تشرینی دووەم 19, 2019

وێنەی وێنە، وێناکراوە.. دیموکراسی!!

غازی حەسەن

 

لە بەغدا و شارە شیعەنشینەکانی عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەیشتە قۆناغێک، کە پتر لەسەد کوژراو و بەسەدان برینداری لێبکەوێتە. سەدر داوای هەڵوەشانەی حکوومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، سیستانیش داوای چارەسەری خێرای کێشە و خزمەتگوازییەکان دەکات. حەلبوسی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پێویستی کرد، دەچێتە نێو خۆپیشاندەران. حکوومەتیش دەڵێت (تێکدەر و قەناسە بەدەستی نادیار) سێرەیان لەهاووڵاتیان گرتووە، ئێمەش قوربانی رووداوەکانین. گرنگ وێنەی نێو وێنە وێناکراوەکانی بەغدا ئەوە پیشان دەدەن، بەشێکی زۆری ئەو لایەن و هێزانەی لەنێو دەسەڵاتن، دەیانەوێت حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی بڕوخێنن، بۆچی و بەفەرمانی کێ بڕیاری وادەدەن؟ دانیشتنەکەی سەدر لەژێر پێی خامەنائی بێ هۆکار نییە. دروستکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەنێون عەبادی و حەکیم لەختوخۆڕا نییە. هێزەکان هەڵبژاردن دەکەن و دواتر دوای ململانێیەکی سەخت و شیر لەیەکتر هەڵکێشان دەسەڵات وپێش ئەوەش بەرژەوەندییەکان بەپێی ڕێککەوتن و هاوسەنگی لەنێوان خۆیان برابەش دەکەن. ئەمەش دەبێتە سەرچاوە بۆ ئەوەی هەمیشە لوغمە سیاسییەکان لەتەقینەوە بن، دواخستنی چارەسەری کێشە خزمەتگوزارییەکان و هێشتنەوەی دەرگای دەستێوەردانی دەرەکی بەکراوەیی و پیادەکردنی بەکردەوەی حکوومەت و دەسەڵات لەنێو دەسەڵاتدا، وێنەی وێنە وێناکراوی نمایشی سیاسی دەسوتێنێت. گرنگ سیاسەت لەقوڕ چەقیووە.
کورد و سونە لەم گێژاوە سیاسییەدا هەتا ئێستا تەماشاچین، هەرێمی کوردستان ئامانج و چارەسەری کێشەکانی چی دیکە لەڕووخاندنی دەسەڵات لەبەغدا نابینێت، ئەمە وێنەی وێنەیەکی وێناکراوی نوێی سیاسی هاوچەرخی کوردستانە. سونەش پێشتر خۆیان بەپێشەنگی بنکۆلكردنی دەسەڵاتەکانی دوای رژێمی سەدام حوسین دەزانی، بەڵام داعش وای هەڵتەکاندن، گەیشتنە ئەو بڕوایەی چی دیکە خۆ لەپێناو دوارۆژێکی نادیار نەپچڕنەوە.
ئەمجارە شیعە خۆیان خۆیان هەڵدەوەشێننەوە. وێنەی نێو ڕووداوەکان پیشانی دەدات، خەڵک (دروشم دژی ئێران دەدەن)، لایەنگرانی ئێران دەڵێن (ئەمەریکا ئەم بەزمەی دوای سەردانەکی عەبدولمەهدی بۆ چین) دروستکردووە. لەهەمان گاڤدا گوتاری وێنەی وێنە هەقییەکان تێڕوانین و هۆکار و پەیامی دیکەیان تێدایە. ئەوەی ڕوودەدات ئەنجامی بۆگەنبوونی کێشە لەمێژینەکانی سەردەمی نوری مالکی و عەبادی و ئەوانی دیکەن، چەندین ساڵە لەگەندەڵی و نادادپەروەریی و کاولکاری و حزباندنی هەموو جوومگە سیاسی و دادوەریی و ئیداری و سەربازی و ئەمنییەکان پەیدابوون. گوفەکی دەسەڵات هێندە بۆگەن بووە، هێزە شیعییەکان ئەمجارە خۆیان کەوتوونە نێو خۆیان.
