تشرینی دووەم 19, 2019

ئه‌مریکا هێشتا هاوپه‌یمانی ستراتیجی کورده‌..؟

هەورامان علی تۆفیق ‎

 

له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادی عێراق و ڕێگریه‌کانی ئه‌مریکا له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی کورد بۆ ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و مامه‌ڵه‌ی حاکمی سه‌ربازی ئه‌مریکا له‌عێراق به‌رامبه‌ر به‌دۆزی سیاسی کورد و دواتر هێشتنه‌وه‌ی کێشه‌کان له‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا و پاشان شه‌ری داعش و پرسی ڕیفراندۆم و هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا هێند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌ب ووڵاتانی ناوچه‌که‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیی بووه‌ هیچ کات بۆ که‌مێکیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد نه‌بووه‌ . ‎بێگومان ئه‌مڕۆ له‌ دونیایی سیاسه‌ت دا هه‌موو به‌ها مرۆییه‌کان که‌وتوونه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، چونکه‌ گه‌مه به‌ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌کرێت له‌ پێناو ڕێککه‌وتنه‌ سیاسی و ئابوریه‌کاندا، ئه‌م گۆڕانکاریه‌ به‌رچاوه‌ی ئه‌مریکا له‌ سوریا و کردنه‌وه‌ی ده‌رگا بۆ سوپای تورکیا هیچی له‌وه‌ که‌مترنیه‌ ڕوسیا له‌ عه‌فرین کردی،لەگەڵ ئەوەی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیان له‌ که‌رکوک کردیان . ‎
ده‌کرێ هێشتا بڵێن ئێمه‌ی کورد هاوپه‌یمانی ستراتیجیمان هه‌یە ؟ ڕاسته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا وبه‌تایبه‌ت فه‌ره‌نسا وه‌ک دۆستی کورد له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ته‌نها ناتوانێ ئه‌و ڕۆڵه‌بگێڕێ، چۆن زۆرێک له‌ وڵاتانی دونیا نه‌یان توانی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بڕیاری ڕاگرتنی هێرشه‌کانی تورکیا ده‌ربکه‌ن .و تەنانەت نەیان توانی سەرزەنشتیشی بکەن، ‎که‌واته‌ ئه‌مری واقیع سه‌لماندی هاوپه‌یمانی ستراتیجی به‌ته‌نها و بێ به‌رژه‌وه‌ندی بوونی نیه‌، ده‌کرێ ئێمه‌ی کورد واز له‌ سوزو گریان و پاڕانه‌وه‌ و باس له‌ مه‌زڵومیه‌ت وگێڕانه‌وه‌ی ڕابردوو بێنین، به‌ومانایه‌نا له‌بیری بکه‌ین، به‌ڵکو ئه‌و ڕابردووه‌ خوێناویه‌مان بکه‌ینه‌ به‌ردی بناغه‌ی خۆبنیادنانه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ند خوازی ئه‌مڕۆدا، تابتوانین به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دۆست و هاوپه‌یمانی ستراتیجی په‌یدابکه‌ین، ده‌بێ کوردیانه‌ ڕه‌فتاربکه‌ین ئاڵاو خاک و نیشتمان و کورد بوونمان خۆش بووێ، ناکرێ ته‌نها له‌به‌ر نه‌گونجانی ئایدیۆڵۆژیایی سیاسی دژ به‌ ده‌سه‌ڵات و کوردبوونی خۆمان بوه‌ستینه‌وه‌ ‎کاتێک کورد ده‌ڵێت ته‌نها چیاکان دۆستمانن، ڕاسته‌ مێژوو ڕۆداوه‌کان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ ‎هاوپه‌یمانی ستراتیجی کورد کورد خۆیه‌تی .
بەم پێیە کورد دەبێ لەوە بگات لە دونیایی سیاسەت هاوپەیمانی ستراتیجی بوونی نیە بەڵکو هاوپەیمانی بەرژوەندی هاوبەش ئەمڕۆ ئەو مۆدێلە سیاسیەیە لە دونیادا کاری پێدەکرێت، لەم هەنگاوەشدا سیاسەتی باشور بەو ئاراستەیە کاردەکات و لە باکورو ڕۆژئاواش پێجەوانەکەی بووە .

© 2017 Hawler