تشرینی یەکەم 17, 2019

هۆکاری گرژی و ئالۆزیەکانی عێراق چیە؟

سیامند سێلکی

 

چەند رۆژێکە گرژی و ئالۆزیەکی زۆر لەعێراقدا دروست بووە، هەندێك دەلێن ؛ئەمە خوپیشاندانی خۆرسکی جەماوەریە دژی گەندەڵی، هەندێکیش پێیان وایە ئەم گرژی و ئالۆزیانە دەرهاوێشتەی نزیک بوونەوەی عێراقە لە وڵاتی سین، هەندێکیش بەپێچەوانەی ئەمەوە باس لەوە دەکەن گوایە ئەم خوپیشاندانە دژی ئێرانە ! من پێم وایە ئەگەر بە وردی لەسەر رووداوەکان بوستین و خوێندنەوەیەکی لوژیکیانە بۆ شوێن و شێوازی بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەکان و ئەو هەلوێستە سیاسیانە بکەین کە هەندێ هێز لەئاست خوپیشاندانەکان نواندیان .ئەوە دەگەینە ئەو راستیەی کە پێشتر و بۆ هەندێ ئامانجی دیاریکراوی سیاسی نەخشە و پلان بۆ خوپیشاندانەکان دارێژراوە . واتە خوپیشاندانەکان نە پەیوەندیان بە برسێتی خەڵک و گەندەڵیەوە هەیە، نەپەیوەندی بەسەردانی عادل عەبدولمەهدی و شاندی فراوانی عێراقیەوە هەیە بۆ ولاتی سین، نە سەرهەلدانێکیشە دژی هەیمەنەی ئێران لە عێراقدا. کەواتە پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە چ هێز و لایەنێک نەخشە و پلانی بۆ خوپیشاندانەکان دارشتووە و ئامانجیشیان چیە ؟! من پێم وایە بۆ ئەوەی ولامێکی لۆژیکی و ئەقڵانی ئەو پرسیارەمان دەستکەوێت. دەبێت بگەرێینەوە بۆ چەند حەفتە بەر لەئێستاو، هەلسەنگادن بۆ چەند هەنگاوێکی بکەین کە لەم ماوەیەدا لەلایەن عادل عەبدولمەهدیەوە هاوێژران لەپێناو باشکردن و راستکردنەوەی بارودۆخی عێراق وەکو ولاتێکی خاوەن سەروەری . دیارە عادل عەبدولمەهدی وەکو سیاسیەکی سەردەمیانە و میان ڕەو لەگەل تۆخکردنەوەی ناکۆکی تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەییدا نیە و، پێی وایە پێویستە هەموو عێراقیەک بەبێ جیاوازی لەچوارچێوەی دەستوردا لەماف و ئەرکدا یەکسان بێت . لەسەر ئەم بنەمایەش سیاسەت و بەرنامەی حکومەتەکەی دارشتووە و، بەجدیش کاری لەسەر کردووە و دەکات. هەر بەم ئاراستەیەدا دووهەنگاوی دیار و کاریگەری ناوە و کارکردنیش لەسەریان بەردەوامە. یەکەمیان ئەوەیە کە زۆر جدیە لەوەی کە دەبێت کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەی دەستوردا چارەسەر بکرێن .لەو بارەوە زۆر هەنگاوی جدی ناوە . هەموو ئەو بریارە شۆفینیانەی هەلوەشاندەوە کە لەلایان عەبادیەوە دوای شازدەی ئۆکتوبەر دژی کورد و هەڵوەشانەوەی قەوارەی فیدرالی باشور دەر کرابوون. هەروەها دەرفەتێکی باش و گونجاوی بۆ هەولێرو بەغدا رەخساندوە تا لەرێگای گفتۆگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێن. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی هەولێر و بەغدا گفتۆگۆکان قوناغی باشیان بریوەو هەردوولا لەرێککەوتنی کوتایی نزیک بونەتەوە، هەنگاوی دووەمیش ئەوەبوو کە بۆ نەهێلانی نیگەرانیەکانی سوننە و چەسپاندنی یاسا لەناوچەکانی باشور و ناوەراستدا کۆمەلێک بریاری بۆ بەرتەسک کردن و سنوردارکردنی حەشدی شەعبی ناوە وەکو لادانی ئەبو مەهدی موهەندس لەسەرکردایەتی ئەو هێزە کە لەلایەن ئەمریکا و ولاتانی ناوچەکەوە بەتیرۆرست ناسراوە و، زۆر دژی پێکهاتەی سوننە بوو، دیسان بڕیاری ئەوەیدا کە دەبێت حەشدی شەعبی بچێتە ژێر فەرمانی وەزارەتی بەرگری و لەچوارچێوەی ئەو وەزارەتەدا بمێنێتەوە. ئەمە لەسەر ئاستی ناوخۆیی . لەسەر ئاستی نێودەولەتی و ناوچەکەشەوە لەپێناو گەرانەوەی شکۆ بۆ عێراق وەکو ولاتێکی بەهێز و خاوەن سەروەری، عادل عەبدولمەهدی سیاسەتێکی واقعی و سەرکەوتوانەی دارشت و کاری لەسەر کرد .