تشرینی دووەم 18, 2019

لە خزمەتگوزاریەوە بۆ دەستوور

بەختیار هەمەوەندی

 

دەنگی ناڕەزای لە شەقامی عێراقدا تا دێت زیاتر پەرە دەستێنێت لە بەرانبەر حكومەت و حزبە شیعیە دەسەڵاتدارەكان لە بەغداد و ئەو كەسانەی خۆیان بە ڕێبەر و پەرچەم هەڵگری ناڕەزایەتیەکانیش دەزانن، خەڵكانی شیعە مەزهەبن ئەمەیش لە كاتێكدایە لەوەتەی ڕژێمی دیكتاتۆری لە 2003 ڕووخاوە ترۆپكی دەسەڵات لە عێراقدا لەلای پێكهاتەی شیعە بووە و بەتەواوی كورد و سوونە و پێكهاتەكانی دی زیاتر دەسەڵاتەكانیان لە شێوەی تەشریفاتیدا بووە، واتا بڕیاری ڕەها لەلای خودی شیعەكان بووە نەك پێكهاتەكانی دی، ئەم ناڕزاییانەی كە ئیستا فشاری بۆ حكومەتی ناوەند هێناوە لە ئەنجام حكومڕانی خراپی چەند ساڵی ڕابردووە عێراق هاتۆتە ئاراوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێ بڕیاردانە لە جێگەی خۆپیشاندەران بە گۆڕینی سەقفی داواكارییەكانیان لە لایەن هەندی هێزەوە بە جێبەجێ كردنی ئەجیندای جیاجیا، لە هەموویشی نامۆتر هێنانە ناوەوەی هەمواری دەستوور كە هەموولا باش دەزانن ئەوە لە عیراقدا دەگوزەرێ لە ئەنجامی خراپی بەندەكانی دەستوور و سیستەمی حكومڕانی نییە، بەڵكوو ئەوە كۆمەڵێ كەسی گەندەڵ و حكومڕانی بێ سەروبەری حكومەتی ناوەندە ئەم بار و گوزەرانەیان بەرجەستەكردووە نەك خراپی دەستووری عێراق. هیچ كەمووكوڕیەك لەم دەستوورەدا بەدی ناكرێ چونكە هاوشێوەی بەشێكی زۆر لە دەستووری وڵاتانی پێشكەوتووە بەتایبەت ئەوانەی پێشەنگی و نمونەیەكی جوانن لە حكومڕانی، بە هەمواری هەریەكێك لە بڕگە و ماددەكانی دەستوور نمونەیەكی باشتری لێ لە دایك نابێ بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەندیدارن بە مافی نەتەوەی و ئازادی و بە پێچەوانەوە سەردەكێشی بۆ ناكۆكی دی ئەوكات خەمو هەمی دی بۆ هاووڵاتیانی عێراق زیاتر دەكات.
هەر پێشنیارێك لەم جۆرە ئامانج لێی بە لاڕێدا بردنی داواكاری خۆپیشاندەرانە و دروستكردنی واقعێك هاوشێوەی حكومەتەكانی پێشتر كە دەشێ جگە لە پێكهاتەیەك ئەوانی دی ببنەوە بە هاووڵاتی ژمارە دوو و لە ڕەسمی سیاسەتی وڵاتدا تەنها تەماشاكەربن، بە بۆچوونی من ئەوەی لەمەودوا چارەسەری برینی عێراقیەكان دەكات پەرتوبڵاوی داواكاری خۆپیشاندەران نییە بەڵكوو یەكخستنی داواكارییەكانە و دانیشتنە لەگەڵ حكومەتەكەی ئێستا و پێدانی كاتی زیاترە بە حكومەتی ناوەند تاكو دەرئەنجامی زیاتر ببینرێ .

© 2017 Hawler