کانونی یەکەم 13, 2019

ئایا ڕژێمە بەناو دیموكراسیەكەی عێراقی نوێ لەسەر هەمان ڕێچكە و هەڵەی ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی پێشوو بەردەوام دەبێت.؟!

مستەفا نەبی

 

لە بەدبەختی گەلی كوردە هەر كاتێك كەسێك یاخود هەر تاكێكی ئەو كۆمەڵگای عێراقیە جلەوی حوكمڕانی وڵاتی گرتە دەست هەرچەندە زۆربەشیان بە پاڵپشتی كورد بەم پۆستانە گەیشتوون یەكسەرە نەخشە ڕێگا سیاسیەكەی بە دژایەتیكردنی مافە ڕەواكانی ئەم گەلە دەست پێدەكات و هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ شاردنەوەی ڕاستیەكان و بەسەختترین شێواز ڕێگا لە بەردەم داخوازیەكانی ئەو گەلە دابخات و دەكەوێتە دژایەتیكردنی مافە ڕەواكانی ئەم گەلە زۆر لێكراوە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو هەموو ڕێز و میوانداریەی ساڵانی لە قەومانیان بیر بێتەوە كەوا گەلی كورد سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتی و دەردەسەریەی خۆی بەپیر ئەوانەوە چووە و لە ماڵی خۆی میوانداری كردوون و رێزی گرتوون، وە زۆربەی ئەو سەركردانەی كەوا نیازی وەرگرتنی لووتكەی دەسەڵاتی ووڵاتیان هەبووە بۆ دەستخستی پشتگیریەكی ڕاستەقینەی متمانەپێكراو روویان لە ماڵی كورد كردووە و لەسەر ڕەفتاری ڕێوی ئاسا نیازپاكی خۆیان بۆ چارەسەری مافە زەوتكراوەكانی كورد دەربڕیوە و كەچی هەر دوایی چەند ڕۆژیك لە قایم بوونی شوێنپێیان و وەرگرتنی جلەوی دەسەڵات بەبێ یەك و دوو و زۆر بێرەحمانە و دڵرەقانە دەكەونە چەساندنەوە و زۆرلێكردنی هەرتاكێكی كۆمەڵگای كوردەواری و بەرنامە چاكسازیەكانی خۆیان لەسەر حسابی ژێر پێ نان و پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤی كورد جێبەجێ دەكەن و ئەوەی لە دەستیان بێت و لە توانایاندا هەبێت لەدژی كورد ئەنجامیدەدەن بۆ نموونە لە كاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی 14ی گەلاوێژ و وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن (عەبدوڵ كەریم قاسم) كەوا ئەو كاتە ووڵات بە ڕێرەوێكی ئێجگار خراپ و نادیار دەڕۆیشت و بۆ ڕاستكردنەوەی باڵەكەی ناوبراو یەكسەرە هانای بۆ بارزانی نەمر برد كەوا ئەو كاتە بارزانی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران بوو، وە داوای گەڕانەوەی لە بارزانی نەمر كرد بۆ دەستباركردنی ئەو بارە ناهەموارەی لەو وڵاتەدا هەبوو بەرامبەر بەوەی لەبڕی ئەوە سەرجەم ماف و داخوازیەكانی گەلی كورد جێبەجێ دەكات، بۆیە بارزانی نەمر بڕیاری گەڕانەوەی دا كەچی تەنها دوای ماوەیەكی زۆر كەم لە خۆ قایم كردنی شوێن پێی خۆی لە دەسەڵات ناوبراو لە گفت و بەڵێنەكانی خۆی پاشگەز بوەوە و هیچی بۆ كورد نەكرد، بگرە بەوەش نەوەستا و بە دڕندەترین شێواز كەوتە گیانی ئەو گەلەستەمدیدە و بزوووتنەوە ڕزگاریخوازیەكەی تا ئەو گەلەی ناچار كرد كەوا دەست بەشۆڕش بكات