناخی مرۆڤ سەرچاوەکەی بێت، بێ ئەخلاقی و بێ مۆڕاڵی نییە، تەنیا پێویست دەکات بە یاسا ڕێکبخرێت و تاک لە کۆمەڵگا بەرچاو ڕوونی هەبێت سەبارەت بە چۆنییەتی پیادەکردنی، تەنیا کاتێک بێ ئەخلاقییە بە شێوەیەکی تاکویستانە و زۆرداری بیسەپێنیت بەسەر بەرامبەردا، بەداخەوە تا ئێستا مەسەلەی سێکس و ئافرەت لای کۆمەڵگای ئێمە وەک ڕووی یەک دراو تەماشا دەکرێت و پێمان وایە ئافرەت تەنیا بۆ ئەوە دەژی خۆی لە پەیوەندییە سێکسییەکان بپارێزێت و پیاوانیش چۆنیان ویست مامەڵە لەگەڵ چەمکی سێکس بکەن لە بەرامبەر ئافرەتدا، واتە لای ئێمە مەسەلەی سێکس بۆ ئافرەت بێ شەرەفییەکی گەورەیە و بۆ پیاوانیش ڕەحمەتێکی یەزدانییە !، لێرەوەیە ئافرەت دەبێتە مەتەڵێکی گەورە، ئەو مەتەڵەی بە خۆشی نازانێت وەڵامەکەی چییە، ئەم بێ چارەیی و سەرلێشواندنەی ئافرەت لە کۆمەڵگادا خۆ تەنیا خودی ئافرەت لێی زەرەرمەند نییە، بەڵکو پیاوانیش توشی کارەساتێکی وەهمی بوونە، کارەساتێک کە نازانن چۆن لێی دەربچن. باشترین چارەسەر بۆ دەرچوونی پیاو لەو ئەزمەی شەرەفە کە تەنیا بە ئافرەتەوە دەیبەستنەوە ئەوەیە، مەسەلەی ئازادی ئافرەت بە یاسا ڕێکبخرێت و لە چنگ شەرەفی پیاوان بهێنرێنە دەرەوە، کە بەمە پیاوانیش لە ئەزمەی شەرەف قوتاریان دەبێت و بارێکی قورس لەسەر شانیان لادەچێت، کە لە ڕاستیدا لە ئەنجامی نا ئاگایی و ناهوشیاری کۆمەڵگاوە ئەم بارەیان لە خۆیان بار کردووە، ڕەنگە لێرەدا زۆر کەس ببنە بەرهەڵستکار و بڵێن ئازادی ئافرەت بانگەشەیە بۆ بەربەڕەڵایی، جێگای خۆیەتی بپرسین کاتێک نێرینەیەک ئازادە لەوەی چۆن هەڵسوکەوت بکات و نیمچە ئازادە لەوەی بۆی ڕێکبکەوێت دەستدرێژیش بکات، بۆچی بەربەڕەڵایی نییە؟ کەچی باس لە ئازادی ئافرەت بکرێت باسەکە دەبێتە باسی بەربەڕەڵایی ؟ لە ڕاستیدا هیچ کۆمەڵگایەک بە ئەندازەی ئێمە لە مەسەلەی ئافرەتدا دووڕوو نییە، دەمانەوێت لە مەسەلەی ئافرەتدا بۆ خۆمان دادوەر بین و لێپێچینەوە بکەین، هەر بۆخۆشمان ببینە پارێزەریان، دەبێت ئەم دووڕووییە چارەسەر بکرێت، باشترین ڕێگاش یاسایە، یاسای کردەیی نەک نوسراو، ناکرێت تا قامی قیامەت بە ناوی دین و شەرع و شیرازەی کۆمەڵگاوە ئێمە ئەم مەسەلە گەورەیە پشتگوێ بخەین کە مەسەلەی ئافرەتە، وە دەبێت مەسەلەی سێکس چیدی مەسەلەیەکی بڤە نەبێت و شایەنی باسکردن و ڕێکخستن بێت بە یاسا، چونکە هەرشتێک پاڵنەرێکی سروشتی هەبوو ڕێگای لێناگیرێت و ئەگەر هەوڵی شاردنەوە و چەپاندنی بدرێت، ئیتر بە هەڵە و بە تاریکی ئەنجام دەدرێت، وەک د.عەلی وەردی کۆمەڵناس پەنجەی لەسەر زامەی کۆمەڵگای عێراقی داناوە و پێی وایە مەسەلەی نێربازی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان سەرچاوەکەی ئەوەیە مەسەلەی سێکس لە کۆمەڵگادا چەپێنراوە و باسکردن و ڕێکخستنی دراوەتە دەست تاک تا بە نهێنی بیری لێبکاتەوە و پیادەی بکات.

© 2017 Hawler