تشرینی دووەم 19, 2019

نهێنی گلۆپی سەوزی ترەمپ و کوژاندنەوەی ترافیکەکانی بۆتین بۆ تورکیا چییە؟

غازی حەسەن

 

خەریکە ئەوەی بن بەڕێ دێتە سەر بەڕێ، نهێنییەکانی پێکردنی گلۆپی سەوز لەلایەن ترەمپ بۆ سوپای تورکیا و ئەردۆغان بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کورد لە کوردستانی سوریا، خەریکە نهێنییەکان ئاشکرا دەبێت. ئەم شەڕەی تورکیا دژی کورد، لەژێر پاساوی هێرشکردنە سەر یەپەگە (بەناوی لەناوبردنی تیرۆر، نەهێشتنی مەترسی دابەشکردنی سوریا)یە. گوتارەکەی تورکیا درێژکراوەی شەڕێکی درێژخایەنە، لەکاتێکدا ئەم هێزانەی تورکیا بەتیرۆریست ناویان دەبات هاوپەیمانی سوپای ئەمەریکا بوون بۆ نەهێشتنی توندڕەوە ئیسلامییەکان.
بابەتەکان ئاڵۆزن، بەڵام ئەوانەی بەلۆژیکیی شتەکان دەبینن، ئاشکرایە ئەنجامی شەڕ ماڵوێرانییە، ئەوەی تورکیا دەیکات ترس نییە لە(توندتیژی و تیرۆر وگێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە)، تورکیا نایەوێت (هەڵەی دروستبوونی هەرێمی کوردستان) لە(کورستانی سوریا) دووبارە بکەنەوە.
ترەمپ دەڵێت بەوردی چاودێری ڕەوشەکە دەکەین، بەئەردۆغانم ڕاگەیاندووە نابێت سنوور ببەزێنێت، لەقسەکانی دیار نییە (فەرمانیان کردووە، یان تەنیا ئامۆژگارییەکی سادەی بێ ئیلتزام بووە). بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، بەواتای فەرماندان بوو بەتورکیا بۆ دەستێکردنی هێرشەکانیان. واتە ترەمپ هۆکاری دەستپێکردنی شەڕ و لەمەش خراپتر ڕاشکاوانە دەبێژێت نابێت تورکیا ئەو سنوورە ببەزێنێت، کە بۆی دیارکراوە، تورکیاش دەڵێت نابێت (مەترسی کورد لەسنورەکان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) بمێنێت. ترەمپ دەڵێت لەسێ بژاردە تەنیا یەک ڕێگەمان بۆ چارەسەری کێشەکە لەبەردەستە، ئەوانیش بریتین لە(بەکار‌هێنانی سوپا و سزای ئابووری، یان گفتوگۆی تورکیا و کوردە). لای تورکیا و ڕەنگە لای خودی ترەمپیش هەر یەکێک لەم بژاردانە بنەمای بەدیهاتنیان لاواز بێت، بەڵام پێ دەچێت بۆ کەمکردنەوەی فشاری نێوەخۆیی و بەلاڕیدا بردنی فشاری دەرەکی و دروستکردنی دەرفەتی بۆ ئەوەی تورکیا خێراتر بەرنامەکانی ئەنجام بدات، ئەم قسانە بکات. تورکیا دەیەوێت تا ئەو شوێنەی بۆی دەچێتە سەر ڕانەوەستێت، یان هێزە شەڕکەرە کوردییەکان یەپەگە و پەکەکە، کە خۆیان بەخاوەنی گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی ناوچەکانی شەڕ دەزانن، دەبێت سنوورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا دابنێن.
نهێنی هەر جەنگێک مەرج نییە ڕاستەوخۆ لەکاتی جەنگەکەوە ئاشکرا بێت، بەڵام ترەمپ ڕاشکاوانە دەڵێت ئێمە چی تر شەڕ بەخۆڕایی شەڕ بۆ خەڵکی دیکە ناکەین، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕاشکاوانە دەڵێت (تورکیا ناوچەی ئارام دروست ناکات و نایەوێت یەپەگە لەم ناوچەیەدا دەسەڵاتدار بن، لەهەمان کاتدا بەسیاسەتی ترەمپیش دڵخۆش نین). وابزانم ئەو نهێنیانەی هەموو کەس دەیانزانێت، لەسەر زاری بەرپرسەکان دەگوترێت، بەڵام هیشتا هەقیقەتی بۆچوون و بەرنامە و مەبەستەکانی جدییەکان ئاشکرا نین.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لەبابەتێکدا ئاماژە بەنهێنی پەیوەندی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان کردووە و دەڵێت (پەیوەندییەکانیان ئاسایی نییە، ئەمساڵ ئەردۆغان سێ جار بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە و ترەمپ بەکارەکانی تورکیا ڕازی بووە. لەحوزەیراندا ترەمپ لەدوای دیداری ئەردۆغان هێرشی کردە سەر ئۆباما بۆ ئەوەی هاوتا تورکەکەی لەخۆی ڕازی بکات و گوتی ئۆباما بۆتە هۆکاری ئەوەی تورکیا چەکی ئێس ٤٠٠ ڕوسی بکڕێت. جارێکی دیکەش ترەمپ دوای هەڵکردنی گلۆپی سەوز بۆ ئەوەی تورکیا هێرشی سەربازی ئەنجام بدات، ڕایگەیاند مانگی داهاتوو ئەردۆغان سەردانی کۆشکی سپی دەکات.
ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە دەڵێت هەردوو سەرۆک لایەنی هاوبەشیان لەشێوازی حوکمکردن هەیە، (هەردووکیان نەتەوەیی توندن، ڕووبەرووی دەزگاکانی ئاسایشی وڵاتەکەیان بوونەتەوە، بۆچوونی وەکویەکیان لەبارەی جیهان هەیە، ترەمپ دەیەوێت بەهەمان شێوازی ئەردۆغان حوکمی ئەمەریکا بکات. ئەوانەی نزیکی ترەمپن دەڵێن ترەمپ لەدیدار و قسەکردنەکانیدا زۆر نەرم نواندن بۆ ئەردۆغان پیشان دەدات. لەهەمان کاتدا هەندێک لەبەرپرسەکانی ئەمەریکا گومانیان لەپەیوەندی نهێنی نێوان ترەمپ و بۆتینیش هەیە. پێیان وایە ترەمپ نایەوێت سزا بخرێتە سەر تورکیا، بۆ ئەوەی پەیوەندییە نهێنییەکانی لەگەڵ ئەردۆغان بپارێزێت.
لەهەمان کاتدا هەڵوێستی هاوبەشی (ئەمەریکا و ڕووسیا و چین) لەدواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بەئیدانەکردنی تورکیا جێگەی گومانە و شتێکی نهێنی تێدایە، لایەنەکانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، چۆن دەبێت ئەو وڵاتانەی ناکۆکن و هەریەکە لەڕوانگەیەکی دژ بەیەک کار لەنێو سوریا و ڕووداوەکانی ناوچەکە دەکەن، بەم شێوازە لەمەسەلەی هێرش دژی کورد یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن.
من هیچ گومانم نییە ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی لەکۆنگرێس بۆ رەخنەگرتن و لێدانی سیاسەتی ترەمپ و ملکەچ پێکردنی و هەندێکیشان بۆ سنوردارکردنی تورکیا هەڵوێستی توند دژی ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا نیشان دەدەن، کوردیش وەکو بەشێکی ڕووداوەکان ناوی دێت و هەندێک پاڵپشتی مرۆیی و ڕاگەیاندنیشی بۆ پیشان دەدرێت، بەڵام هێشتا نهێنییەکان ئاشکرا نەبوون، لەکاتێکدا داعش و توندتیژی کۆتایی نەهاتووە، ڕێگە بەتورکیا دەدرێت ئەم هەنگاوە بهاوژێت؟.
گوتمان تورکیا نیازی نییە ناوچەی ئارام دروست بکات، ئایا هەڵوێستی سوریا و ئێران لەداگیرکاری تورکیا چی دەبێت؟ بۆ نموونە ئەگەر توانیان کورد بشکێنن، ئایا سوپای تورکیا لەو ناوچانە دەکشێتەوە، یان وەکو ئەردۆغان ڕایگەیاند (ئەمە شەڕێکی درێژخایەنە و ناوچەی ئارامیش وەکو بەشێک لەیاسا و سیاسەتی تورکیا دروست دەکەن، هیچ گومانی تێدا نییە نهێنی ئامانجی تورکیا گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە و دەیەوێت ئەو گروپ و هێز و نەتەوانە لەو ناوچانە نیشتەجێ بکات، کە پاشکۆی تورکیان).
بەرپرسێکی ئەمەریکی گوتیەتی ئەم ‌هێرشانەی تورکیا خزمەتی سیاسەتی ئێرانی دەکات، ئیسرائیل و سعودیەش هەمان بۆچوونیان هەیە. نهێنی هێرشی تورکیا لەم کاتەدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟ یەکێک لەنهێنییەکان پەیوەندی ترەمپە، هەڵوێستی بۆتین و ڕووسیاشە لەهەڵگرتن و کوژاندنەوەی ترافیکەکان لەبەردەم سوپای تورکیا. نهێنییەکی دیکە پەیوەندی بەنزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە هەیە، ترەمپ دەڵێت "نامەوێت چی دیکە دایکانی ئەمەریکی مەینەتی و ئازار بەدەست کوژرانی ڕۆڵەکانیان ببینن. نامەوێت شەڕێک بکەم، کە بردنەوەی تێدا نەبێت". دەڵێت "بەرانبەر شەڕ (پارە و چەکمان بە کوردەکان داوە). ڕووسیا بەردەوام هاوکاری مانەوەی بەشار ئەسەد دەکات، چۆن و لەچ ڕوانگەیەکەوە پاڵپشتی ئەم هێرشانەی تورکیا دەکات، یان بەشێوەیەکی دیکە بیڵێن بۆچی (ترەمپ و بۆتین) یەک هەڵوێستیان بۆ پاڵپشتی ئەردۆغان و هێرشەکان دژی کورد لەسوریا هەیە؟ لەکاتێکدا ئەمەریکا لەکڕینی چەکی ڕووسی ناڕازین و ڕووسیاش لەساسیەتی ئەمەریکا نیگەرانە. ڕووسیا دەڵێت (ئەمەریکا کوردەکانی بەکارهێنا)، بەپێی ئەم لۆژیکە دەبێت کورد و لایەنە هێزدارەکان بەپێی بۆچوونی سیاسی ڕووسیا باجی ئەم (بەکارهێنان و بوونە کارتە) بدەن. پێدەچێت بۆتین نوێنەرایەتی ترەمپیشی لەکۆبوونەوەی سێ قۆڵی ماوەیەک پێش ئێستای نێوان (بۆتین و ڕۆحانی و ئەردۆغان) لەئەنقەرە کردبێت، دوورنییە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر بەرنامەی ئەم هێرشەش ڕێککەوتبن.
نهێنییەکی دیکە ئەوەیە ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی تورکیا خۆی بەسەرنەکەوتو دەبینێت، بۆیە دوور نییە ئەم هێرشانە بۆ پتەوکردنەوەی پێگەی جەماوەری خۆی بەکاربهێنێت و لاوازی ناوەخۆیی لەڕێگەی شەڕی دەرەکی چارەسەر بکات.
وڵاتە عەرەبییەکان تەنیا قەتەر نەبێت، کە پاڵپشتی ئەردۆغانی کرد، هەر یەکە لەڕوانگەیەوە دژی هێرشی سەربازی تورکیان بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوان بۆ کورد ناگرین، بەڵام گریانی خودی کورد بۆ دژایەتی سیاسەتی تورکیا بەکاردەهێنن. کوردیش هەر دژایەتیەکی تورکیا بەجۆرێک لەسۆز و پاڵپشتی بۆ خۆی لێکدەداتەوە.
فەرەنسا ناکۆکییەکی کۆنی لەگەڵ تورکیا هەیە، بەردەوام پاڵپشتی هەقیقی کوردیش بوون، لەم ڕوانگەیەوە فەرەنسا کار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و هێزی ئەوروپاییەکان بۆ سنوردارکردنی ‌هێرشی سەربازی و سیاسەتی تورکیا دەکات.
نهێنییە مەزنەکە ئەوەیە بۆچی لەم کاتەدا ترەمپ لەناکاو بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمەریکییەکانی لەسوریا دا، لەکاتێکدا ئەگەری جارێکی دیکەی سەرهەڵدانەوەی داعش بەهێزیش بەهیزترە. ئایا ئەم سیاسیەتە ناوچەکە بەرەو کوێ دەبات، ئایا کاتێک تورکیا لەم ‌‌هێرشانە سەردەکەوێت دەبێت، گریمانەی ئەوە ناکرێت درێژە بەسیاسەتی هێرشکردن دژی شوێنەکانی دیکەش بدات؟. ئایا تورکیا لەو ناوچانە دەکشێتەوە، کە داگیری دەکات، یان دەمێنێتەوە و بەبەشێک لەنفوز و دەسەڵاتی خۆی دەزانێت و دەیکاتە بنەمایەک بۆ هێرشی دیکە؟. ئایا ئێران و ڕووسیا بەوە ڕازی دەبن تورکیا سوریا داگیر بکات؟
لەکاتی بە‌هێزبوونەوەی داعش ئەمەریکا و ئەوروپا کامە پەنجەی پەشیمانبوونەوە دەگەزن؟ ئەردۆغان ڕاشکاونە هەڕەشەی لە ئەوروپا کرد و ڕایگەیاند (ئەوروپای نووستوو، ئەگەر بەرانبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبن، سنوورەکانی کۆچکردن دەکەمەوە و سەدان هەزار ئاوارەتان بۆ ڕەوانە دەکەم). یەکێتی ئەوروپاش ئەوە بەسیاسەتی ئسیتفراز دەزانن.
کورد قوربانی ڕووداوەکانە، بەڵام مەرج نییە ئەنجامدەرانی جەنگ هەمیشە براوە بن، چونکە خەریکە ئاراستەی جەنگەکە سنوورەکان دەبەزێنێت و بەهەزاران کەس ئاوارە دەبن، لەناوەخۆی ئەمەریکاشدا ئاراستەکان دەگۆڕێن، ئەوروپا هاتۆتە دەنگ و ناتۆش نمیچە قسەیەکی ناڕاستەوخۆی ناڕازیبوونی دژی هەنگاوە مەترسیدارەکانی تورکیا هەیە. من گومانم نییە کورد سەربەرز دەبێت، بەڵام تاکو ئێستاش لام ڕوون نییە کێ باجی قوربانییەکان دەدات و کێ باجەکان دەژمێرێت و کێ باجەکان وەردەگرێت!!.

© 2017 Hawler