بەم تێگەیشتنە سەردانی ولاتی سعودیای کردو لەرووداوەکانی بوردمانکردنی دامەزراوە نەوتیەکانی ئەو ولاتەدا هەلۆیستێکی واقعی و ژیرانەی نواندو زۆر رێکاری تۆندی گرتەبەر بۆ بەرتەسککردنی جموجولەکانی حەشد لەسەر سنورەکانی ئەو ولاتە . هەموو ئەم هەنگاوانە ئاماژەی رۆنن بۆ ئەوەی کە بەپەیرەوکردنی ئەم سیاسەتە عادل عەبدولمەهدی دەتوانێت ئارامی و ئاشتی کومەلایەتی و پێکەوەژیان بۆ خەلکی ئێراق بگەرێنێتەوە . دەتوانێت پەیوەندیەکانی ئێراق لەگەل ولاتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی بەرامبەر رێک بخاتەوە .دەتوانێت عێراق بباتە ئاستێک کە چیتر ولاتانی ناوچەکە وەکو پاریزگارێکی ولاتەکانیان مامەلە لەگەل عێراقدا نەکەن . بێ گومان ئەمە تەواو دژی ناکوکە لەگەل بەرژەوەندیەکانی ولاتانی ئەقلیمی و هاوپەیمانەکانیان لە عێراقدا .بویە لەپێناو ئەوەی کە ئێراق وەکو خانویەکی بێ دەرگاو پەنجەرە بویان بمێنێتەوە وەکو ئەوەی لەسەردەمی مالکی و عەبادیدا هەبوو، هەموو رێگایەک دەگرنە بەر تا بتوانن یان عدل عەبدولمەهدی لا بدەن و حکومەتەکەی هەلوەشێنن،یان بەلای کەمەوە ناچاری بکەن دەستبەرداری ئەو سیاسەتە بێت . بەلەبەرچاوگرتنی ئەم هەموو راستیانە دەگەینە ئەو باوەرەی کە ئێران و هاوپەیمانەکانی بەبیانوی دژایەتیکردنی گەندەلی، نەخشە و پلانیان بۆ خوپیشاندانەکان دارشتووە .ئەوەی زیاتر ئەم بوچوونە لەراستی نزیک دەکاتەوە ئەوەیە دوو سێ رۆژ دوای سەرهەلدانی خوپیشاندانەکان هاوپەیمانەکانی ئێران لەبەغدا (کەخۆیان داهێنەری گەندەلین لەعێراقدا) داوای هەلوەشانەوەی حکومەت و هەلبژاردنی پێش وەختیان کرد. رەنگە هەندێک لێرەدا ئەو پرسیارە بکەن و بێژن ئەگەر وایە ئیران و هاوپەیمانەکانی لەپشت خوپیشاندانەکانن .بۆلەلایان خوپیشاندەرانەوە دروشم دژی ئێران بەرز دەکریتەوە! من پێم وایە هەم ئەمە و هەمیش کوشتنی خوپیشاندەران بەشێکە لەو نەخشە و پلانە و، بۆ ئەوەیە لەلایەکەوە سەرنج لەسەر خویان لاببەن و کەس ئەوان تۆمەتبار نەکات، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ ئەوەیە حکومەت پێی تاوانبار بکەن، تا شەرعیەت بەداواکاریەکانی خۆیان بۆ روخاندنی حکومەت بدەن .بێ گومان لەم ناوەندەدا هەلۆیستی کوردو سوننەو بەشێکی شیعە تائێستا باش بوەو هەر ئەوەشە وایکردوە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بەبەهیزی بمێنێتەوەو خوپیشاندان سنوردار بکات .بەلام پیدەچێت لەناو هیزە کوردستانیەکاندا هەبن كە هەلۆێستیان تاکتیکی بێت و دوور نیە گۆرانکاری بەسەر هەلۆێستیاندا بێت و بچنە پال هەلۆێستی عەبادی و هاوپەیمانەکانی، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەروانی رووداوەکان دەکەن.

© 2017 Hawler