تشرینی دووەم 18, 2019

سوننە، قاعیدەو داعش بوون، كورد جوداخوازبوون ! ئەی ئێستا شیعە بۆ وادەكەن؟

جەمال عەبدوڵا

 

• كە لە كۆتاییەكانی مانگی 12 ی ساڵی 2012 و مانگەكانی 1، 2، 3، 4 ی ساڵی 2013 دانیشتوانی عەرەبی سوننە لە پارێزگاكانی ڕومادی، موسڵ، تكریت، دیالە، ئەعزەمیەو دۆرە لەبەغدا خۆپێشاندانیان كردو داوای ئازادكردنی زیندانیان و وەستاندنی نەھجی تائیفیی حكوومەتی ئەوكاتەی عێراق و درووستكردنی ھەرێمێك بۆ ئەو ناوچانەی خۆیان بەگوێرەی دەستووری عێراق دەكرد، جگە لە ئازادكردنی 12 ئافرەت ئیتر وەڵامی حكوومەتی عێراق بۆ ئەوان ئەوە بوو كە ئەوان واتە عەرەبی سوننە تیرۆریستانی سەر بە لەلقاعیدەو داعشن .
• كە كوردو گەلی كوردستان بەتەواوی دڵنیا بوون لە خۆدزینەوەی حكوومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی مافە دەستووریەكانی كورد و نەك ھەر ئەمەش بگرە كە بۆ كوردو گەلی كوردستان دەركەوت حكوومەتی عێراق بەھەمان عەقڵی ڕژێمەكانی پێش خۆیان واتە بە ھەڕەشەی پەلاماری سەربازی و جوڵاندنی ھێزو تێكشكاندنی ئیرادەی كورد دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ كورد بكەن، ئیتر كوردو گەلی كوردستانیش لە 25 - 9 - 2017 دا دەنگیان بەسەربەخۆیی كوردستان داو لە دوای ئەو ڕۆژەوە و ھەتا 16 ی ئۆكتۆبەری ھەمان ساڵ بە پەرلەمانی ئەو كاتەو دادگای باڵای فیدراڵی و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو كاتەو ھەموو میلیشیا چەكدارەكانیان كەوتنە گەلەكۆمەكێ و پەلاماری سیاسی و سەربازی و ئابووریی ھەتا ڕادەی نزیك لە خنكاندن لە كوردو گەلی كوردستان و وتیان كورد جوداخوازەو كورد دەیەوێت عێراق پارچە پارچە بكات، وەك ئەوەی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی تەمام دیموكراسیی بەگوێرەی پێوەرە جیھانیەكان بۆ دیموكراسی، بژی بەڵام نانی ھاریی گرتووە بەدەمیەوە كە دەیەوێت خۆی لە نازونیعمەتی عێراق ڕزگار بكات .
• ئێستاش وا بۆ ھەفتەیەك دەچێت خەڵكی شیعە خۆیان خۆپێشاندان دەكەن . باشە ئەگەر عەرەبی سوننە خۆپێشاندان بكەن و پێیان بوترێت قاعیدەو داعش، ئەگەر كورد ڕای خۆی بە ئاشتیانە دەرببڕێت و بڵێت دەمانەوێت سەربەخۆ بین و لەگەڵ عێراق دوو دراوسێی باشی یەكتر بین بەڵام پێیبوترێت جوداخواز و تێكدەرانی یەكێتیی خاك و گەلی عێراق، ئەی باشە ئێستا چی بە شیعە دەڵێن كە لەساڵی 2003 وە و بەكردەوە ھەموو دامودەزگا گرنگ و خاوەن بڕیارەكان بەدەست خۆیانەوەیە ؟ پرسیارێكی تری گرنگتر ئەوەیە كە، باشە ئەگەر عەرەبی سوننە لە عێراق بێزاربێت، كورد لەعێراق بێزار بێت، ئەوە ئێستاش شیعە لەعێراقێك بێزار بێت كە دارو بەردیش دەزانێت لەڕووی سیاسییەوە خۆیان تێیدا باڵادەستن، ئێ باشە ئیتر كێ دەمێنێتەوە لەم عێراقە بێزار نەبێت ؟ دیسان پرسیارێكی تر، ئەگەر عەرەبی سوننە لە عێراق بێزاربێت، كورد لەعێراق بێزار بێت، ئەوە ئێستاش شیعە لەعێراقێك بێزار بێت كە دارو بەردیش دەزانێت لەڕووی سیاسییەوە خۆیان تێیدا باڵادەستن، باشە ئیتر مانەوەی ئەم عێراقە چ حیكمەتێكی تێدایەو مانەوەی ئەم عێراقە بۆچی و لەبەرخاتری كێ ؟

© 2017 Hawler