حوزەیران 23, 2018

سیامەند سێلکی

ساڵانه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا به‌بۆنه‌ی یادی کۆچی دوای باوکی روحی نه‌ته‌وه‌ی کورد، مسته‌فا بارزانی. به‌رپرسانی پارتی روو له‌بارزان ده‌که‌ن و له‌به‌رده‌م کامێراکاندا چه‌پکێک گوڵ له‌سه‌ر مه‌زاری پر له‌نوری بارزانی نه‌مر داده‌نێن . به‌رواله‌ت ئه‌مه‌ بۆ نوێ کردنه‌وه‌ی سۆز و وه‌فاداریه‌ بۆ ئه‌و ڕابه‌ره‌ مه‌زنه‌! من پێم وایه‌ ئه‌م شێوازه‌ ته‌قلیدیه‌ بۆ ڕێزگرتن یان نوێ کردنه‌وه‌ی سۆز و وه‌فاداری بۆ ڕابه‌رێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێری وه‌کو بارزانی نه‌مر نه‌ شێوازێکی ته‌ندروسته ‌و نه‌پێویستیشه‌. ڕێزگرتن له‌که‌سایه‌تی ئه‌و ڕابه‌ره‌ ئه‌فسانه‌یه ‌و نۆێ کردنه‌وه‌ی به‌ڵێن و وه‌فاداریش بۆ ڕێبازه‌که‌ی ده‌بێ به‌کرده‌وه‌ و پابه‌ند بوون بێت، به ‌نه‌هجی بارزانی نه‌مر. جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌مه‌ نه‌خواستی بارزانی نه‌مر بووه‌ و نه‌هیچ به‌رپرسێکی به‌رێزیش ده‌توانێت به‌و چه‌پکه‌ گوڵه‌ به‌واتا ڕاسته‌قینه‌که‌ی سۆز و وه‌فاداری خۆی بۆ رێبازی بارزانی نه‌مر بسه‌لمێنێت و نۆێی بکاته‌وه‌. خواست و ئاواتی بارزانی نه‌مر ئه‌وه‌بووه‌ چوون ئه‌و له‌ژیاندا خۆی به‌خزمه‌تکاری خه‌ڵک زانیوه ‌و به‌کرده‌وه‌ش خزمه‌تی کردوون به‌هه‌مان شێوه‌ ڕێبوارانی ڕێبازه‌که‌شی خۆیان به‌خزمه‌تکاری خه‌ڵک بزانن و به‌کرده‌وه‌ش خزمه‌تیان بکه‌ن. بۆیه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ به‌رێزانه‌ی له‌سه‌ر حسابی رێبازی بارزانی نه‌مر و له‌سایه‌ی خوێنی شه‌هیدانی ئه‌و رێبازه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ پله‌ی به‌رپرسیاریتی و له‌ژێر وێنه‌ی بارزانیدا له‌سه‌ر کورسی داده‌نیشن. پێویسته‌ له‌ئاست گه‌وره‌یی بارزانی نه‌مر و خوێنی شه‌هیدان و سه‌رۆک مه‌سعود بارزانیدا هه‌ست به‌و به‌رپرسیارێتیه‌ ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ بکه‌ن که‌ ئێستا ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانیان. هه‌لبه‌ت ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ش کاتێک به‌راست و دروستی پراکتیزه‌ ده‌کرێت که‌ به‌رپرسی پارتی له‌دام و ده‌زگاکانی حکومه‌ت و حزبدا پابه‌ندی ڕێنمایی و راسپارده‌کانی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی بێت و له‌کردار و ڕه‌فتاره‌کانی رۆژانه‌یدا گوزارشت له‌و بنه‌مایانه‌ بکات که‌ رێبازی بارزانی نه‌مر له‌سه‌ری دامه‌زراوه‌. واته‌ به‌رپرسی پارتی له‌ژێر هه‌یبه‌تی وێنه‌ی بارزانی نه‌مردا ئه‌بێ له‌کردار و ره‌فتاره‌کانیدا راستگۆیی، دادپه‌روه‌ری، ره‌وشت به‌رزی و دلسۆزی بۆ خاک و نیشتمان بکاته‌ پێوه‌ر و بنه‌ما و جێبه‌جێیان بکات. به‌مه‌ هه‌م وه‌فاداری راسته‌قینه‌یان بۆ بارزانی نه‌مر ده‌سه‌لمێنن، هه‌میش خزمه‌تێکی مه‌زن به‌و ئامانجه‌ پیرۆزانه‌ ده‌که‌ن که‌ رێبازی بارزانی نه‌مر و پارتی خه‌باتیان بۆ کردوه‌ و ده‌که‌ن، که‌ گرنگترینیان کوردستانی سه‌ربه‌خۆییه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ هه‌ر به‌رپرسێکی پارتی نه‌توانێت به‌کرده‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ له‌م بنه‌مایانه‌ بکات. گوناهه‌ بچێته‌ سه‌ر مه‌زاری پر له‌نوری بارزانی نه‌مر .
ئاخر ئه‌و به‌رپرسه‌ به‌ڕێزه‌ی له‌کاتی ده‌وامی فه‌رمیدا وه‌کو ئیمپراتورێک خۆی نمایش ده‌کات و ئیمپراتۆر ئاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل پێشمه‌رگه ‌و که‌س و کاری شه‌هیدان و هه‌موو جه‌ماوه‌ری دلسۆزی پارتی ده‌کات، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سودی بۆ پارتی و رێبازی بارزانی نه‌مر هه‌بێت، به ‌ڕه‌فتاره‌ نادروسته‌کانی هه‌م باری سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی قورس ده‌کات، هه‌میش زیانێکی گه‌وره به‌پارتی و رێبازی بارزانی نه‌مر ده‌گه‌ینێت .
که‌واته‌ به‌رپرسانی پارتی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌چه‌پکه‌که‌ گوڵێک و خۆ ده‌رخستنێکی رووکه‌شانه‌ رێز له‌خه‌بات و به‌رخودانی بارزانی نه‌مر بگرن، با رۆژانه‌ به‌روویه‌کی گه‌ش و کراوه ‌و دوو قسه‌ی خۆش پێشوازی له‌جه‌ماوه‌ری دلسۆزی پارتی بکه‌ن. یان له‌ڕێگای سه‌ردانی ماڵه‌ شه‌هیدێک یان پێشمه‌رگه‌یه‌کی پیر و په‌ککه‌وته‌ له‌خه‌م و ئازاره‌کانیان که‌م بکه‌نه‌وه‌. بێ گومان ئه‌مه‌ باشترین و راستترین رێگایه‌ تا هه‌ر به‌رپرسێک سۆز و وه‌فاداری و دڵسۆزی خۆی بۆ بارزانی نه‌مر و رێبازه‌که‌ی بسه‌لمێنێت. به‌م رێگایه‌ هه‌م روحی بارزانی نه‌مر شاد ده‌بێت، هه‌میش ده‌توانن ئه‌و باره‌ قورسه‌ سوک بکه‌ن که‌ ئێستا له‌ سه‌ر شانی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانیه‌ .

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.