ئەیلول 19, 2018

بۆ نابێت پارتی به‌ته‌نیا له‌ پرۆسه‌ی سیاسی به‌غدا بکشێته‌وه‌؟!

سیامەند سێلکی

دوای ڕوخانی رژێمی سه‌دام، سوننه ‌و شیعه‌ی عه‌ره‌ب به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ به‌ربوونه‌ گیانی یه‌کتر، سه‌ر و ماڵی یه‌کتریان حه‌ڵاڵ کرد، ده‌ست درێژیان کرده‌ سه‌ر شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی یه‌کتر، سه‌ری یه‌کتریان بڕی و به ‌زیندویی یه‌کتریان ژێر خاک کرد. ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ سوننه‌ و شیعه‌ی عه‌ره‌ب له‌ عێراق ده‌رحه‌قی یه‌کتریان ئه‌نجامداوه‌ ڕه‌نگه‌ له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بێ وێنه‌بێ، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو وه‌حشیگه‌ریه‌ی به‌رامبه‌ر یه‌کتریان هه‌بووه‌. ده‌بینین هه‌ردوولا به‌رامبه‌ر کورد یه‌ک ده‌نگ و هاوڕا و هاوهه‌لۆیستن. پێکه‌وه‌ و به‌یه‌ک بیرکردنه‌وه‌ که‌ بیرکردنه‌وه‌ی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیه‌، نکۆڵی له‌بوونی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ن، هیچ مافێک بۆ کورد به‌ڕه‌وا نابین و پێکه‌وه‌ بڕیاری برسیکردنی کوردیان داوه‌ و جێبه‌جێشیان کرد، پێیان وایه‌ کورد ده‌بێ هه‌ر وه‌کو کوێله‌ بمێنێته‌وه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری ڕه‌دکردنه‌وه‌ی کوێلایه‌تیشه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌نفال و قه‌تلوعام بکرێت، واته‌ دژایه‌تیکردنی کورد له‌لایان کۆمه‌ڵگا و شه‌قامی عه‌ره‌بی به‌سیاسی و روناکبیره‌کانیشیه‌وه‌ بۆته‌ کولتور، هه‌ر هیزێک یان سیاسیه‌ک دژایه‌تی کورد نه‌کات شوێنی له‌ناو کۆمه‌لگا و شه‌قامی عه‌ره‌بی نابێته‌وه‌. لای کۆمه‌ڵگا و شه‌قامی عه‌ره‌بی دژایه‌تی کردنی کورد بۆته‌ پێوه‌ر و بنه‌ما بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی دڵسۆزی هه‌ر سیاسیەک یان هێزێک بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب. کامیان زیاتر دژی کورده ‌و ئاماده‌یه‌ کورد زیاتر بچه‌وسێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ دڵسۆزترینیانه‌.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌کانی نێو په‌رله‌مانی عێراق به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێک بۆ کورد بکه‌ن پرۆژه‌ یاسای بودجه‌یان تێپه‌ڕاند و بڕیاریان له‌سه‌ر برسیکردنی کورد دا، عه‌ره‌ب به‌م هه‌نگاوه‌ هیچ به‌هایه‌کیان بۆ چه‌مکی شه‌راکه‌ت و ته‌وافق و بنه‌ما ده‌ستوریه‌کان و عێراقی نۆێ نه‌هێشته‌وه‌ .
بێ گومان ئه‌و هێزه‌ کوردیانه‌ی که‌ دژی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بون و پێیان وابوو به‌غدا بۆ کورد شامی شه‌ریفه‌. ره‌نگه‌ نه‌توانن ددان به‌و راستیه‌دا بنێن که‌ سه‌رۆک بارزانی هیچ کێشه‌یه‌کی شه‌خسی له‌گه‌ل سیاسیه‌کانی به‌غدا نه‌بووه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌وان لێکدانه‌وه‌یان بۆ ده‌کرد، به‌ڵکو کێشه‌ی سه‌رۆک بارزانی له‌گه‌ل به‌غدا ئه‌وه‌بوو که‌ سه‌رۆک به‌باشی هه‌ستی به‌و راستیه‌ کردبوو که‌ دژایه‌تیکردنی کورد له‌به‌غدا بۆته‌ کولتور و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و کولتوره‌شدا