تشرینی دووەم 19, 2019

هێرشەکانی تورکیا و تویتەکانی ئەمەریکا، کامەیان بڕیارە...؟

غازی حەسەن

 

دوای ئەوە بێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا سەر لەتورکیا بدات، ئەردۆگان سەرەتا گوتی پێشوازی لێ ناکەم، بەڵام ڕۆژی پاشتر پێنجشەممە ١٧ ئۆکتۆبەر بەیەکەوە دانیشتن، هەر تەنیا دانەنیشتن، بەلکو بەپێی سەرچاوەکان ڕێککەوتن شەڕیش بۆ ماوەیەک ڕابگرن، بڕیاریان داوە لەم ماوەیەدا (هێزە چەکدارەکانی هەسەدە) بەقوڵایی ٣٢ و درێژایی ٤٤٠ کیۆمەتر لەسنوور بکشێنەوە، چەکە قورسەکانیان لێ وەربگیرێتەوە. ئەو سزایانەی دژی تورکیا دراون ڕایان دەگرن و سزای دیکەشی نادەن. تورکیا تاکلایەن ناوچەی ئارام دروست دەکات. ترەمپ لەدواین چرکەکانی کۆبوونەوەکەدا لەتیوتێکدا گوتی " هەواڵی زۆر باش هەیە، بەم ڕێککەوتنە گیانی ملیۆنان دەپارێزرێت و بۆ ئەمەش سوپاسی سەرۆکی تورکیای کردووە".
ئاشکرایە ئەم بارودۆخە لەئەنجامی قسەکانی ترەمپ دروستبوو، ترەمپ تەنیا لەتویتێکدا ناوچەکەی هەژاند و کەشێکی بەدیهێنا کەچارەسەری قورس بێت، بەبروسکە گوتارێکی کورت گوتی "تەواو ئێمە لەسوریا دەکشێینەوە"، ئەم دۆخەی دروستکرد. من لام وایە قسەکەی ترەمپ بڕیاربوو، بەڵام بڕیارەکەی تورکیا لەدەستپێکردنی هێرش کردار بوو، جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ترەمپ بوو. لەماوی دوو هەفتەی ڕابردوودا (ئەمەریکا بەنیگەرانی و نیمچە فشار و هەندێک بڕیاری سزادانیش لەتورکیا) لە ئەردۆگان پاڕایەوە کارێکی وەها بکات ئەزی تێدا شەرمەزار نەبم، بەڵام تورکیا بەپێچەوانەوە نەگوێی بەئەمەریکا و نەئەوروپاییەکان نەدا.
رێککەوتنی ئەنقەرە سەرەتای گەمەیەکی دیکەیە، پێش ئەوەی ئەردۆگان بچێتە ڕووسیا، ئەمەریکا شتەکانی هەڵگێڕایەوە، بۆچی؟
یەکەم: بۆ ئەوەی پێش لەڕووسیا و کاریگەرییەکانی ڕووسیا بگرن. ترەمپ گوتی با ڕووسیا لەجیاتی ئێمە بۆشاییەکانی ناو سوریا پڕ بکاتە، بەڵام رووسیا چوو بۆشاییەکانی سعودییە پڕ بکاتەوە. ئەمە ئەمەریکای ترساند.
دووەم: بەمجۆرە بڕوات ترەمپ سەرۆکایەتی لەدەست دەدات، کۆمارییەکان پێگەیان خراپ دەبێت و دیموکراتەکان پێش دەکەونەوە. ئەمەش ڕای گشتی دژی ترەمپ و سیاسەتە تویتەرییەکانی خستۆتە بەردەم ڕەخنەیەکی زۆرەوە.
سێیەم: ئێران و ڕووسیا دەیانەوێت پڕۆژەی گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بەرێوەببەن، واتا لەجیاتی لاوازکردنی ئێران، بەرەی ئێران و ڕووسیا و سوریا و تورکیا بەهێز دەکەن، ئەمەش دۆستەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە دەتۆقێنێت، لەکاتێکدا سوپا بۆ پاراستنی سعودیە دەنێرن و کرێی خزمەتگوزارییەکانیان بەئاشکرا لێوەردەگرن.
چوارەم: داعش سود لەم دۆخە وەردەگرێت و بەهێز و توانایەکی نوێ دێتەوە ناوچەکە.
لەهەموو ئەو شتانە گرنگتر ئەوەیە، تورکیا ویستی کورد لەتورەگە بکات و بیانسڕێتەوە، بەپێچەوانەوە دۆزی کورد لەم هەفەتەیە بەشێوەیەکی کاریگەر لەسەکۆ بڕیاردەر و وڵاتە گەورەکانی دونیا باسکرا، پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی تورکیا و خودی ترەمپیش هێرشە سەربازییەکانی تورکیا ئەزی شەرمەزار کرد.
