کانونی یەکەم 13, 2019

رۆژانی داهاتوو، بەرهەمی ئەم سەردانە دەبینین

ئاریان فەرەج

 

ئەم سەردانەی سەرۆك نێچیرڤان بۆ بەغدا، جیاوازە. لە هەل ومەرجێكدایە عێراق گیرۆدەی قەیرانێكی سەختە، بە نەخشەڕێیەكی جددی و هەوڵی هەموان نەبێت، قورتاربوون لێی ئەستەمە. چارەسەریش بە خوێندنەوەی دروست و تێگەیشتنی قوڵ لە قەیرانەكە و درك كردن بە قەبارە راستەقینەكەی دەستپێدەكات نەك بە خۆخەفڵاندن و نادیدەگرتنی مەترسییەكانی.
مەبەست لەم سەردانە بۆ بەغدا، هێنانەئارای هەژانێكی جدییە لە نێوەندی سیاسی بەغدا كە وەڵامدەرەوەی هەژانە جدییەكەی شەقام بێت، لە ئاستی ئەو پڕكێشییەدا بێت كە كۆی كایەی سیاسی و حوكمڕانی ووڵاتەكەی خستۆتە سەر مەحەك و دەبێ هەموان بخاتە بەردەم بەرپرسیاری و ئەركی سەختی گەڕانی وورد و قوڵ و خەمخۆرانە بە دوای چارەسەردا.
ئەوەی روودەدات روداوگەلێكی راگوزەر نییە و ناكرێ بە كەم تەماشا بكرێ و بە هەمان رێكارە نێوەچڵەكانی رابردوو بەرخوردی لەگەڵ بكرێ. هەمووان و هەركەس بە قەبارەی خۆی لەم ئاكامە بەرپرسیارە، نە كەس دەتوانێ شانی لێ بتەكێنێ، نە هیچ ناوچەیەكی عێراقیش بە كوردستانیشەوە لێی بە دوور و پارێزراوە.
بۆیەش بیركردنەوە لە چارەسەر، دەبێ بیركردنەوەیەكی هەماهەنگانەی دەستەجەمعی بێت، نەك هەر كەس و ناوەندێك لە لای خۆیەوە دەستپێشخەری تاكلایەنە بخاتە روو. چارەی تەنگژەكە بە هەوڵی هەموانییش پێكەوە هێشتا سەخت و ئەستەمە، چ جای بە هەوڵی لابەلا!.
سەردانی نێچیرڤان بارزانی و وەفدی یاوەری و گفتوگۆی راشكاوانەی لەگەڵ كۆی ناوەند و لایەنەكان، تەقەللایەكی خەمخۆرانەیە بۆ قورتاركردنی رەوشەكە لە رێی بەگەرخستنی بزاڤێكی پەرۆش و هەمەلایەنە بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەر و نەخشە رێی دەربازبوون. نەخشە رێیەك وەڵامدەرەوەی داوا رەواكانی شەقامی ناڕازی و زامنی گەڕانەوەی سەقامگیری بێت بۆ عێراق. ئەو سەقامگیریەی بەرژەوەندی تێكڕای گەلانی عێراق بە گەلی كوردستانیشەوە دەیخوازێ.
رۆژانی داهاتوو، بەرهەمی ئەو سەردانە دەبینین.

© 2017 Hawler