دەسەڵات و هێزی خوێنکراسی لەعێراق پێشینەیەکی درێژ و پانوپۆڕی هەیە، سیاسەتێکی شیکاری پراگماتیکانە ئیدارەی قەیرانەکان ناکات، لەبەغدا ئەو هێزانەی بەڕۆژ لەحکوومەت و دەسەڵاتن، بەشەویش دەیانەوێت وێنەی وێنەیەکی دڕندانەی سەرکوتکرانە بەنێوی دادپەروەریی و نەهێشتنی گەندەڵی لەمێشک و دەروونی خەڵکدا وێنابکەن.
بەغدا دەکەوێت، چونکە لەبنەڕەتدا دەسەڵاتەکەی وێنەیەکی وێنا کراوی سەر کاغەزە. حکوومەت بەتف پێکهێنراوە، ڕووداوەکان وەکو گەمەی منداڵانی لێهاتووە، حزبە شیعییەکان ئاو لەکانیاوەکانی قوم دەخۆنەوە و ماسیش لەئاوی فورات و دیجلە دەگرن. سەرۆکی پەرلەمان و هەندێک پەرلەمانتار دەیانەوێت بەجووتێک سۆل و تیشێرتێکی ئاشقانە بچێنە نێو (عەقڵ و شەقام و ویژدانی) خەڵکەوە. پەرلەمان دەتوانێت بێ خوێن ڕشتن حکوومەت بوەستێنێت، بگۆڕێت و کۆتایی بەوێنە سیاسییە ترسناکەکان بهێنێت، بەڵام هەندێک لایەن و گروپ و کەس وەکو هەقایەتخوان دەیانەوێت ڕووداوی خەیاڵی و گوتاری وێنەی خایاڵئامێز لەنێو فلیمە قوڕاوییەکە، کە هێشتا دەرهێنەرەکەی نادیارە بەرێوەببەن.
ئەم وێنەیە، وێنەیەکی هزری و دراماتیکی و ترسناکی دروستکراوە، وێنەیەکە وێنەی واقیعی عێراقمان بۆ وێنا دەکات، هەندێک لەفەیس بووکچییەکان وەکو پلار دەڵێن، ئەوانەی ڕیفراندۆمیان کرد، بۆ ئێستا لەم گێژاوە نادیارەدا دەوڵەتی کوردی دروست ناکەن، هەندێکی دیکەش وەکو پرسیارێکی لۆژیکی دەڵێن هەفتەیەک پێش ئێستا، هەندێک چووبوونە بەغدا داوای (نەوت بەرانبەر بودجەی سلێمانیان) کردبوو.
وێنەی هەقیقی وێنەکانی بەغدا خوێناوین، سەختن، ترسناکن، پڕ پرسیار و ئەگەر و گریمانەن، دەستێوەردانە، خۆڕسکە، لەناوچەی شیعەن، گرێ و گرێچنەیەکی نوێی سیاسەتە لەبەغدا دروستکردووە، وێنەکە وێنەی هەژموونی دەرەکییە، کاردانەوەی ناعەدالەتی ناوەخۆییە، ئاگرێکە کۆتایی بەوێنەی وێناکراوی عێراق دەهێنێت، دژی ڕێککەوتن و سیاسەتی عەبدولمەهدییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ چین. دژی ئێرانە، هەرچییەک بێت وێنەیەکی خوێناوی دژ بەدیموکراسییە، نابێت هاووڵاتی بکوژرێت، نابێت لایەنەکان ڕێککەوتنی سیاسی بۆ تۆڵەکردنەوە بەکاربهێنن و خەڵک بکەنە قوربانی نێو وێنەی وێنە بۆکراوە بۆگەنەکەی بەناو دیموکراسی.

© 2017 Hawler