لەنێو ئەمەریکا لەڕکابەری کاندێدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، هەڵوێست لەپاڵپشتی کورد و دۆزەکەی یەکێک بوو لەخاڵەکانی هەڵسەنگاندن و دیارکردنی توانای کەسایەتی هەر یەک لەو کاندێدانە، کە نیازی بوون بەسەرۆکیان هەیە. لەنێوەخۆی ئەمەریکا کۆنگرێس بڕیاری دژی تورکیا و سیاسەتی ترمپ دا، واتە کورد بەگشتی نەک (هێزە چەکدارە ئایدیۆلۆجی و حزبییەکانیان) سۆزێکی نوێ بۆ پەیدابوو. ئەمەش پێویستی دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێی کوردی لەنێوەخۆیدا هەیە بۆ خۆڕێکخستنەوە و یەکگوتاری و یەکدەنگی و بەیەکەوە کارکردن، هەرچەندە من ئەمە هێشتا بەزەحمەت و گرێ کوێرەی زۆرەوە دەبینم.
تورکیاش دەیەوێت:
- ئەمری واقیع بسەپێنێت و بڵێت ئەوەی دەمویست لەدەرکردنی هێزە چەکدارە کوردییەکان سەرکەوتم. ناوچەیەک لەژیر کۆنترۆڵی خۆم دادەمەزرێنم.
- سزای ئابووری ئەمەریکا لەسەر خۆم لادەدەم، چونکە تورکیا لەڕووی ئابووریەوە خراپە.
- لەڕێگەیەوە دەیەوێت کۆبوونەوەی ئایندەی ئەنجوومەنی ئاسایش فەشەل پێ بهێنێت، جونکە ئەمەریکا دژی نابێت.
- دەیەوێت فاشار بەرانبەر ڕووسیا دروست بکات، بۆ ئەوەی لەهەنگاوەکانی ئایندەیدا شتی دیکە بەدەست بهێنێت.
کورد چی کرد:
هەسەدە لەگەڵ سوریا گەیشتوونە لەیەکگەیشتن، هەرچەندە ئەمە هاوکاریی و تەسلیمکردنی خاکە بە سوپای سوریا، ڕووسیا ئیدارەی لەیەک گەیشتن و بەیاننامەکەی هەسەدە دەکات، ئایا دوای ئەم ڕێککەوتنە هێزە چەکدارەکانی کورد دەبێت چی بکەن؟ ئایا ئیلتیزام بەم ڕێککەوتنی ئەردۆگان و بێنس دەکەن، یان وەکو سوریا و ڕووسیا دژی دروستکردنی ناوچەی ئارم بەپێی مواسەفاتی تورکیا دەبن؟. ئەگەر ڕازیی نەبوون لەماوەی پێنج ڕۆژدا بکشێنەوە بۆ قووڵایی سی و دوو کیلۆمەتر، ئەمەریکا چ گەرەنتییەک دەداتە تورکیا، چۆن چارەسەری کێشەی ئیلتزام نەکردن دەکات. ئایا سوپای سوریا جارێکی دیکە دەبێت لەو ناوچانە بکشێتەوە، کە هەسەدە رادەستی کردوون، یان ئەوانیش ناوچەیەک لەنێو ئەو ناوچانە بۆخۆی دادەبڕێت؟
کاردانەوەکان:
بەشێک لەڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا ڕێککەوتنەکە بەسەرکەوتنی تورکیا وەسف دەکەن، پێیان وایە ئەوەی بەشەڕ نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، لەم ڕێککەوتنە کاتییە بەدەستی دەهێنێت. لەکردەوەشدا وایە، تورکیا مەرجەکانی خۆی لەبەرانبەر شەڕ نەکردن چەسپاندووە. کاردانەوەی کورد یەکلاکەرەوە نییە.
سەرەتای گەمەیەکی نوێ دەستی پێکردووە، ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام هێشتا ترس زۆرە و گرەنتی سەرکەوتنی بڕیارەکان پەیوەستە بەکار و کردەوەی تورکیا و بەرنامەی سوریا و ڕووسیاش. من پێم وایە تورکیا ئامانجەکانی خۆی کردۆتە کار، قسەکانی ئەمەریکاش خۆی لەخۆیدا بڕیارە، واتە شەڕ و ئاشتی پەیوەندی بەهەڵوێست و بڕیاری ئەمەریکاوە هەیە، نەک تورکیا و وڵاتێکی دیکە.
پێویستە کورد لەگەمەی داهاتوودا تورکیا ڕووبەڕووی سوریا و ڕووسیا و ئێران بکاتەوە، بەلای کەمەوە کە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بەرەکانی شەڕیان بە سوپای سوریا دا، هەچەندە ئێمە دەزانین گەمەکان بەدەست کورد نییە، بەپێچەوانە هێزە چەکدارە کوردییەکان پتر لەگەمەک دەچن بەدەست هێزە گەورەکانەوە، ترەمپ، کە دەڵێت (کورد فریشتە نین) پێویستە کورد بیرێکی قووڵ لەئەگەری ئەم قسەیە بکاتەوە، ئایا بڕیارە لای ئەمەریکا کورد چی دیکە فریشتە نەبێت، یان ئەمە پەیامێکە بۆ تورکیا و ڕازیکردنی. بۆیە ئەرکی کوردە، کە لەهیچ بەشێکی ئەم ڕێککەوتنەی ئەنقەرە ئەرک و بوون و مافی دیارنەکراوە، بەدوای فریشتە بوونی خۆیدا بگەڕێت و لەنێو گەمە نوێیەکەدا شوێنێک و کاتێک بۆخۆی بدۆزێتەوە.

© 2017 Hawler