تشرینی یەکەم 17, 2019

جنێو مەدەن، خۆتان بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە بكەن

جەمال عەبدوڵا

 

• كە ڕووسیا لەعەفرین كشایەوەو لە ئازاری 2018 دا سوپای توركیا دەستی بەسەر عەفریندا گرت . ھەسەدەو خۆسەرو بەشێكی لای خۆیشمان دەستیانكرد بە قسەوتن بەڕووسیاو ھەندیك لەو قسانەش جنێوبوون بەڕووسیا، ئێستاش كە ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی لە ناوچە سنووریەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا داوە دیسانەوە ھەمان تاس و حەمام ھەسەدەو خۆسەرو بەشێك لەناو خۆیشمان دەستیان كردۆتەوە بە قسەوتن بە ئەمەریكاو دیسان ھەندێك لەو قسانە جنێون ! بە ئەمەریكا بەڵام ئایا بۆچی جنێو بەڕووسیاو ئەمەریكا بدرێت ؟ ئایا ھیچ كاتیك ئەمەریكاو ڕووسیا بە كوردیان وتووە ئێمە سیاسەتی دەرەوەی خۆمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەكانی كوردستان دادەڕێژین ؟ ئایا ھیچ كاتێك ئەمەریكاو ڕووسیا بەكوردیان وتووە ئێمە چی بۆ كورد باش بێت ئەوەدەكەین ؟ ئایا یەكێك لە درووشمە سەرەكیەكانی دۆناڵد ترەمپ لە كاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكاندا ئەوە نەبوو كە دەیوت یەكەمجار ئەمەریكا ؟ واتە یەكەمجار چی بۆ ئەمەریكا باش بێت و چی لە بەرژەوەندی ئەمەریكا بوو ئەوە دەكەین ؟ ئەی ئیتر جنێودانی ھەندێك لە كورد بە ئەمەریكا بۆچی ؟ وەرن سەیری ئەم نموونەیە بكەن لە مێژووی پەیوەندیی نێوان كوردو ئەمەریكا : -
• كوردی باشووری كوردستان لەساڵی 1975 دا تەجروبەیەكی تاڵی لەگەڵ ئەمەریكا ھەیە مەبەستم سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولە، ئەو كاتەی كە ئەمەریكا دەستی لە یارمەتیدانی كورد ھەڵگرت و كوردیش تووشی ئەو كارەساتە بوو كە بوو، ئەمەریكا بەم شێوەیە باسی ھۆكاری ئەو یارمەتیدانەی كوردو ئینجا وازھێنان لەكورد دەكات : -
1 : - لەبەر ئێرانی حەمەڕەزا شا كە دۆستی خۆمان بوو لە ناوچەكەدا یارمەتیی كوردمان دا دژی عێراق، چونكە حەمەڕەزا شا عێراقی بە ھەڕەشەو مەترسی دەزانی لەسەر خۆی بەتایبەتییش كە عێراق لەساڵی 1972 ڕێككەوتننامەی دۆستایەتی و ھاوكاری لەگەڵ سۆڤێتیی شیوعیدا مۆركردبوو سۆڤێتی شیوعیش دژی ئەمەریكا بوو، كەواتە ئینجا ھەڕەشە بۆسەر حەمەڕەزاشا كە ئەویش دژی سۆڤێتیی شیوعی بوو دەبێتە ھەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا .
2 : یارمەتیەكان بۆ كورد دەبوایە بەشێوەیەك بێت كە پێینەگەنە حوكمی زاتی چونكە ئەمە بۆ حەمەڕەزا شای دۆستی خۆمان خراپە لەبەر ئەوەی ئەمە دەبێتە ھۆی ھاندانی كوردی ئێران بۆ ئەوەی ئەوانیش داوای حوكمی زاتی بكەن، بەڵام دەشبێت ئەو یارمەتیانە بەشێوەیەك بێت كە سوپای عێراق نەتوانن كورد تێكبشكێنن ! گرنگ ئەوەیە شەڕ ھەتا ئەو كاتە بەردەوام بێت كە خۆمان دەمانەوێت !
3 : - كە یارمەتیەكانیشمان لە كورد بڕی و دەستمان لێھەڵگرتن ئەمەش لەبەر ئەوەبوو كە عێراق دوای ئەوەی لەگەڵ حەمەڕەزاشای ئێران ڕێككەوت ئینجا عێراق دەستبەتاڵ بێت بۆ دژایەتیكردنی سووریای حافز ئەلئەسەد چونكە سووریا ئەو كاتە نەدەھاتە ژێر باری قۆناغی دووەمی ڕێككەوتنی لێكجیاكردنەوەی ھێزەكان لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل لەدوای شەڕی ساڵی 1973 . بەڵام كە عێراق دەستبەتاڵ بوو بۆ فشارخستنەسەر سووریای حافز ئەلئەسەد ئینجا سووریا ناچاردەبێت بێتە ژێرباری ڕێككەوتنی لێكجیاكلردنەوەی ھێزەكان لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلی دۆستی خۆمان !
4 : - ئەو چەك و كەرەستە سەربازیانەشی كە دەمێنێتەوە و لە بنەرەتدا وادانرابوو ئەوانیش بدرێتە كورد ئینجا دەینێرین بۆ دۆستەكانی خۆمان لە لوبنان چونكە لەساڵی 1975 دا شەڕی ناوخۆ لە لوبنان دەستیپێكردبوو !
5 : - ئێمە لەسیاسەتی خۆمان بەرامبەر بەكورد بێئەخلاق بووین چونكە نە یارمەتیماندان ھەتا بەدەستھێنانی حوكمی زاتی و نە وازیشمانلێھێنان بۆ ئەوەی كێشەكانی خۆیان بەدانوستاندن لەگەڵ عێراق چارەسەر بكەن .
• ئینجا سەیری ئەو نموونەیە بكەن و بزانن ئەمەریكا چۆن خەریكی سیاسەتەكانی دەرەوەی خۆیەتی و چۆنیش زۆر بەئاسایی بەسیاسەتەكانی خۆی دەڵێت سیاسەتی بێئەخلاقانە جا كە ئەو خۆی بەخۆی بڵێت بێئەخلاق ئیتر تۆ چیی پێدەڵیت ؟ بەڵام چونكە ئەو سیاسەتانە بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان پێویستن ئەوان ئەو سیاسەتانە جێبەجێ دەكەن نەك ئەوەی كورد یان نەتەوەیەكی تر دەیەوێت . كەواتە جنێودانی بەشێك لە كورد بە ئەمەریكا لەبەر ئەوەی یارمەتیەكانی لە كورد دەبڕێت یان دەست لە كورد ھەڵدەگرێت ھیچ سوودی نیەو ھیچ دەردێكی كورد چارەسەرناكات بەڵكو چارەسەر ئەوەیە كە كورد خۆی بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە بكات و وەك چۆن ترەمپ دەڵێت یەكەمجار ئەمەریكاو ئەمەریكا پێش ھەموو شتێك كوردیش بڵێت یەكەمجار كوردستان و كوردستان پێش ھەموو شتێك واتە یەكەمجارو پێش ھەموو شتێك چ سیاسەتێك بۆ كوردستان باشە ئەوە بكەنە بڕیار . جا كورد ئەمە دەڵێت و ئەمە دەكات ؟ گومانم لە ھەموو كورد ھەیە مەگەر چەند كەسێكی زۆر كەم !

 

© 2017 Hawler