و ئەوەبوو بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر گەورەترین شۆڕشیان لە بزاڤی رزگاریخوازی كورد بەرپا كرد كەوا ئەویش شۆڕشی ئەیلولی مەزن بوو، ماوە ئەوەبلێین كەوا لە گەڵ هەڵگیرسانی یەكەمین بڵێسەی ئەو شۆرشە گورزێكی كاریگەر بەر حكومەتەكەی قاسم كەوت و بەڕادەیەك كەوا دواتر بووە هۆكاری سەرەكی نشوستهێنانی حكومەتەكەی و لە دەستدانی جلەوی دەسەڵات و حكومڕانی وڵات، بەهەمان شێوەی قاسمیش حكومەتەكەی( عەبدوڵ سەلام عارفیش ) لە سەرەتای وەرگرتنی جڵەوی حوكمڕانیان هاتنە لای بارزانی نەمر بۆ وەدستهێنانی پاڵپشتی كورد بۆ حكومەتەكەیان و ئەویش لای خۆی گفت و بەڵێنێكی زۆری بە بارزانی نەمر و گەلی كورد دا بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەك بۆ ئەو دۆزە ڕەوایەی كەوا كورد لە پێناویدا خەبات دەكات و قوربانی دەدات، بەڵام تەنها دوای ئەوەی بە مەرامەكانیان گەیشتن باكیان بە كورد نەماو بگرە لە بڕی پاداشت بە ئاگر و ئاسن كەوتنە گیانی ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیووە. ڕژێمی بەعسیش كاتێك احمد حسن البكر و صدام حسێن جلەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست هانایان بۆ بارزانی نەمر و شۆڕشەكەی هێنا، كەوا ئەو كات شۆڕشی ئەیلول لە سەردەمی زێڕینیدا بوو، وە لەو پەڕی بە هێزی دا بوو و داوای دانوستانیان لە سەركردایەتی شۆڕش كرد وە بە ناچاری و بۆ یەكەم جار لە عیراق بە فەڕمی دان بە مافە ڕەواكانی گەلی كورد نرا، ئەوەبوو ڕێكەوتننامەی 11ئازاری 1970 واژۆ كرا، بەڵام بە هەمان شێوە كاتێك گەیشتنەوە بەهێزی لووتكەی دەسەڵات، مافە ڕەواكانی كوردیان كەوا بە فەڕمی دانیان پێ دانابوو، خستیانە ژێرپێیان و بەوەش نەوەستان، بەڵكو جاڕی شەڕیشیان دا لە دژی ئەم گەلە و هێرشی سەربازی دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتیەكانیان ئەنجامدا و ئەوەی ڕژێمەكانی پێشوو پێیان نەكرا ئەوان كردیان بگرە هەر لە ئەنفال و جینۆساید و گوند سووتاندن و ڕەشبگیری و تا دوایی.
ئاشكرایە دوای ڕاپەڕینیش كەوا كوردستان بووە لانەی حەوانەوەی هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنە عێراقیەكان و هەموو ئەو سەركردانەی كەوا ئێستا جلەوی دەسەڵاتی ئەم وولاتەیان بەدەستە و كەوا زۆر نمەك حەرامانە بەو پەڕی بێڕێزیەوە ئەم میوانداریە شكۆمەندانەی كوردیان نایەتە بەرچاو كەوا ئەمەش نیشانەی سپڵەییانە ئەگینا قەت نەدەبوو ئەو میوانداریە و پاڵپشتیەی گەلی كورد و سەركردایەتیە سیاسیەكەی لە بیر بكرێت كەوا بەبێ هاوكاری كورد مەحال بوو بەو مەرامەیان بگەن و دەسەڵاتی ولات بگرنە دەست، چونكە ئەوە كورد بوو دەرگای بەڕووی ڕیكخستنەوەی ئۆپۆزسیۆنی عیڕاقی و چاڵاكیەكانیاندا كردەوە و بەدەیان كۆبونەوە و كۆنفرانسیان لەماڵی كورد ئەجامدا و كورد ڕێگای ڕاماڵینی دیكتاتۆریەتی لەم ولاتە بۆ خۆشكردن .
