کانونی یەکەم 11, 2018

ئەوانەی سیاسەتیان سووك كردووە

جەمال عەبدوڵا

 

• ئەوانەی كە ئێستا لەحكوومەتی ھەرێمی كوردستان كشاونەتەوەو دەیانەوێت ھەتا كاتی ھەڵبژاردنەكان بۆ دەنگكۆكردنەوە ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئەوانە پێش ئەم كابینەیەی ئێستای حكوومەت و ئەوكاتەی ئۆپۆزسیۆن بوون خراپترین جۆری ئۆپۆزسیۆن بوون و كە ھاتیشنە ناو ئەم كابینەیەی ئێستای حكوومەت – حەقم بەسەركەسی ترەوە نیە لەبەر ھەر ھۆیەك بێت موجامەلەیان دەكەن - ئەگینا لەناو حكوومەتیشدا شتێكیان لەپارتی و یەكێتی زیاترو باشتر بۆ ھاووڵاتیانی كوردستان پێنەبوو .
• ئەوان پێش ئەوەی بێنە ناو ئەم كابینەیەی ئێستای حكوومەت و ئەو كاتەی ئۆپۆزسیۆن بوون زۆر باسی داھاتی ھەرێم و شەفافبوون و ڕوونی و ڕاشكاویان لە بواری نەوت و سامانە سرووشتیەكان دەكرد و دەیانگوت تەنھا داھاتی ناوخۆ بەشی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام كە ھاتنە ناو حكوومەت یەكێك لەو وەزارەتانەی پێیان درا وەزارەتی دارایی بوو، ئەوەندەش پێوقەدەمیان ڕەش و شووم بوو ئەو ساڵەی ئەوان ھاتنە ناو حكوومەت، لەبەغداوە بەشەپارەی ھەرێمی كوردستانیان بڕی و ھەر ئەوساڵەش داعش پەلاماری كوردستانی داو دیسان ھەر ئەوساڵە نرخی نەوت بەئاستێكی زۆر دابەزی، كە وەزارەتی داراییشیان پێدرا و كاتێك مووچەخۆران بەوەزارەتی داراییان دەگوت كەی مووچەی فڵان مانگ دابەش دەكرێت ؟ لەوەڵامدا لەجیاتی ئەوەی بڵێن ھەموو سەری مانگێك و لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكەین چونكە ھەروەك ئەو كاتەی ئۆپۆزسیۆن بووین و پێمان دەگوتن تەنھا داھاتی ناوخۆ بەشی مووچە دەكات ھەروایەو بەڕاستمان بووەو لەسەر قسەی خۆمانین و ئەوەتا ئێستا خۆمان وەزارەتی داراییمان لایەو ئیتر خۆمان داھاتی ناوخۆ كۆدەكەینەوە و ئەم داھاتی ناوخۆیەش بەڕاستی بەشی مووچە دەكات خۆ كە ئۆپۆزسیۆن بووین درۆمان لەگەڵ نەكردوون ! كەچی لەجیاتی ئەم وەڵامە دەیانگوت ھەركاتێك پارەی پێویست لەبەردەستدا بوو مووچە دابەش دەكرێت ! ئێ باشە خۆ پارتی و یەكێتییش لە حكوومەت ھەروا دەڵێن ئەوەتا ئێستاش كە لەمانیش دەپرسیت كەی مووچەی فڵان مانگ دابەش دەكرێت ئەمانیش دەڵێن ھەركاتێك پارەی پێویستمان لەبەردەست بوو مووچە دابەش دەكەین . باشە ئیتر كوا جیاوازیی نێوان وەڵامی گۆڕان و وەڵامی پارتی و یەكێتی ؟ كە ئۆپۆزسیۆن بوون دەیانگوت بابەتەكانی تایبەت بەنەوت و سامانە سرووشتیەكان شارراوەیەو كەس ھیچی لێنازانێت كەچی كە ھاتنە ناو حكوومەت و وەزارەتی داراییان درایەو وەزیری داراییش ھەركەس بێت و سەر بە ھەر حزب و لایەك بێت دەبێتە ئەندامی لیژنەی باڵای نەوت و غازی ھەرێم و ئەم لیژنەیەش بەبڕیاری پەرلەمان درووستكرا، كەچی نەھاتن وەك خۆیان پێشتر دەیانگوت ئەو ناشەفافبوونەی پارتی و یەكێتی لە بابەتەكانی تایبەت بە نەوت و سامانە سرووشتیەكان شەفاف بكەن و ئەم نھێنیانەی نەوتمان بۆ كەشف بكەن و بۆ بخەنەڕوو . كەوەزارەتی سامانە سرووشتیەكانیش ناو بەناو ڕاپۆرتێكی لەسەر بڕی بەرھەمھێنان و پارەی فرۆشتنی نەوت بڵاو دەكردەوە، وەزیری دارایی كە گۆڕان بوو ئەندامی لیژنەی باڵای نەوت و غازی ھەرێمیش بوو نەیدەگوت ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان ڕاست نیە ! باشە ئیتر كوا جیاوازیی گۆڕان و پارتی و یەكێتی لە بابەتەكانی تایبەت بە نەوت و غاز ؟ بەڵام : -
• جیاوازیی ئۆپۆزسیۆنبوونی ئەمجارەی گۆڕان و كۆمەڵ ئەوەیە كە لەگەڵ بەرھەم ساڵحدا موغازەلەی یەكتر دەكەن . بەرھەم دووساڵ سەرۆكی كابینەی شەشی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بوو، سەرۆكی حكوومەت ھەركەسێك بووبێت و ھەركەسێك بێت دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان كەواتە دەبێت بەرھەم ئەگەر ئەو كاتە شەفاف نەبووبێت لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ چونكە ئەم سەرۆكی حكوومەت بووەو گۆڕان و كۆمەڵیش ئۆپۆزسیۆن بوون ئەوا دەبێت ئێستا بەرھەم لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ شەفاف بێت و ئەو دووساڵە چیی كردووە بە گۆڕان و كۆمەڵ بڵێت چونكە ئێستا ھەڵگری درووشمی دیموكراسی و دادپەروەریە ! و دیارە ئەو كاتانەی كەسەرۆكی حكوومەت بووە سەرۆكی حكوومەتێكی نادادپەروەرو نادیموكراسی بووە، ھەرچەندە ئەو كاتە زۆر حەزیشی دەكرد دووساڵی تریشی بدەنێ بۆ ئەوەی وەك سەرۆكی كابینەی شەش بمێنێتەوەو چوار ساڵەكە تەواو بكات واتە دووساڵی تریش سەرۆكی حكوومەتێكی نادیموكراسی و ناداپەروەر بێت ! بەڵام لەو كاتەوەی ئەو دووساڵەی بۆ درێژنەكرایەوە ئیتر كوتلەوكوتلەكاریی لەناو یەكێتیدا تۆخ كردەوە، كە لەم گەمەیەش شكستیھێنا ئینجا بەرەو لای گۆڕان و كۆمەڵ كەوتۆتە ڕێ بۆ ئەوەی ئەمان بیكەن بەسەرۆكی حكوومەت، كابینەی نۆ ! و ھەموو ھاتوھاواری ھاوپەیمانیەكەشی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی بۆ ئەم پۆستەیە و ھیچی تر ! ئەھا ئەوان لەكوردستان سیاسەتیان چەند سووك و سەخیف كردووە !

 

© 2017 Hawler