هیچ سیاسیه‌ک ناتوانێت له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق و شه‌راکه‌تی راسته‌قینه‌ و جێبه‌جێکردنی ده‌ستور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل کورد بکات. ئاخر بۆ خه‌ڵکێک ئه‌سته‌مه‌ له‌چوارچێوه‌ی دژایه‌تیکردنی سه‌رۆک بارزانیدا تا دوێنێ وه‌کو پارێزه‌رێک به‌رگریان له‌ مالکی و عه‌بادی کردبێت، ئه‌مڕۆ پێچه‌وانه‌ی بۆچونه‌کانیان بسه‌لمێنن. بۆیه‌ به‌له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌م راستیه‌ قه‌د چاوه‌ڕوان ناکرێت کورد بتوانێت هه‌ڵۆیستێکی یه‌کگرتوو به‌رامبه‌ر به‌غدا بۆ کشانه‌وه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسی بنوێنێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و هێزه‌ کوردیانه‌ی که‌ خاوه‌نی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ن ڕه‌نگه‌ به‌ڕواڵه‌ت وا خۆیان وێنا بکه‌ن که‌ ئاماده‌ن له‌پرۆسه‌ی سیاسی بکشێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یان هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ک خه‌ڵک بخه‌ڵه‌تێنن و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ پارتی پێوه‌ بکه‌ن. تا دواتر به‌ته‌نها له‌ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا بمێنێته‌وه‌.
دووریش نیه‌ په‌راوێزخستنی پارتی له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق به‌شێک بێت له‌پیلانی هاوبه‌شی ئه‌نقه‌ره ‌و تاران و به‌غدا و هاوپه‌یمانه‌کانیان له‌کوردستان. ئه‌مه‌شیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ پیلانه‌که‌یان دژی سه‌رۆک بارزانی و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان درێژه‌ی پێ بده‌ن و ئه‌وه‌ی له‌شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ردا به‌ده‌ستیان نه‌هێنا له‌ڕێگای هه‌ندێ ڕێکاری به‌ناو یاسایی و ده‌ستوری دا‌دگا مه‌زهه‌بیه‌کانی به‌غداوه‌ به‌ده‌ستی بێنن. بۆیه‌ له‌م بارودۆخه‌دا که‌ هێشتا پیلانه‌کان دژی پارتی له‌ئارادان نابێت پارتی به‌ته‌نیا له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بکشێته‌وه‌. چونکه‌ کشانه‌وه‌ی پارتی به‌ته‌نیایی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ بۆ پیلانگێڕان ده‌ره‌خسێنێت له‌ڕێگای دادگا مه‌زهه‌بیه‌کانی به‌غداوه ‌و له‌ڕێگای هه‌ندێ ڕێکاری به‌ناو یاسایی و ده‌ستوری پیلانه‌که‌یان دژی پارتی جێبه‌جێ بکه‌ن، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش به‌هاوکاری ئه‌و هێزه‌ کوردیانه‌ی خیانه‌تی شازده‌ ئۆکتۆبه‌ریان ئه‌نجامدا یان دژی ریفراندۆم بوون شه‌رعیه‌ت به‌و رێکاره‌ به‌ناو یاسایی و ده‌ستوریانه‌ ده‌ده‌ن. بێ گومان له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا پشتیوانیه‌کی به‌هێز له‌پارتی ده‌کرێت و تا پارتی له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا بێت ئه‌و پشتیوانیه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتی به‌ته‌نها له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بکشێته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و پشتیوانیه‌ نه‌مێنێت.

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.