دوای جەنگی ڕزگاری عیڕاقیش كەوا كورد ڕۆلی بەرچاوی هەبوو لەو جەنگە و لەو پێناوە قوربانیەكی زۆری بە ڕۆلەكانی دا كورد بە ئارەزووی خۆی ڕووی كردەوە بەغدا و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بونیادنانەوەی ئەم ولاتە سەر بە کێشەیە و هەر لە سەرەتاوە سەركردەكانی كورد ڕوویان لە بەغدا كردو و شانیاندا بەر بونیادنانەوەی ولات و ڕۆلی سەرەكیان بینی لە داڕشتنەوەی هەیكەلیەتی ڕیكخستنی ولات و دام و دەزگاكانی و نوووسینەوەی دەستور و بەشداری كاریگەریان لە بەڕێوەبردنی ئەم وولاتە، وە دەبێ ئەو ڕاستیەش بڵێین ئەگەر كورد نەبووایە مەحاڵ بوو ئەم دەستوورە لە ڕاپرسی دەنگی پێویست بێنێ و جێگیر بكرێ .
ئەوەی ئێستا جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە ئەوەیە ئایا ئەم سەركردە عیراقیانە چەند زوو وە بۆچی ئەوەندە سپڵە دەرچوون و ئەو هەموو خەبات و قوربانی و چاكانەی كوردییان پشت گوێ خست و لە جیاتی پاداشت قوتی خەڵكی كوردستانیان بڕی و بەوەش نەوەستان بە پێچەوانەی دەستووری عیراق هێزیان لە دژی پێشمەرگە كەوا هێشتا هەناسەی شادی سەركەوتنی بەسەر داعشدا هەڵنەمژیبوو كەوا بە گەواهی جیهان و هاوپەیمانی نێو دەوڵتی تاكە هێز بوو توانی ئەفسانەی داعش تیكبشكێنێت بەكارهێنا و لە هەموو ڕوویەكەوە ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوەی ئابلوقەداوە و كارەساتی زۆر گەورە و دوور لە مرۆڤایەتیان بەسەر ئەم گەلەدا هێناوە.
دەبێ سەركردایەتی سیاسی عیراق ئەم راستیە باش بزانن ئەوەی ئەوان دەیكەن لە ڕق ئەستوور بوونی كورد بەرامبەریان زیاتر هیچ ئامانجێكی تری نابێت و حەق وایە ئاوڕێك لە ڕابردووی ئەم ولاتە بدەنەوە كەوا هەر كاتێك كوردیان لە گەڵ نەبووبێ و مافی كوردیان زەووت كردبێ، مەحاڵ بووە ئەم وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ سەرەڕای ئەوەی بودجەیەكی زەبەلاحیان لە دژی شۆڕشەكانی كورد خەرج كردووە، بەبێ ئەوەی لە ماڵوێرانی زیاتر هیچیتریان بۆ فەراهەم بووبێ كەوا ئەگەر ژیرانە هەڵسوكەوتیان كردبا و مافە ڕەواكانی كوردیان دەستەبەركردبا دەكرا ئەم بوودجە زەبەلاحە لە زۆر بوار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان خەرجكردبا و خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاسایشیان بۆ هاوولاتیانیان مسۆگەر كردبا، چونكە ئەم ولاتە دەوڵەمەندە ئەگەر بهاتبا و كەسانی لێهاتوو عاقڵمەند بەڕێوەیانبردبا، دەكرا ئیستا شانبەشانی وڵاتانی كەنداو هاووڵاتیانی زۆر ئاسودە لە ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانی بژین، بۆیە پێویستە سەرانی عیڕاق بە تایبەتی سەرۆك وەزیران پەند لە ڕابردوو وەربگرێت و ڕیگا لە دووبارە بوونەوەی ئەم هەموو هەلانە بگرێت كەوا لە شەڕو پشێوی و ئاژاوە و نەهامەتی و كاولكاری زیاتر هیچی تری لێ شین نابێ.

© 2017 Hawler